چاویارنیوز – ستران عەبدوڵڵا نووسەر و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکدا کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی، دەڵێت:
————
ئەم میللەتە مەزنترین میللەتەکانی سەر زەمینە .بەردەوام دەرس و وانە و پەیام و ئەزموونی پێیە.
دابەش و کەرتبوونی کورد لە نێوان وڵات و نەتەوەکانی ناوچەکە رووداوە هەرە ناخۆشەکانە، بەڵام ئەم ناخۆشییە هەرچۆنێک بێت لایەنێکی ئیجابی تیایە کە میللەتەکەمان هەزاران ئەزموون و شارەزایی و مەزنایەتی لە دەوروبەری فێر بووە. بەڵێ وایە ! دەکرا بێ دابەش و بێ بەخت ڕەشی هەر شت فێر بونایە و هەر تاقیکردنەوەمان لە چوار میللەت و زیاترمان وەربگرتایە
بۆ کوردستان وەک دەزانین، چواردەورمان چاوتێبڕینیان هەیە، بەلام لەکەرکوک ، لە ناوەوە، چوار میللەتەکە سەرەڕای کاریگەری ئیقلیمی، ئەزموون بەرجەستە دەکەن و بەریەک کەوتنیان هەیە و ئاوێتە دەبن، راستێکەی کەرکوک عیراقی بچوک نییە، بەڵکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی بچوکە.
ئێستا لەم دۆخەی پایزی وەرز و بەهاری روو لەهەڵبژاردنی گشتی ، وا دەرس وەردەگرین و لە نزیکەوە شت لە میللەتەکەمانەوە فێر دەبین. وای چ دەرسێکی گەورە و چ سندوقێکی سیحراوی و زێڕین دەدۆزینەوە ودۆزیومانەتەوە؟
لە ئەزموونی جارانەوە سەرۆک مام جەلال لە سمینارێکی دەوڵەمەندی کەرکوکدا باسی دیموکراسی و ئامرازی هەڵبژاردن و رۆڵی دەستەی هەڵبژێردراو دەکرد.
مام جەلال لە زمانی مامۆستا برایم ئەحمەدەوە گێرایەوە کە دەتوانین هەڵبژاردن بکەینە دەرفەت بۆ خۆناساندن و رەوتی تێکۆشان ناسی . هەڵبژاردن و وێستگەی ناساندنی حزب و بزووتنەوەکەمان و پەسەندکردنی تێکۆشانەکەی لە رێی رزگاری و سەربەخۆییدا.
ڕاستە و وایە هەڵبژاردن بۆنەیە بۆ نزیکبوونەوە لە میللەتەکەمان، بۆ تێگەیشتن لە ئازار و مەینەتییەکان، لە ڕاز و نیاز و هیواکانی گەلەکەمان . هەڵبژاردن هەر شێوەیەکی دیموکراسی بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکان و کارەکتەرە سیاسییەکان نییە، بەڵکو بۆنەیەکی جەماوەری گەورەشە بۆ ئەوەی نیەت و ئامانج و بەرنامەی خۆمان کە بۆ خەڵکی خۆمانە، بە خەڵکی خۆمان بناسێنین.
ئێمە ئەگەر لە جوڵانەوە و شۆڕش و خەباتدا ئیدعای نوێنەرایەتی خەڵک و پێشرەوییان دەکەین، ئەگەر لە هەموو هەنگاوێکیاندا باسی ئەوە دەکەین ئەم شتە لەبەر بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵک دەکەین، خۆ دەبێ لەوادەی هەڵبژاردن و کەمپینی ناساندنی حزبەکەمان و روونکردنەوەی بەرنامە و ئامانجماندا لەگەڵ خەڵکی خۆمان ئاوێتە ببین ، قسەیان لەگەڵ بکەین و قسەیان لێ وەربگرین. هەوڵبدەین بەقسەمان بکەن و هەوڵدەین بە قسەیان بکەین.بۆ یەکتری بیسەلمێنین و بۆ یەکتری داینەوێنین.
ئەم پەیوەندییە سەمیمی و گەرمو گوڕە لە دڵەوە بۆ دڵە و قسە گۆڕینەوە و پێک گەیشتن و تێگەیشتنی دوێت.
رێورەسمی خەڵکی دێتن و خەڵک دواندن لە بۆنەی کەمپینی هەڵبژاردن و هەڵڵای ڕای گشتییەوە دێتە کایەوە.
ئۆفیس و بارەگا و قەڵای سیاسی حزب یەکێک لە سەدان بۆنەی ژوان و پێکگەیشتن و گۆڕینەوەی بیروڕا و بەرژەوەندی باڵای خەڵکە. بەڵام بۆنەکانی تر کاریگەرترە. بۆنەکانی چوون بۆلای خەڵک و سەردان و بەسەرکردنەوەیان لە خۆشی و ناخۆشی، لە سەلامەتی و نەخۆشی، لە بیماری و بێداری، زۆر پێویستن .ئێ ئەگەر لیستی ئەجیندا و داخوازی و مافەکان تۆمار بکەین خۆ دەبێ، لای خاوەن داخوازییەکە بین و روخسەتی نوێنەرایەتی و (میللەت وەکیلی) لێ وەر بگرین.
هەڵبەتە لەم دووڕیانەدا لە نێوان بیروکراسی ئۆفیسەکان و هەڵای بێ بنچینەی پۆپۆلیزمدا رێگای تەخت و زێڕینی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و لێکگەیشتن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک هەیە.
رێگاکە فێڵبازی و شەعبەویەتی فریودانی خەڵک نییە و رێگاکەش لوت بەرزی و خۆ دورخستنەوە لە خەڵک و بڕیاری غیابی و غەیبوبە و غەبائی بیروکراسی نییە.
ڕێگا ڕاستەکە چوونە لای خەڵک، لای چین و توێژەکان و گفتوگۆیە لەگەڵیان، پێکسەلماندن و بۆ یەک سەلماندنی ڕاست و دروست، شیاو و نەشیاوی داخوازییەکانە. چوونەوە بۆ لای خەڵک و دەرگا بە دەرگای هەڵبژاردن و پرسیارکردنە لە نموونەی کێشە و گرفتەکانیان. ریزبەندی کردن و پۆلێنکردنی ئەولەویاتەکانە.
ماڵی خەڵک و خێزان، روخسەتی سەردان و بەشداری سفرە و دەمەتەقێ لەگەڵیان، لەگەڵ باوک و دایک، خوشک و براو ژن و منداڵ و باپیریان ، وانەی ڕۆژانەی فێربوون و لێوەرگرتن، بەیەکەوە دانیشتن لە هەیوان، لە باخچەی خنجیلانەی ماڵێک یان لە دالان و دیوەخانی ماڵە دراوسێ و دۆست و ناسیاوێک سەد دەرس زیاتری تێدایە لەسەد سمینار و وۆرکشۆپ و دیبەیتی ڕەسمی و دیبلۆماسی لەگەڵ دەستەبژێردا.
زۆر گرنگە هەموو تێکۆشەرێک، هەموو خزمەتکارێکی میللەت و هەموو (میللەت وەکیلییەک) ئەم ئەزموونە ببینێ و تێیدا بژێت. لێی فێربێت و لە پەنایەوە شتێکیش فێر بکات.
دانوساندنی میللی و دیداری ڕووبەڕووی چین و توێژەکانی خەڵک و ژیان و گوزەرانیان دەخاتە سەر پلێت.
لەم دیتن و دیدارانەدا شێوەی رێکخستنی ماڵ، رەنگکرنی پەنجەرە و دیوار و تاق و ڕاڕەوی ژووری میوان و مەتبەخ دەبینی.
کەلتور فێر دەبی و دابو دەستوری کوردەواری دەناسیت و بەرخوردیان لەگەڵ دەکەین. رازاندنەوە و دیکۆری سادە و جوان و گرانبەهاو زەق و دوبالەغە و خەرجی زۆر و کەمدەبینین.سادەیی و ساداتی، خانە جوانی و خانەدانی و خاکەڕایی دەبینیت.
دەزانی میللەتەکەت چۆن دەژێت و بەراورد دەکەیت کە خۆت و خەڵک چۆن ژیاون و چۆن ناژین؟ .
لەم بۆنانەدا دەزانی چەند لەم میللەتەی خۆت لێوەی هاتووی چەند دوور و نزیک ماویتەوە و چۆن رێڕەوەکە و ئامانجەکانیانت لە بیرە و چەند پابەندی و چەند سەرچێغ چووی؟
گرنگە هەموومان بە کردەوە، نەک لەسەر ستەیج و شانۆی سیاسەت.
خانووە قوڕەکان بەسەر بکەینەوە، بزانین کوێ خشتە و کوێ ئابوگە، کوێ گەچ و قایە و ئاغاتمەیە؟
ئەم میللەتە مەزنە گەورەترین قوتابخانەی کردارەکی بەسەرهات و ژیانە.
دەوڵەمەندترین ئەزموون تێکەڵبوونەوەیە بە خەڵکی خۆمان. بە زمان و شێوەزار و شێوە قسەیان، بە نوکتە و گێڕانەوە و ئاخ و داخیان.
لە هەر ماڵێک بیرمەند و سیاسەتمەدار، ئازادیخواز و ئازار ژیاو دەبینیت کە هەقە گوێیان لێ بگریت و بۆ سەرمایەی داهاتووی حزب و بزووتنەوەکەمان فەرموو فەرموویان لێ بکەین، وەکو ئەوان فەرموو فەرمووی ماڵی خۆیانیانت لێ دەکەن. وەبەرهێنانیان تێدا بکەین، خۆشت و ئەزموون و بزووتنەوە سیاسییەکەتی پێ مشتوماڵ بکەیتەوە.
هەڵبەت لەم کایەدا شتی سەیروسەمەرە و لابەلاش دەبینی، بەڵام بۆ ئینساف و بۆ هاوسەنگی و هەڵسەنگاندن، ئەوانە هیچ نین لەچاو گەنجینەیەکی ئەزموونی جوان و بیرۆکەی ڕەوا و ڕەسەن و نوێباو.
بۆنەی هەڵبژاردن و کەمپین ئەم تاقیکردنەوە مەزنشی تیایە، نەک بۆ یەک خولی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی، بەڵکو بۆ سەد ساڵی کوردایەتی و حزبایەتی و داهاتوو.
No Comment! Be the first one.