چاویارنیوز _ میدیاکان بڵاویانکردەوە، پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، بەڕێژەی 12.70٪ دیاری کرا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوە و بەپێی داتاکان، رێژەی دانیشتووانی هەرێم 14.14٪ی کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، بەوەش هەر کەمکردنەوەیەک لەو رێژەیە کاریگەریی نەرێنیی راستەوخۆی لەسەر بەشە بودجەی هەرێم دەبێت.
بەپێی خەمڵاندنی گشتی، کۆی گشتیی بودجەی عێراق بە 160 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە. پسوولەی خەرجییە سیادییەکان و بودجەی حاکیمە کە بە 60 ترلیۆن دینار خەمڵێنراون لە کۆی گشتی دەردەهێنرێن، بەمەش 100 ترلیۆن دینار وەک بودجەی بەکاربردن و مووچە دەمێنێتەوە.
لە کۆی ئەو 100 ترلیۆن دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12 ترلیۆن و 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کە بەراورد بە بودجەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 3٪ زیادیکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها بۆ دابینکردنی مووچەی ساڵانەی مووچەخۆران پێویستی بە 11 ترلیۆن و 700 ملیار دینار هەیە.
پوختەی ژمارە و بڕگە سەرەکییەکان بەمجۆرەیە:
کۆی بودجەی گشتیی عێراق: 160 ترلیۆن دینار
بودجەی سیادی و حاکیمە: 60 ترلیۆن دینار
بودجەی بەکاربردن و مووچە: 100 ترلیۆن دینار
پشکی هەرێمی کوردستان (12.70٪): 12.7 ترلیۆن دینار
No Comment! Be the first one.