چاویارنیوز – ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لەوتارێکدا کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی دەنووسێت.
مام جەلال، مرۆڤێک لەوسەری ژیانکردندا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
وەک مام جەلال خۆی دەڵێت “مردن دوو جۆرە”، جۆرێکیان تەنها نائامادەیی کەسێکە لە رووی جەستەییەوە، ئەگینا هەمیشە خاوەن زیندوێتییەکی فرە شوناس و فرە ناو و فرە پانتاییە، هەر مرۆڤێک زیاتر لە ناوێکی هەبێت، توانی لە زیاتر لە پانتاییەکی کۆمەڵگەدا کاربکات و سێبەری خۆی بەسەر چەندان بواری جیاوازەوە جێبهێڵێت، ئەوا لەو مرۆڤانەیە کە فەزڵی بەسەر ژیان و کۆمەڵگەوە دەمێنێتەوە و هیچ هێزێکی دەستکرد ناتوانێت کۆتایی پێبهێنێت.
مام جەلال لەو کارەکتەرانەیە کە خاوەنی (فرە ناو و فرە پانتایی و فرە سێبەرە) وەک چۆن خاوەن هوشیاری و لێزانینە لە فرە پانتاییدا، ئاواش فرە کارەکتەرە بۆ کایەی جیاوازی کوردستانی و عیراقی، ئێستا ئەگەر بە جەستە ماڵئاوایی لێمان کردبێت، ئەوا بوونی ئەو وەک هەڵگری ناوی سەرکردە و یاساناس و رۆژنامەنووس لە فرە پانتایی “سیاسی، شۆڕشگێڕی، دیپلۆماسی، رۆژنامەنووسی، یاسایی ….هتد”دا، هۆکاری بەزیندووهێشتنەوەیەتی لە دیوێکی تردا.
کەم مرۆڤ هەیە، یەک کارەکتەربێت و دەیان سێبەری هەبێت، کەم سیاسی هەبووە وەک مام جەلال لە کاتێکدا تەواو سیاسی دەرکەوتووە و بینراوە، بەڵام سێبەری شارەزایی لە زمان و ئەدەبیات و یاسا و حیکایەتخوانیشی هەبووە، لە روانگەی ئەم فرە سێبەریی و فرە پانتاییەوە لە شوناسی مام جەلالدا دەبینرێت، ئەو گوتەزایە دەبێتە راستیی کە دەگوترێت “مێژوو سەد ساڵ جارێک مرۆڤێکی هاوشێوە بەرهەمدێنێت”، واقیعیەتی ئەم قسەیە لەوێدایە، مێژوو فریای ئەوە ناکەوێت زوو زوو ئەم چەشنە کارەکتەرانە ببەخشێتە کۆمەڵگە و گەلان، دەرکەوتنی مرۆڤی فرە ناو و فرە سێبەر و سوارچاکیی فرە پانتایی وەک مام جەلال ئاسان نییە. وەک چۆن بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە کارەکتەرە بۆ مێژوو ئاسان نییە، ئەوا بۆ ئێمەیش ئاسان نییە لەدوای ئەم هەموو سێبەرەی تاڵەبانی کۆچکردوو بگەڕێین و بمانەوێت ئاشنای مێژووی تەواوی ئەم سێبەرانەی تاڵەبانی بین بەسەر سیاسەت و شۆڕش و یاسا و رۆژنامەگەرییەوە. کارێکی قورسە لەنێوان چەندێتی کارەکتەری مام جەلال دا، یەک جۆر شوناس دیاری بکەین و پێمانوابێت مام جەلال ـ مان ناسیووە.
فرە ناوهێنانی (تاڵەبانی) لە پانتایی جیاوازدا، لەکاتێکدا شایشتەییە و بەرهەمی مێژووی دوورودرێژ و قاڵبووی خۆیەتی، یەکێکیشە لەو پاڵنەرانەی کە کۆمەکی بە مانەوەی ئەو کردووە وەک زەرووریەتێکی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانیش، دەرکەوتنی مام جەلال جارێک وەک رابەر و شۆڕشگێڕ، جارێک وەک سەرۆک، جارێک وەک حاکم و جارێکیتریش وەک ڕۆژنامەنووس، وایکردووە مام جەلال لەو سەری زیندوێتی و ژیانکردندا بێت و لە زۆربەی سەرکردەکانی جیهان زیاتر ناوێکی زیندوو و درەوشاوەبێت، ئەم فرە ناوییەش یەکێکی ترە لە مانەوەی تاڵەبانی وەک مرۆڤێکی هەمیشە پێویستە، لەناو ئەم شوناسانەدا، قورسە ئێمە فەزڵی شوناسێکیان بدەین بەسەر شوناسێکی دیکەی تاڵەبانیدا، جیاکاری لەنێوان ڕۆژنامەنووسی و سیاسیبوونی تاڵەبانی، نەک ورددەبێت بەڵکو ئەستەم دەبێت.
هیچ پێوەرێکی زانستی نییە پلەبەندی ئەوە بکات، کام پانتایی کارکردن لە شوناسی تاڵەبانیدا یەکەمە؟، ئەی کام ناولێنان لەتاڵەبانی (سیاسی، یاساناس، رۆژنامەنووس و سەرکردە و رابەر) پێیەک لە پێشترە بۆ ناساندنی ئەم کارەکتەرە؟ هەموو ئەمانە پێکەوە چەپکێک شوناسن وادەکەن رۆڵی ژینگە ون ببێت لە ناساندنی تاڵەبانی دا، ئەوەندەی تاڵەبانی هۆکارە بۆ ناساندنی شوێن لە کوردستان یان عیراق، ئەوەندە شوێن پاڵنەرنەبوو بۆ گەورەکردنی (مام جەلال)، واتا لە هەر بوار و پانتاییەکدا کاری کردبێت، ئەو شوێنی لەگەڵ خۆی بردووە و ناساندوویەتی بە دەرەوە، نەک شوێن ئەو ببات و شوناسی پێببەخشێت، ئەم سیفاتە تەنها لە مام جەلالدا هەبووە، وەک چۆن دەتوانم بڵێم پۆستەکان شانازییان بەوەوە کردووە هی مام جەلال بن، نەک مام جەلال شانازی بە پۆستەوە بکات.
No Comment! Be the first one.