چاویارنیوز _ کاوێز مەلا پەروێز نووسەری دیاری کەرکوک لە وتارێکدا کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی دەنووسێت: کوردایەتی چییە و چۆنە؟ لەناو تەپوتۆزی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان کوردایەتی زوو زوو دەبێتە بەشێک لە موزایەدەی ناڕەوا.
هێزی سیاسی بێ دەربەست، کەس و بنەماڵەی جاش، رۆژ نییە کوردایەتی بە ناوی کوردایەتیەوە ئەتک نەکەن، هەموو جار دایکم ئێژێ قسەی رووت بۆ کوردایەتی عانەیەک ناهێنێ گەر کرداری لەگەڵ نەبێ.
کوردایەتی ئەوەیە کوردێکی سینە ساف بکەی بە پارێزگەری کەرکوک، کوردایەتی ئەوەیە رێژەی سەوزایی لە کەرکوک زیاد بکەی و پارکی گەورە بونیادبنێی، دڵنیایی و ئاسوودەیی بە دانیشتووانی شار بدەی نەک شتی تر.
ئەگەر کوردایەتی زۆر سادە بکەینەوە، ئەوەیە ماڵ و مناڵت لە کەرکوک بێت، بوونی کورد لە کەرکووک لە بەقاڵێکەوە بۆ وەزیرێک کوردایەتییە، ئەگەرنا ئەوەی بە ناوی کوردایەتییەوە لەم شارانە ئەکرێ شەڕفرۆشتنە بە کوردایەتی بە ناوی کوردایەتییەوە!
کوردایەتی ئەوەیە ئەوانی تر هەم بکەی بە بەشێک لە پرۆژەکەت (ئیدارەی هاوبەش)، هەم دڵنیاییان پێ بدەی کە کوردایەتییەکەی تۆ مەترسی نییە بۆ سەر وجوودی ئەوان.
ئینجا کوردایەتی بۆ هەر حزب و کوردێک ئەوەیە قەت خەڵکی خۆت لەم شارانە جێ نەهێڵی و لە ژێر هیچ فشارێکیش خەڵکت جێ نەهێشتبێ.
بۆ هێز و لایەنی سیاسی ئەوە کوردایەتییە بە هیمەت یان بە قیمەت قەناعەت و ژیانی شایستە لە کەرکووک بۆ ئەو کەرکووکییە ئاوارەنەی کە دانیشتووی شارەکانی هەرێمن دروست بکەی بگەرێنەوە شارەکەیان.
کوردایەتی قوتابخانە و زمان و پرۆگرامی مەکتەبە، سیمای شار و تابڵۆی سەر دوکانی دوکاندارانە.
قسەی کۆتایی:
بۆ هەر حزب گرووپێک کوردایەتی ساغ ئەوەیە بۆ مانەوەی بنەماڵە و حزبەکەی لە دەسەڵات نەبێتە دار دەستی دەوڵەتان.
No Comment! Be the first one.