چاویارنیوز _ دوای دەرئەنجامە باشەکانی شەش نوێنەری ئاسیا لە مۆندیالی 2026دا، یەکەمین شکست بۆ نوێنەرانی ئەم کیشوەرە تۆمارکرا. هەڵبژاردەی عێراقیی کە توانیبووی بە زەحمەتییەکی زۆر سەربکەوێت بۆ مۆندیال، بە ئەنجامی 4:1 لەبەرانبەر هەڵبژاردەی نەرویج شکستی هێنا.
لەم یارییەدا سەرەتا نەرویجییەکان بە گۆڵێکی ئێرلینگ هالاند پێشەنگی یارییەکەیان گرتە دەست، بەڵام هەر زوو “ئیمەن حسێن” بە تۆمار کردنی گوڵێک یارییەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام دواتر نەرویج 3 گۆڵی دیکەی تۆمارکرد و سەرکەوتنێکی باش و بەنرخی بەدەستهێنا.
بەم ئەنجامە یەکەم دۆڕانی تیپە ئاسیاییەکان لە مۆندیالی 2026 ڕوویدا. پێش عێراق ٦ نوێنەری دیکەی ئاسیا هاتبوونە ناو مەیدانەکەوە. کۆریای باشوور و ئوسترالیا لە چیک و تورکیایان بردەوە، ژاپۆن، قەتەر، سعودیە و ئێران بە ڕیزەوە لەگەڵ هۆڵەندا، سویسرا، ئۆرۆگوێ و نیوزلەندا یەکسان بوون، بەڵام عێراق کاتژمێرێک پێش ئێستا بە نەرویج دۆڕا و کۆتایی بە ڕیزبەندی بێ دۆڕانی هەڵبژاردە ئاسیاییەکان هێنا.
بەم دۆڕاندنە، پێدەچێت عێراق بەختی ئەوتۆی نەبێت بۆ پێشڕەوی لەم گروپەدا. هەڵبژاردەی عێراق لە یاری داهاتوودا دەبێت بەرامبەر فەرەنسا و سەنیگال یاری بکات، ئەگەر نەتوانێت خاڵە پێویستەکان لەم دوو یارییەدا بەدەستبهێنێت، ئەوا لە کۆمەڵەکەیەوە سەرناکەوێت.
لە کۆی ئەو هەڵبژاردانەی ئاسیا کە بەشداری مۆندیالی 2026 دەکەن، تەنها ئۆزبەکستان و ئوردن تا ئێستا یارییان نەکردووە. ئەمڕۆ کاتژمێر 7:30 خولەکی بەیانی ئوردن ڕووبەڕووی نەمسا دەبێتەوە، سبەی پێنجشەممە کاتژمێر 5:30ی بەیانی ئۆزبەکستان ڕووبەڕووی کۆڵۆمبیا دەبێتەوە.
No Comment! Be the first one.