ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
کۆنفرانسی میونشن، یان راستتر وایە بگوترێت، بەنیسبەت کوردەوە «کۆنفرانسی وێنەدانەوەی کورد»، لەم گەڕەیدا لە چانسی کورد بوو، چەند سیگناڵێک لە میونشن دەخوێنرێتەوە کە شایانی دڵخۆشی و هەڵکشانی کوردە لە وێنەیەکی ناشیرینکراوی مێژووییەوە بۆ وێنەیەکی نوێی جیاواز و دڵخۆشکار.
یەکەم:
کۆنفرانسی میونشن بۆ نوێنەرانی رۆژئاڤای کوردستان، لە چەندین رووەوە باش و پڕ دەستکەوت بوو، لە دوای رووداوەکانی رۆژئاڤا و پاشەکشێ لە ناوچەیەکی زۆر، جۆرێک لە هەوڵی لاوازکردنی کورد هەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەی سوریا، بەڵام میونشن بە مانا و دەلالەت و پێوەری زۆر، هەستانەوە و هێزی دووبارە خۆداڕشتنەوەی بەخشی بە کورد، ئەم کۆنفرانسە کە یەکەم دەلاقەی دوای رووداوەکانی سوریا بوو، گرنگ بوو کورد لەو دۆخەی سوریا بێ پێگە و بێ وەرگرتنی بۆچوونیان لەسەر ئاسایشی جیهان جێنەهێڵران، واتا لەگەڵ ئەو پیلانگێڕییە سیاسی و سەربازییە ناوخۆیی و ئیقلیمییەی لەگەڵیدا کرا، بەڵام لەلایەنی دیپلۆماسییەوە دەرفەتی کرانەوەی نوێ و خەباتی نوێی بۆ رەخسا.
دووەم:
شوێنی کۆنفرانسەکە بە دڵی کورد بوو، ئەڵمانیا لە چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ تورکیا، ئێستاش لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەی سوریا، نێوانی خراپە، ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە هەموو هێزی خۆی رێگرە لە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، ناڵێم دۆستی کوردە، بەڵام شارەزاییەکی باشی هەیە لە ناسینی دوژمنەکانی کورد و هەڵبژاردنی کورد وەک نەتەوەیەکی غەدرلێکراو، بۆیە بە دووری نازانم؛ چی پاشەکشێی نوێنەری تورکیا و چی دەرخستنی کورد بەو شێوە زەق و پڕ بایەخە لە کۆنفرانسی ئاسایشدا، ویستی ئەڵمانیا خۆی لە پشت بووە، چونکە نوێنەری هیچ وڵاتێک، هێندەی نوێنەرە کوردەکان و بەتایبەت نوێنەری رۆژئاڤا؛ خاوەن پێگە نەبوون لە کۆنفرانسەکەدا.
سێیەم:
کۆنفرانسی میونشن پێیوتین: رۆژئاڤای کوردستان بووە بە ئەمری واقیع، ئەم پرسە چیتر راگوزەر نییە و جێ لەقبوونێکی سیاسییە لە دڵی سوریادا، دواتر رەهەندی دەرەکی و سەربازیی و جوگرافیایی وەرگرتووە، بۆیە ئاسانیش نییە، هیچ هێزێکی دەرەکی و هیچ ئابڵووقەیەکی ناوخۆیی بەرەو تەسلیمبوون و کوژانەوەی ببات و تووشی پاشەکشێی بکاتەوە، بۆیە لەم قۆناغەدا و لەسەر بنەمای ئەم مامەڵە دروستە، رۆژئاڤا دەتوانن نەخشەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەڵمانیا دابڕێژن و لێکتێگەیشتنی نوێ لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن.
چوارەم:
ئەو فرە دیدار و پێشوازیی و خوێندنەوەیە بۆ بەشداریی کورد، مانای فرە رەهەندیی پرسی کوردە، مانای بوونی پرسێکە دەبێت لە دەرگای بدرێت و ناکرێت بازدانی بەسەردا بکرێت بەبێ چارەسەر، مادام کۆنفراسەکەش بۆ ئاسایشە، کەواتە وێنەکە گەورەترە و دەتوانین بڵێین: جیهان لەوە تێگەشتووە، بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ئەستەمە قسە لەسەر بەدەستهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێت و بەدیبهێنرێت.
پێنجەم:
وەک بینیمان، میونشن نوێنەری کورد بانگهێشت دەکات، کەواتە پشتیوانیی بوونێکی سیاسی و سەربازی دەکات و رۆحی هەستانەوەی پێدەبەخشێت، لەبەرامبەریشدا دژە کوردەکان کۆنفرانسەکە جێدەهێڵن، کەواتە واقیعێک لە گۆڕێیە، وێنەیەکی کێشراو کە ناوی کورد و کوردستانە لە گەشە و دەرکەوتندایە و پێویستە گەورە و بەهێز بکرێت، لەبەرامبەریشدا نەیارێکی بەهێز؛ بوونی هەیە و هێشتا ئەوەی پێ قبووڵ ناکرێت.
No Comment! Be the first one.