چاویارنیوز ــ لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە وتارێکدا کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی، دەنووسێت:
رەنگە هەندێك جار زۆر پێویست بە خۆماندوو کردن نەكات بۆ ئەوەی برینێكی هەلا هەلا نیشانی ئەوە بدەی كە پێوەیەتی و ئاگای لێنیە ، یان نایەوێت ئاگای لێبێت ، عەبدوڵا پەشێوی شاعیر زۆر بە سادەی دەڵێت :
ئەمڕۆ ڕۆژی شیعر نیە
بۆیە من بۆتان دێمە گۆ
بە زمانێكی یەكجار سادە
پێتان دەڵێم
ئەوەی كورد بێ و كورد بكوژێ
زۆڵە تەرەسە گەوادە …
حاجی قادری كۆیی زۆر پێش پەشێوی شاعیر گوتویەتی :
لەبەر حیزە بخۆیی و ناتەبای
لە ژێری حیزی حیزان بویتە دۆشەك
هەندێك عەڕابی هەرزەگۆی كوردایەتی درۆینە، ڕۆژ نیە پەلاماری ئەم و ئەو نەدەن و پێی نەڵێن خائین و خۆ فرۆش و هەتادوای ، هەر ئەوانە ناپرسن بۆهێزەكانی حەفتاو هەشتا ناكرێن بەیەك ، كێ بەرپرسە ، بۆ ناهێڵن یەكبخرێت ، ئەمەریكا و فەڕەنساو هۆڵەنداو وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش ڕۆژ نیە هەوڵ نەدەن ، بۆ بە قسەی ئەمەریكا ناكرێت و دەست لەسەر سنگ بۆ وڵاتیتر دەچەمێنەوە ، ئەم وڵاتانەی دراوسێ تا ئێستا چیان بۆ كوردی دەستبەسەری نێو خۆیان كردوە تا هیچ بۆ تۆ بكەن.
ئەمەریكا موچە دەداتەپێشمەرگە ، مەشقی پێدەكات ، چەكی دەداتێ ، دەڵێن ببنە یەك نابنە یەك ، من لە نزیكەوە هۆكارەكە دەزانم، دێن باسی دەوڵەتی كوردیش دەكەن ، لە سەرەتاوە هاواری ئەوەشیان دەكرد ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییە ، دوای شاپێك وتیان ئێمە وامان نەوت، جارێك لە گەڵ چەند دۆستێكی بیانیدا لە ماڵی خانەدانێكی ئەم وڵاتە بووین ، دۆستەكان هۆڵەندی بوون ، یەكیان بە منی وت بەڕاستی سەرم لە كورد دەرناچێت ، بۆ نابنە یەك تێناگەم ، دەتگوت ئەو لە سەرانی پارتی و یەكێتی زیاتر لە خەمی یەكبوندایە ، ئەوەشی گوت ” هیوادارم ئەگەر كورد هێشتیان كورد ببێتە دەوڵەت من ببمە باڵیۆزی هۆڵەندا لەو دەوڵەتە” .
دەیانەوێت وانیشانبدەن ، كە ئەوان شەوو ڕۆژ ئیش بۆ بونیادنانی دەوڵەتی كوردی دەكەن ، كەچی لە سەر جیاوازی بیرو ڕا خەڵك دەگرن و فەلاقەی دەكەن ، وا تێگەیشتون دەبێت دەوڵەت وەك قوتابخانەی یابانی یەكپۆش بن ، نەك یەكپۆشی جل و بەرگ ، یەك شعورو یەك بیركردنەوەو یەك ئایدیا، هەر مناڵێكی خۆیان دەگری لە سەر دۆلار یاری دەكات ، گرەو لە سەر جوانترین و بەرزترین جۆری ئۆتۆمۆبیل ، كچی جوان ، قومار خانەی دنیا دەكەن و میلەتیش چاوی دەرئەهات ، جا دۆستێك بۆی نووسیبووم تەنها كاتێك ئەم دەسەڵاتە بەیەك چاو سەیری هەموو میلەت دەكات ، كە چاوێكیمان كوێر كردبێت ، ئەوان لە ناو مناڵ و نەوەی خۆیشیاندا جیاوازی دەكەن و درۆی دروستكردنی دەوڵەتیش دەفرۆشن، میلەتێك دەكەنە دەرۆزە كەری بەر دەرگاو ئاستانەی دوژمن و بوێری ئەوەشیان نیە داوای قەرەبوی جینۆسایدو ئەنفال و عەرەباندن و بەعساندن و تاراندن بۆ گەلەكەیان بكەن .
نە حزبگەلی دەسەڵات ، نەئۆپۆزسیۆن كەس باشی ئەوی تر ناڵێت ، هەموو جنێو بەیەكتر دەدەن ، ماڵتە لەڕویان دێت باسی حەرەمی یەكتریش بكەن ، باسی یەكڕیزی و یەكبونیش دەكەن ، وەك ئەوەی میلەت نەیەڵێت ببنە یەك ، هەر كەس دێت باسی ڕێباز دەكات، لە كاتێكا نەڕێباز هەیەو نەكوردایەتی و نەبەتەنگەوە بوونی میلەت ، باوەكوشتەی یەكترن ، تەنانەت لای دوژمنیش لە یەكتر دەخوێنن، لای دۆستانیش هەر وەسا ، كاتێك كە ئەمەریكا یان فەڕەنسا پێیان دەڵێت بۆ پێشمەرگە یەك ناخەن ، هەر یەك ئەوی تر تاوانبار دەكات ، بە ناوی شاعیرێكەوە ئەمەم خوێندوەتەوە :
لە ئاست یەكتر دڕن چەشنی هەڵۆ یەك دادەپاچن بۆ
لە بۆ غەیرە شڕن چەشنی پەڕۆ وەك دەست و قاچن بۆ
هەزار تیرەو لك و هۆزن وەكو دوژمن لە یەك ناچن
دەترسم ڕۆژێ لەم خاكە هەموو تیاچن وەكو سمكۆ
قوربان ئەوەی كوردی هەلا هەلا كردوە خودی كورد خۆیەتی و كەسی تر نا.
No Comment! Be the first one.