چاویارنیوز ـــ “جێرمی دوکۆ” یاریزانی سەرەکی هەڵبژاردەی بەلجیکا لە یاری بەرامبەر بە ئێران بەشداری ناکات.
جێرمی دوکۆ، یاریزانی باڵی هەڵبژاردەی بەلجیکا و یانەی مانچستەر سیتی، لە قۆناغی دووەمی مۆندیالدا بەشداری یارییەکەی بەرامبەر ئێران ناکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی DAZN، دۆکۆ بەهۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدانەوە لەم یارییەدا ئامادە نابێت.
ڤینسێنت مانارت، بەڕێوەبەری وەرزشی فیدراسیۆنی بەلجیکا دەڵێت: “پشووی پێدەدەین و هەوڵدەدەین بۆ یاریی سێیەم ئامادەی بکەین”.
دۆکۆ یەکێکە لە یاریزانە سەرەکییەکانی ڕودی گارسیا ڕاهێنەری بەلجیکا. ناوبراو 44 جار لە ئەوروپا یاری بۆ شەیتانە سوورەکان کردووە و 7 گۆڵی تۆمار کردووە. پێدەچێت ترۆساد یاریزانی ئارسناڵ لە شوێنی ئەو، لە یاریگا ئامادە بێت.
پێشتر باس لەوە کرابوو کە ڕۆمیلۆ لۆکاکۆ، هێرشبەری یەکەمی تیپەکە، هێشتا نەگەیشتووەتە ئامادەیی بۆ دەرکەوتن لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەدا. بشترین گۆڵکاری مێژووی یانەی بەلجیکا لە نیوەی دووهەمی یارییەکەدا بەرامبەر میسر لە یاریگا هاتە دەرەوە.
هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی حوزەیران کاتژمێر 22:30 لە لۆس ئەنجلۆس ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی بەلجیکا دەبێتەوە.
No Comment! Be the first one.