شەڕی نێوان هەرکی و بەرزانی چۆن کۆتایی دێت ؟
د.فایەق گوڵپی
ئەو شەڕو ناکۆکییەی ئەم دواییە کە لە نێوان برایانی هەرکی و بەرپرسانی حکومی و حزبی دەڤەری هەولێردا دروستبوە، کوشتن و گرتن و دەرکردنی خەڵک و سوتاندنی دام و دەزگای لێکەوتۆتەوە، دو هۆکاری سەرەکی هەیە، هۆکاری یەکەم دوژمنایەتی خێڵی بەرزانی دەسەڵاتبەدەستە لەگەڵ خێڵەکانی هەرکی و سورکی برادۆست و زێباری و ئەوانیتردا،کە دەمێکە دروستبوە و حکومەت و حزب نەک هەوڵی چارەسەری نادەن،بەڵکو لەگەڵ کەمترین ناڕەزایی ئەو پێکهاتانەدا هێزی سەربازی و گرتن و داپڵۆسین بەکاردەهێنن
هۆکاری دوەمی کێشەکە چینایەتییە، بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە ژێر سێبەری دەسەڵاتەکەیاندا سامانی وڵاتیان قورخکردوە، خەڵک برسی و بێکار دەکەن، خەڵکیش بەوە ڕازینابێت و ناڕەزایی نیشاندەدات و داوای قوت و کار دەکات.کە ناڕەزایی وەک ئەمەی ڕۆژانی ڕابوردو لە نێوان هەرکیەکان و دەسەڵاتداراندا دروستدەبێ، ڕکەبەرەکانی دەسەڵاتی هەولێر لەسەر ئاستی کوردستان و عراق و ناوچەکە، هانی خەڵکی ناڕازی ئەدەن بۆ ئەوەی وەک وەرەقەیەکی فشار دژی دەسەڵاتی هەولێر سودیلێوەربگرن. ئەم کێشانە بە زەبروزەنگ و هاندان بۆ ناڕەزایی دەربڕین چارەسەر ناکرێن، ئەم کێشەیە بەشێکە لە تێکچونی ئاشتی کۆمەڵایەتی کوردستان کە بە هۆی شەڕی خێڵەکییەوە، شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتییەوە، شەڕی جاش و پێشمەرگەوە دروستبوە و تا موخی ئێسقانەکەنی تاک و پێکهاتەی کورد ڕۆچوە، کێشەی ئاشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە چەندان کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنگرەیە، نوێنەری هەمو لایەک بەشداری تێدابکات، بڕیاری ڕاستی لە بەرژەوەندی گەلی کورد و ئاشتی کۆمەڵایەتی لەسەر بدرێت و جێبەجێبکرێت.
No Comment! Be the first one.