چاویارنیوز _ سەردار عەزیز نووسەرو مامۆستای زانکۆ لە ئیتاڵیا لە وتارێکدا باس لە دیاردەی هێرشکردنەسەر یاساناسێک دەکات و ڕایگەیاندووە: قەیرانی پارادایمی تیرەگەرێتییە. مرۆڤی کورد بە گشتیی خێڵەکییە. خێڵەکی بەو مانایە کە وەلائی بۆ گروپی بچووکە دژ بە گروپی ترە.
ئەمەش دەقی وتارەکەیەتی:
پارادایم یانی گشتگیر، بەو مانایە کاتێک وەرچەرخانێک پارادایمییە، یانی لە ئاستێکی گەورە و گشتیدا گۆرانکارییەکە ڕودەدات. ئێمە لێرە مەبەستمان لە پارادایم ئەوەیە کە کاریگەرە، هەروەها گەورەیە، لە هەناو عەقلی سیاسی کوردیدا.
عەقلی سیاسی کوردی چەند خەسڵەتێکی هەیە کە بە ئاسانی هەستی پێناکرێت بەڵام کاریگەری گەورە و زیر جار کوشندەیان هەیە لە سەر کایەی سیاسی. بە جۆرێک دەتوانم بڵێم کە ئەوەی بە سیاسەت ناودەبرێت بە تەواوی ناسیاسیەتە.
یەکەم قەیرانی پارادیمی بریتیە لە تێگەیشتن لەوەی دەسەڵات وابەستەیە بە شەخس. بەو مانایە خەڵک هەیە مافی هەبون و پیادەکردنی دەسەڵاتیان هەیە، خەڵکانەکی تریش هەن مافیان نیە. ئەم قەیرانە دەکرێت وەها سادە بکرێتەوە کە لای عەقلی سیاسی کوردی خەڵکی باش هەیە بۆ دەسەڵات و خەڵکی تر هەیە، نەگونجاون بۆ دەسەڵات.
ئەمە تەنها لە ئاستی بنەماڵەکاندا نیە، بەڵکو لە هەناو هێزەکانی تریشدا. دیارە ئەم مۆدێلە تەنها لای کورد نیە، بۆ نمونە قسەیەکی سیاستانی هەیە کە دەڵێت المجرب لایجرب، دیسانەوە دەلالەت کە بونی دیدی پەیوەندی کەسایەتی و پیادەکردنی دەسەڵات. ئەم دیدە لە ناو گۆڕانیشدا باو بوو لە ڕێگای چەمکی هێلکەی پیسەوە، کە دەرخەری کورتبینی ئەو بزوتنەوەیە بوو.
دیارە ئەمە مانای ئەوەنیە کە کەسایەتی ڕۆڵی نیە. بەڵام ئەم پارادیمە لەوەدا هەڵەیە کە وەها دادەنێت مرۆڤی باش هەمیشە باشە و مرۆڤی خراپ هەمیشە خراپە. ئەم دیدە زۆر ساویلکەیە، چونکە مرۆڤی کرۆکێکی چەسپیونی نیە. دەکرێت باش و خراپیش بێت، بۆیە چۆن سیستەمێکی سیاسی دابڕێژیت کە ڕێگریی لە خراپبون بکات و هانی چاکبون بدات دەبێت کرۆکی پارادایمی سیاسی بێت.
دووەم، قەیرانی پارادایمی تیرەگەرێتیە. مرۆڤی کورد بە گشتی خێڵەکییە. خێڵەکی بەو مانایە کە وەلائی بۆ گروپی بچوکە دژ بە گروپی ترە. لەم ڕوەوە شتێک نیە بە ناوی شەڕی ناوخۆی کوردی. کوردەکان زۆر بە ئاسانی یەکتر دەکوژن، چونکە هیچ هاوبەشییەک لە نێویەکتردا نابینن. بە مانایەکی تر کورد نەیتوانیوە لە پارادایمی تیرەوە بگوێزێتەوە بۆ نەتەوە. دیارە قسە و قسەڵۆکی زۆر هەن دەربارەی نەتەوەی کورد، بەڵام هیچ بەڵگە و واقیعییەتێکی مێژویی و کۆمەڵایەتی بونی نیە. ئەمەش یانی سیاسەتی نەتەوەیی بونی نیە. نەتەوە یەکەیەکی دروستکراوی فراوانترە لە تیرە و خێل لە سەر بنەمای بەها دونیاییەکان یان عەلمانییەکان دروست دەبێت، لە هەمانکاتدا پێویستی بە گەشەپێدانی ڕۆژانەیە. نەتەوە وەک هەموو شتێکی تر لایەنی باش و خراپی هەیە، بەڵام کاتێک پارادایمی یەکەم لەبەرچاو دەگرین ناتوانین چاوەروانی ئەوەبین کە پارادایمی دووەم بەرجەستە دەبێت.
پارادایمی سێیەم، نەبونی ئەیجینسی. کاتێک مرۆڤی کورد دەدوێنیت هەمیشە دەڵێت چیمان بۆ دەکەیت؟ ئەمە لە ئاستی باڵاشدا وەهایە، ئایا ئەمریکا دەوڵەتمان بۆ دروست دەکات. ئەم پارادایمە لەو دیدەوە دێت کە مرۆڤی کورد لە خۆی ڕانابینێت ڕۆڵێکی هەبێت یان پێگە و کاریگەری هەبێت یان ئەرکی ئەو بێت جولەیەک بکات. دیارە ئەم نەبونی ئەیجینسییە ڕەگی قوڵی لە کەلتوری کورد و ناوچەکەدا هەیە کە بەردەوام مرۆڤی سادە وەک خاوەن ئەیجینسی نابینێت. بۆیە نەک ئەستەمە بەڵکو موستەحیلە دیموکراسی لە کۆمەڵگایەکی وەهادا هەبێت.
پارادایمی چوارهەم، پەیوەندی قەیران و فێربونە. لە زۆربەی کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا کاتێک قەیرانێک دێت، هەمیشە لە گەڵیدا بیرکردنەوە و پیاداچونەو و لە ئەنجامدا فێربونی زیاتر و دەوڵەمەندی ئاگایی دێت، بەڵام لای مرۆڤی کورد وەها نیە. مرۆڤی کورد ناتوانێت لە قەیرانەکانیەوە فێربێت، بەڵکو زۆر بە پێچەوانەوە لە ئەنجامی قەیرانەکانی توانای ئاگایی لاوازتر دەبێت. ئەم پارادیمە پەیوەندی بە پێگەی مەعریفەیە لە ناو کورددا. کورد بە گشتی دژ بە مەعریفەی ڕاستەقینەیە، بەڵکو حەزی لە سادەگۆیی و پیلانگێڕیی و وەهم و میتافیزیک و ئەم شتانەیە چونکە نەک هەر دونیای بۆ ئاسان و سادە دەکەنەوە، بەڵکو دەرفەتی ئەوەیان دەداتی کە پارادایمی پێشوو، نەبونی ئەیجینسی پیادە بکەن. بەو مانایە حەزیان لە تێگەیشتنێکە کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە کە ئەوانە نە ڕۆڵیان هەیە لەوەی بە سەریاندا دێت و نە دەتوانن هیچ بکەن و نە خەتایانە.
دیارە لێرەدا دەکرێت باس لە ڕۆڵی ڕۆشنبیر بکەین. دیارە ڕۆشنبیر بە مانا ڕاستەقینەکەی ئەو بونەوەرەیە کە دابڕاوە لە کۆمەڵگا، بەڵام لە ڕێگای ئەم دابرانەوە لە دڵی کۆمەڵگادایە، بەڵام بە چەک و زمان و ئاگایی و تیورە و میتۆدی ناکۆمەڵگایی یان نا کەلوپوریی. چونکە ئەگەر هەڵگری هەمان دونیابینی بیت ناتوانیت هیچ بیت جگە لە ئامێرێکی ڕێسانی ئەوەی کە هەیە. بەڵام ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگای کوردیدا دروست نابێت چونکە هیچ زەمینەیەکی پاڵپشتی نیە، بەڵکو هێزی گەورە دژ بەم بونەوەرەن. لە ئەنجامدا قەیران مەعریفە بەرهەم ناهێنت. بۆیە مێژوی کورد بە زۆری نەگۆڕاو و دوبارەیە.
No Comment! Be the first one.