چاویارنیوز – هەرچەندە ئێستا وێنەکە و چوارچێوەکەی کەرکوک زیاتر ڕوون بۆتەوە ململانێی دەنگ لە نێوان پێکهاتەکان بە شێوەی جاران نەماوە هەر پێکهاتەیەک قەبارەی خۆی دەزانێت و هیچ پێکهاتەیەکیش چاوەڕێی دەنگ لە پێکهاتەیەکی تر ناکات .. ململانێکان لە ناو هێزەکانی هەر پێکهاتەیکدایە بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی پێکهاتەکەی خۆی مسۆگەر بگات بۆ نمونە جگە لە 1کورسی کۆتا کەرکوک 12 کورسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە هیچ پێکهاتەیەک شەڕی بە دەستهێنانی 12 کورسیەکە ناکات..کورد لە نێو خۆیاندا ململانێ لەسەر شەش کورسی دەکەن ، عەرەب لەسەر 4کورسی تورکمان 2کورسی …
ئەمە چوارچێوە گشتییەکەیە هەر هەڵەیەک لە هەر پێکهاتەیەک چەندە گەورە بێت کاریگەرییەکەی کورسیە زیاتر یان کەمتر نابێت ..
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کێشەی نەتەوەیی لەشارەکە کۆتایی هاتبێت چونکە دۆزی کەرکوک دۆزێکی نەتەوەییە بە ئیمتیاز و نەیارە سیاسیەکانمان لە پێکهاتەکانی تر لە سەر بنەمای نەتەوەیی ململانێمان دەکەن و تا پرسی سیاسی شارەکە یەکلایی نەکرێتەوە ناتوانین دەستبەرداری پرسە نەتەوەییەکەمان بین .
بێ چارەسەر کردنی پرسی نەتەوەیی هەرگوتارێکی تر بارانی هاوینە ..
ئەو چوارچێوەیەی سەبارەت بە قەبارەی جوگرافیای دانیشتوان کە ئاماژەم پێی داوە بەپێی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە بەردەم مەترسی گۆڕانکاری گەورەدایە لە بەرژەوەندی پێکهاتەیەکی تر ، بۆیە دەنگ دان ئەرکە تا لانی کەم لە ئێستادا بتوانین قەبارەی جوگرافیای دانیشتوانمان بپارێزین .
بۆیە داوا لە هەر تاکێکی کوردی بەشەرەفی کەرکوک کە مافی دەنگدانی هەیە دەکەم زەحمەت بکێشێت ئەو ئەرکەی سەرشانی جێبەجێ بکات ، دەنگی خۆی بە کاندیدێکی کورد بدات ، چونکە نابێ چاوەڕێی دەنگ لە پێکهاتەکانی تر بکەین نەک کۆنکریت بەڵکو شەقام و کۆڵانەکانیان بۆ بکەین بە زێڕش دەنگمان بۆ نادەن .
هیچ بیانویەکش بۆ دەنگ نەدان و بایکۆت کردن لە ئارادا نیە لە نێوان 5 لیستی کوردی جیاواز و 60 کاندیدا خەڵکانی باش و تێکۆشەرو دڵسۆزیان تێدایە کە مایەی ئومێدن و دەنگ بە لیست و کاندیدی دڵخوازی خۆتان بدەن .
دەنگدان بۆ کوردی کەرکوک، ئەرکە / شوان داودی
هەر هەڵەیەک لە هەر پێکهاتەیەک چەندە گەورە بێت کاریگەرییەکەی کورسیە زیاتر یان کەمتر نابێت.
No Comment! Be the first one.