چاویارنیوز – ٢٥٠ رۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت و هێشتا ئەم خولەی پەرلەمان سەراوبن هەڵواسراوە و وەک نەبوو وایە(چەندرۆژێک دوای ئاشکرابوونی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، لە کەناڵی پەیام بەرنامەیەکم کرد و پێشبینی ئەو هەڵواسینەی لایەنەکانم کردووە. بەمحاڵە جوانەی پەرلەمانی کوردستانیشەوە هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیپێکردووە و لە ئێستاوە تا مانگی ١١ ئێجگار زۆرە فەزای گشتی و میزاجی خەڵک بەو بێمووچەیی و بێ گوزەرانییە گوێبیستی دەیانجۆر موزایەدە و بەڵێنی درۆ و قەوانی دووبارە بێت.
بەشێک لەو پەرلەمانتارانەی کە بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان سەرکەوتن بە ڕادەیەک بێهیوابوون لە پەرلەمانی کوردستان، خۆیان بۆ عێراق کاندید کردووە، ئەمە ئەگەر لەبارێکیدا گوزارشت بێت بۆ بێهیوابوون لەپەرلەمانی کوردستان گوزارشتە لە زۆر قەیرانی دیکەش کە دەشێ یەکێکیان بریتی بێت لە ئەزمەی کادر و خەڵکی لێهاتوو، ئەم هەڵبژاردنە هەمان کۆمسیۆن بە هەمان شێواز و رێکار لە سایەی هەمان دەسەڵاتی حزبییدا ئەنجامی دەدات، ئەوانەی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بوون سەختە بتوانن قەناعەت بە خەڵک بکەن کە لە سایەی هەڵبژاردنێکی پاکدا دەنگ دەدەن.
وەک دەیانجاری تر گوتوومە بلۆکی دەسەڵات لە هەرێمدا ڕوونە و ژمارەی ئەو کورسیانەی چاویان لەسەریەتی دیسان ڕوونە، حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات (کە گومانم نییە لەوەی هەندێکیان هی دەوری دەسەڵاتن) لەگەڵ هەوڵ و جوهدی زۆر بۆ کۆکردنەوەیان دیسان پەرت و دابەشن بەسەر ژمارەی بچوک و کورسی و دوو کورسیدا، واتا نەیانتوانی بلۆکێکی یەکگرتوو دروست بکەن بەرامبەر دەسەڵات هەوڵێک کە لە ٢٠٢١ ەوە نوسەری ئەم دێرانە و چەند هاورێیەکمان کارمان بۆ کردوو پاش زیاتر لە چوار ساڵ لانیکەم من بەتەواوی لێی بێهیوا بووم، حاڵەتێک کە هێندەی دیکە بێهیوایی لە ئەنجامەکانی هەر هەڵبژاردنێک زیاد دەکات. لەبەر ئەوەی (سوپاس بۆ خوا ) بەشێک نیم لە هیچ حزب و لایەنێک، دوور و نزیک پەیوەندیم بەم هەڵبژاردنەوە نییە، نە کاندیدم و نەبەناراستەوخۆش بێت پشتیوانی هیچ لایەنێک، هیچ حەماسێکیشم بۆی نییە، هۆکارەکەش روونە ڕای من ئاشکرا بوو لەسەر جۆری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و دەرەنجامە خراپەکانی، ناچار نیم پێچەوانەی قەناعەتەکانی خۆم بدوێم و بڵێم هەڵبژاردنێکی جیا دەبێت. هەڵبەتە لەگەڵ پاراستنی ئەو قەناعەتە جێگیرەم کە هەڵبژاردن یەکێکە لە رێگا ڕاستەکان بەڵام قووڵ هاتومە سەر باوەڕی ئەوەی کام جۆری هەڵبژاردن. ئەگەرچی بەداخەوە پێموانییە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم باشتربێت، بەڵام بەلامەوە ئێجگار گرنگە لایەن و کاندیدەکانی بەشداربووی ئەم هەڵبژاردنە لە سەردیات و گێرانەوە نەریتی و دووبارەکان دووربکەونەوە و پەنا نەبەن بۆ ململانێی میدیایی فەیک و سیناریۆی دروستکراو.
خراپترین هەڵبژاردنم لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن پێ باشترە، دیسان ئەوەش باوەڕێکە کە جێگیرە لام بەڵام بە کردەوە ئەو ڕاستییە سەلماوە کە هاوکێشەی هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستاندا زۆربەی جار هێندەی هەمان هاوکێشە بەرهەم دێنێتەوە هێندە دۆخی نوێ ناخوڵقێنێ جا ئەگەر ئەوەش لەولا دانێین کە حزبەکان لە دووبارە هێنانەپێشەوەی دەموچاوە شسکتخواردووەکان (بە رێژەیش بێت کێشەم لەگەڵ ئەوانەدا نییە کەسەرکەوتووبون لەکارەکانیاندا و بەلانیکەمی ڕۆڵی خۆیان هەستاون،دۆخێکیان خوڵقاندووە کە قووڵ لەوە تێبەگەیت بۆچی هەموو هەڵبژاردنێک (بایکۆت) وەک هەڵوێستێکی کارا دژی هەڵبژاردنەکان هێندە فراوانە.
*ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ئەزمەی کادر و خەڵکی لێهاتوو؛
دوای ٢٥٠ ڕۆژ هەڵواسینی پەرلەمانی کوردستان، کام هەڵبژاردن / هۆشیار عەبدوڵڵا
لەگەڵ پاراستنی ئەو قەناعەتە جێگیرەم کە هەڵبژاردن یەکێکە لە رێگا ڕاستەکان بەڵام قووڵ هاتومە سەر باوەڕی ئەوەی کام جۆری هەڵبژاردن. ئەگەرچی بەداخەوە پێموانییە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم باشتربێت، بەڵام بەلامەوە ئێجگار گرنگە لایەن و کاندیدەکانی بەشداربووی ئەم هەڵبژاردنە لە سەردیات و گێرانەوە نەریتی و دووبارەکان دووربکەونەوە و پەنا نەبەن بۆ ململانێی میدیایی فەیک و سیناریۆی دروستکراو.

No Comment! Be the first one.