ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
خراپترین جۆری داخران، داخرانی عەقڵە، وەک چۆن هەتا عەقڵ لە داخراندا بمێنێتەوە، ئەوا کرانەوەی عەقڵیش دوادەکەوێت و نایەتەبوون. هەر ئەم داخرانەیش وایکردووە خراپترین جۆرەکانی پێکدادان و ناکۆکییەکان و خوێنڕشتنەکان، ئەوانەن کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕ سەرهەڵبدات، لەم خاڵەوە دەکرێت بڵێین؛ ئەو کوشتار و ماڵوێرانییەی لە مێژووی سەردەمە جیاوازەکاندا روویانداوە، زۆرینەی لەسەر بنەمای نەخوێندنەوەی یەکتر و جیاوازیی ئایدۆلۆژی و باوەڕ و عەقڵ بووە.
رووداوەکانی ئەمڕۆژانەی دوایی سوریا و جارێکی تر داخرانی ئەم سیستمە سیاسییەی ئێستا بە رووی مافەکانی گەلی کورددا، زادەی داخرانی عەقڵی سیاسیی و ڤەندەمێنتاڵیستیی سورییە، ئەو ڤەندەمێنتاڵیستەی کە ساڵانێک خودی محەمەد جۆلانی خۆی پێشەوایەتی دەکرد و خوێنی هەزاران سوریی رشت، تا ئەم عەقڵە داخرانی مێژوویی خۆی تێنەپەڕێنێت و بازدانی گەورە نەکات و نەکرێتەوە بە رووی ناوخۆ و جیهاندا، ئەوا هیچ زەمانەتێک بۆ راوەستان و تێپەڕاندنی پێکدادانە ناوخۆییەکەی سوریا نییە، بەپێچەوانەوە ژینگە و بەشێکی کۆمەڵگەی سوریا لەدوای 24ی 12ی 2024ەوە، ئەوەی بورکانی راستەقینەی ناخی بوو لەگەڵ ویستەکانی جۆلانی یەکیگرت و تەقییەوە بە رووی هەموو پێکهاتە و هێزە تۆلێرێنس و دیموکراتەکانی سوریادا.
ئێستا شەڕی داخرانی زیاتری سوریا تەنها دژی سەرۆکێکی کاتیی ڤەندەمێنتالیست و هەڵگری پاشخانێکی توند و وێرانکەری وەک جۆلانی نییە، بەڵکو داخرانی گەورەی عەقڵ لەو شوێنەدایە، سوپایەکی 150 هەزارکەسیش هەڵگری هەمان لۆژیکن و دەبن بە مێژووی سوریا و دەبێت شەڕی ئەو مێنتاڵێت و داخرانەش بکرێت، دەبێت ژینگەی سوریی سەرلەنوێ تەنزیف و تەلقیح بکرێنەوە تا ئەو ڤایرۆسە گوشندەیە لەناو ببرێت.
ئەحمەد شەرع (یان، لە روانگە فیکرییە داخراوەکەیەوە راستترە بگوترێت، محەمەد جۆلانی)، دیارترین کارەکتەری ئێستای بەردەم ئەم فۆرمەیە لە ناکۆکی و کوشتار و رەتکردنەوەی هەموو ئەوانی تر، جۆلانی لەبەرئەوەی کوڕی ناو مێنتاڵێت و عەقڵێکی داخراوی توندە، دوای ئەوەی گەیشتە دەسەڵاتی کاتی سوریا، هەموو وێنە و سیگناڵەکانی ئەم داخرانە مەترسیدارەی لەگەڵ خۆیدا گەیاندە لووتکە و لە درۆزەکانەوە بۆ عەلەوییەکان و دواجار تا دەگاتە کورد، کەوتە شەڕی کۆتاییپێهێنانی بیرکردنەوە جیاوازەکانی تر و راستەوخۆش هەوڵی جێگیرکردنی ئەم بیرکردنەوە توندئاژۆیە دەدات لە واقیعدا، ئەمەش پێماندەڵێت هیچ خاوەن بڕوایەکی راستەقینە (لە چەپەوە بۆ راست)، ناتوانێت دژی فیکرەکەی خۆی بووەستێتەوە و تێیپەڕێنێت، هەر ئەمەش وادەکات ئەو کوشتار و خوێنڕشتنەی لە کەناراوەکانی سووەیدا و شێخ مەقسود و ئەشرەفیەدا جۆلانی بەرهەمیهێناوە، بەتەواوی کوڕی شەرعی فیکر و بۆچوونەکانی خۆی بێت.
خۆدانەماڵینی جۆلانی لەو ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوە ڤەندەمێنتاڵیستییە دۆگمایە، نەک خراپ و مەترسیدارە، تەنانەت سوریا دەخاتەناو گێژاوی خراپتر و خوێنڕشتنی زیاترەوە، لە باریی فیکریشەوە؛ دواجار جۆلانی لەمە زیاتری پێنییە و پێیناکرێت بۆ سوریا و سورییەکان، ئەم (دادگای پشکنین)ە جۆلانی لە سوریادا دایناوە و دەیەوێت هەموو پێکهاتە و بیر و بیروباوەڕێکی جیاواز دادگایی بکات، هەمان (دادگای پشکنین)ی فەرەنسای سەردەمی لویس و پێکدادانە فیکرییەکەی پێش شۆڕش و رێنیسانسە کە پرۆتستانت و کاسۆلیک پێشکەشیان کرد، یان بە مانایەکیتر، دیوی دووەمی ئەو (دادگای هاووڵاتی)یەی سەدام حوسێن_ە کە هیچ هاووڵاتییەک نەبوو نەچێتە بەردەم ئەو دادگایه و سەری بۆ نەوی نەکات، هەر ئەو دادگایەش مێژووی کوشتاری شیعە و سوننەی نوێکردەوە.
دەرکەوتنی محەمەد جۆلانی مادام زادەی وەرچەرخانە ناوخۆییەکەی سوریایە، پێیوتین ئەوەی لە سوریا روویدا شۆڕش نەبوو، شۆڕشێک نەبوو هاوشێوەی شۆڕشی فەرەنسی و بۆ کرانەوەی عەقڵ و تێپەڕاندنی ڤەندەمێنتالیستی سوری و عەقڵیەتی جۆلانی و مەفهومی شام بێت، ئەم عەقڵەش وایکردووە هەموو ئەو هاوشێوانەی جۆلانی کە دژی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتن لە سوریادا، پشتیوانی جۆلانی بکەن و هەمیشە پەلاماریی جیاوازییەکان بدەن.
No Comment! Be the first one.