چاویارنیوز – دوو سیگناڵی زۆر گرنگ هەیە کە پێماندەڵێت ئەم سووتاندنەی چەک لەلایەن گەریلاوە، نە جێگەی بەزەییە و نە شکستە و نە پێویستی بەشانامە هەیە:
یەکەم: بۆچی چەکەکان سووتێنران؟
سووتاندن یان ئاگر، هێمایەکی گەورەی هەیە لە مێژووی ئێمەدا کە مانای (سەرکەوتن)ە، کاتێک کورد بە ئاگر تەعبیر لە نەورۆزدەکات، مانای پەرستشی ئاگر نییە “کە ئەمەش جەدەلێکی قووڵە”، بەڵکو مانای سەرکەوتنە، مانای ڕووناکیی و ڕۆژی نوێیە.
گەریلاش بەهەمان دیدگا چەکەکان دەکاتە ئاگر نەک ڕادەستکردن، کە ئەم وشەیەی دووەم (ڕادەستکردن) مانایەکی لە شکست و بێدەسەڵاتکردن هەیە.
گەریلاکان لە رێگەی سووتاندنی چەکەوە، وتیان سەرکەوتین نەک دۆڕان، دواتر ئەم پرۆسەیە هیچ مانایەکی ئاشبەتاڵی تێدانییە، چونکە ناوی گروپێک دەسڕێتەوە کە (گەریلا)یە، لەپێناو درەوشانەوەی ناوێکی کۆدا کە (دۆزی کورد)ە، لەکوێیش؟ لە وڵاتێکی بان ناسیۆنالیستی وەک تورکیادا.
دووەم: بۆچی ئەشکەوتی جاسەنە؟
ئەم کردەیە لە ئەشکەوتی جاسەنە، پەیوەست نییە بە چیرۆکەکەی شێخ مەحموود و ئینگلیزی ساڵی 1922 و 1923وە، بەڵکو پەیوەستە بە سەرکەوتنی میری ناوچەکە بەناوی عەبدولکەریم بەسەر عوسمانییەکاندا، تا ئێستا دەزگای میت ئەم دۆسێی پاراستووە و نەیهێشتووە لەناوبچێت.
مانا قوڵەکەی هەڵبژاردنی جاسەنە ئەوەیە، “کورد خاوەن مێژووە لەگەڵ سیاسەت و ویستی تورک و هەموو شتێکمان لەبیرەو لەبیرمان ناچێتەوە، ئەگەر تورکیا پاشگەزیش ببێتەوە لەپرۆسەکە، ئەوا کورد وەک هەمیشە ئامادەیە لەپێناو سەرکەوتنی دۆزە ڕەواکەی ئەشکەوت هەڵدەبژێرێتەوە، واتا وەک چۆن لەسەرەتای بزوتنەوە چەکدارییەکانەوە ئەشکەوتەکان پەناگەی کورد بووە بۆ بەرگری و خەباتی خۆیی و سەرکەوتنی گەلەکەی، بۆ ئاشتیش لە ئەشکەوتەوە چەکەکانی دەسووتێنێت”.،،
سووتاندنی چەکەکانی گەریلا ئەو هەموو شین و رۆڕۆی ناوێت، سەرم سوڕماوە لەوەی، ئەو هەموو شیعر و شانامەیە، ئەو هەموو تەحلیلە بۆ سووتاندنی 30 چەک، چ پێویست دەکات؟
ئەم هەموو تەحلیلاتە بێبنەمایە بەناوی ئاشبەتاڵ و شکست و دۆڕانەوە چییە؟ بزووتنەوەیەک نزیکەی چواردەیە خەباتی چەکداری کردووە، 39 وڵات نوێنەریان ناردۆتە لای ڕێبەرە زیندانیکراوەکەی لە ئیمراڵی، نازانێت چ لە گۆڕەپانەکەدا دەگوزەرێت؟ گەریلایەک تەمەنی گەنجی خۆی لەدەستداوە و لەشەقامەکانی دێرسیم ـ هۆزات!، مووش، ئەدەنە و دێرسیم و ئەلبیستان و پیرسووس و …هتدەوە گەشتۆتە قەندیل، تازە چ چێژێکی ژیان ماوە دڵی پێخۆش بکات و وایلێبکات چەکەی لەپێناودا بیسووتێنێت ئەگەر ئێستا ئەزموونێکی نوێی لەخەبات و فۆرمێکی نوێ ئەزموون نەکات؟، تۆ بەشیعری سادە و دێڕی کڵێشەیی دەتەوێت سووتاندنی چەکی گەریلا بەرزی بنرخێنیت، لەکاتێکدا ئەو خۆی لە دڕناڵەکانی قەندیلی بەرزەوە، دێتە پەتەکی سلێمانی و لەجاسەنەوە پەیامێک بۆ دەزگای میت دەنێرێت و پێیاندەڵێت “لاپەڕەی ئەم ئەشکەوتە لە دۆسێ نهێنییەکانتاندا، تازە دەکەینەوە”!!.
شیعر و شانامە لە پرۆسەیەکی وەهادا، جێگەی بەزەییە، سووتاندنی چەک قووڵایی پرۆسەکەیە، گەیشتنە بە هێزی باڵا، تێگەشتنە لە نەخشەی نوێ، بڕیاردانە بۆ جێگۆڕکێ لەجۆرێکی خەباتەوە بۆ جۆرێکی تر.
No Comment! Be the first one.