ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
یەک لە هۆیەکانی پچڕانەوەی هەموو دانەکانی میللەتی کورد، نەبوونی ئیمامە، پێشەوا، ڕابەر، سەرکردە، کاریزما، باوکی ڕۆحییە. بەدرێژایی مێژوو؛ کورد ئەم بۆشاییە گرنگەی بۆ پڕ نەکراوەتەوە، لەوێستگەکانی مێژوودا کەسێک یان سیاسییەک بەناوی باوکێکی ڕۆحییەوە نەهات تا ببێتە بزووێنەری مێژوویی و بۆ هەتاهەتایە کورد لە خاڵێکی لاواز و پڕ کۆژان و بێدەوڵەتی و بێکەسییەوە بازدانێک پێبکات و بمانباتە قۆناغێکی دیکەوە.
سیگناڵ و شێوەکانی باوکی ڕۆحی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، جگە لە هەوڵێکی ڕابەری کورد مام جەلال کە لەوێستگەیەکی شەڕی ناوخۆدا دەردەکەوێت، ئیدی شتێکی دیکەمان نییە لەو وێنەیە.
لەدوای کۆچیی دوایی مام جەلال، دەرفەتێکی گەورە بۆ کەسی یەکەمی کوردستان (ئەوکات مەسعود بارزانی بوو) هاتەپێش “بە ئێستاشەوە”، تا ببێتە بزووێنەری مێژوویی و باوکی ڕۆحی کورد، بەڵام نەیتوانی، بارزانی لەو ئاستەدا وێنەی خۆی نەخستە مێشک و هزری تاکی کوردەوە کە هەموو سنوورە حزبی و جوگرافی و ئایدۆلۆژی و ماددی و دەسەڵاتخوازییەکەی تێپەڕێنێت و بەناوی کوردبوونەوە هەنگاوی کردەیی بنێت، بەدرێژایی تەمەنی سیاسی (بارزانی) وێنەیەکی نییە لە مانا قووڵەکەیدا وەک باوکی ڕۆحی دەرکەوتبێت، ئەوە جگە لەوەی نەیتوانیووە وێنەکەی بپەڕێنێتەوە بۆ بەشەکانیتری کوردستان.
پێکهێنانی هەموو حکومەتەکانی هەرێم، یان سەرەتای هەر خولێکی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق، ئێمە وێنەی بارزانی لەمس دەکەینەوە، وێنەیەک کە هیچ دەستکارییەکی تێدا نییە، هیچ هێمایەکی بەباوکبوونێکی ڕۆحی هەڵناگرێت و پەیامێکی تەواو حزبییانەی دەسەڵاتخوازانە ئاراستەی یەکێتی و هەموو هێزەکانی هەرێم دەکات، ئەم وێنەیەی بارزانی نەک تەنها بەلای یەکێتییەوە بەڵکو بۆ هیچ کوردێکی دەرەوەی یەکێتییش لەو ئاستەدا نابینرێت و مێژوویی نییە، مەبەست لێی یەکێتی کورد و خاک و ئەجێندا و ویستە باڵاکانی میللەتی کورد بێت.
کورد، تاکە نەتەوەی خۆرهەڵاتە، باوکی ڕۆحی بەرهەمنەهێناوە و باوکی مێژوویی نەبووە، کە کۆلکەی هاوبەشی نێوان تاکەکانی بێت، بەپێچەوانەوە کورد باوکی ناڕۆحی و نا مێژوویی هەیە. مێژووی گەورەیان بۆ خۆیان بەرهەمنەهێناوە، مێژوویەک هەموو ئەو نایەکێتی و دووبەرەکی و دەستشکاندنەوانە تێپەڕێنێت کە لە جەستەی نەتەوەیی کورددا دەبینرێت.
No Comment! Be the first one.