چاویارنیوز ـ ئەوەی ئێستا لە شەڕی ھێزە ئەمنیەکان و عەشیرەتی ھەرکی لە گوندی گردە ڕەشەی سەر بە قەزای خەبات دەگوزەرێت، بەرھەمی دیوەخانانە و دەست لەپشدانی ھێزەکانی دەسەڵاتە (پارتی، یەکێتی) بۆ عەشیرەتەکان، لە پڕچەککردن و بڕینەوەی پارەیەکی زۆر بەناوی دیوەخانانە.
شایانی باسە، لە سایەی ململانێی ناڕەوای حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بە تایبەت لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ دیاردەی دیوەخانانە و پڕچەککردنی کەسانی خاوەن نفووسی عەشایری لە ھەرێمی کوردستان سەریھەڵدایەوە، عەشیرەتەکان و خەڵکی دیکەش چەک و پارەیان پێدرا، ھێزیان بۆ درووستکرا، دیاردەی عەشیرەتگەرای لە پەنای دیوەخانی عەشیرەتەکان زیندوکرایەوە کە پێشتر لاوزبوو بوو.
ئێستا دیاردەی دیوخانانە خەریکە نەک مەترسی لەسەر سەروەر نەبوونی یاسا درووست دەکات، بگرە جۆریک لە ھەڵگەڕانەوە و وەستانەوە بەڕووی ھێزە ئەمنیەکان خەریکە دەبێتە دیاردە، کە کۆنترۆڵکردنی بێ قوربانی و خوێنڕشتن نابێ.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕووداوێکی ھاوشێوەی گوندی بەردەڕەشە لە دۆڵی شاورێ ڕوویدا، ھێزی عەشایری باڵادەست لە ناوچەکە ھیزە ئەمنیەکانیان ڕاونا و ناچاری پاشەکشەیان کردن، بەبێ ئەوەی بتوانن ئەو ئەرکەی بۆی چووبوون جێبەجێی بکەن، وا ھەمان دیاردەش ئێستا لە قەزای خەبات ڕوودەدات.
لێرەدا دەپرسین ئایا ئەوەی دەگوزەرێت ھەر تەنھا لێکەوتەی دیاردەی دیوخانانە و دەست لە پشدانی دەسەڵاتە بۆ عەشیرەتەکان کە پێشتر باسمان لێوەکرد یان دەستی دیکەی لە پشتەکە مەترسی دەکرێت لە داھاتوودا سەربکێشێت بۆ بابەتی دیکە؟ ئەوەیان پرسیارێکە جارێ وەڵامەکەی بە ئاسانی دەستناکەوێت.
شایانی باسە، کوردستان بەشیوەیەکی گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی، ئەزموونی خرابی ھەیە لە ناکۆکیە عەشایریەکان، زۆر جار ئەو دیاردەیە سەری کێشاوە بۆ لێکەوتەی خراب، لە سەد ساڵی ڕابردوو ھەڵگەڕانەوەی عەشیرەتەکان لە شۆڕش چوونە پاڵی ھێزەکانی دژە شۆڕش زۆر ڕوویانداوە کێ خەتابار بووە شۆڕش یان عەشیرەتەکان ئەوەشیان جێگای باسی ئێرەمان نییە.
بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرجاوەکانی مێژوو تێدەگەین کە لە ھەموو پارچەکانی کوردستان ئەو ئەزموونە تاڵە کۆسپێکی گەورەیان لەبەردەم شۆڕشی گەلی کوردستان درووستکردووە.
بۆیە بە ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو، دەبوو لە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی سەرھەڵدانەوەی دیاردەی نفووسی عەشایری لەسەر حیسابی سەروەری یاسا نەدرێت، بەڵام ئەوە نەکرا، بگرە بودجەیەکی زۆر لە لایەن دوو ھێزی دەسەڵات تا رۆژی ئەمڕۆمان خراوەتە بەردەم کەسانێک بەناوی دیوەخانانە، بەشێکیان خاوەنی دەنگی خێزانی خۆشیان نین، بەڵام حزب پشتیوانیان لێدەکات، ھەندێک لەوانە بە تەنزەوە پێیان دەوترێت “شێخ و ئاغای تیکتۆک” کە خەریکە ھەندێک لە بەرپرسە حزبیەکانی دەسەڵاتیش چاو لەو تیکتۆکچیانە دەکەن.
شایانی باسە، لە ساڵانی دواییدا، لە ھەرێمی کوردستان، کارگەیشتە ئەوەی لە ھەستارترین شوێنی یاسادانان کە پەرلەمانی کوردستان و بگرە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھێزەکانی دەسەڵات کەسانێک لەسەر بنەمای عەشیرەت بپاڵێون و بیانکەن بە پەرلەمانتار، ئەوان کوڕە سەرۆک جاشی کۆن و کۆنە بەعسیان کردە پەرەلەمناتار، واتا نەک نفووسی دیوەخانانەیان بەھێزکرد بکرە پەردەی یاساییان بەو دیاردەیە دادا. لەسەریشی بەردەوامن، ئێ خۆ پێشینان بە بێ ھۆ نەیان گوتووە ” چی بچێنی ئەو دەدوریەوە”
ھیوا سەید سەلیم
دیوەخانی عەشایری، ئەو دڕکەی لە پێی دەسەڵات دەچەقێتەوە
بۆیە بە ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو، دەبوو لە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی سەرھەڵدانەوەی دیاردەی نفووسی عەشایری لەسەر حیسابی سەروەری یاسا نەدرێت.

No Comment! Be the first one.