ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
دەسەڵاتی هوشیار و بەسەلیقە، تێدەگات نزیکی لە ئەمریکا واتای چیی؟ ئەی نزیکییەک لەخۆرهەڵاتدا بێت و دەسەڵاتێک ناوی هەرێمی کوردستان بێت، چی لێدەخوێنرێتەوە؟ ئەی ئایا ئێمە دەچینەپێش لەگەڵ ئەمریکا، یاخود ئێستای هەرێم هەمان مۆدێلەکەی تورکیای دوای ساڵی 1990ە بۆ ئەمریکا؟!
هەر خوێندنەوەیەکی سیاسی لەلینکی ئەمریکای 1990ی تورکیا تێبگات، ئەوا لەهەرێمی کوردستان و کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانە لە باشووری کوردستان تێدەگات. ئێستا هەرێم بەرەو ئەو تونێلە دەڕوات کە دوای خۆمانی تێدادەبینین و بەڵام بۆ پێشەوەمان تاریکاییەکی ئەنگوستەچاوە، پێشمانناکرێت چیتر بێینە دواوە! ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم پێدەکەنن و وەک هێمای کیبرو تەکەبوور لووت هەڵدەبڕن، بەڵام دواڕۆژ لەناو چاڵێکی قوڵدا خۆیان دەبیننەوە.
کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر، مانا و دەلالەتی گەورە پیشاندەدات و وەک هەواڵ و ناوونیشان دەکرێت خۆش بێت و ئەمڕۆ هەموومان دڵخۆش بکات، بەڵام پرسیارەکانی پشت ئەم بەدوای خۆیدا دەهێنێت
یەکەم: بۆچی ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانە لەهەرێم دەکاتەوە، ئایا ئێمەو ئەمریکا چیتر وەک دوو بەرژەوەندیی هاوبەش کاردەکەین؟
دووەم: ئایا هەرێم دەتوانێت هاوسەنگیی لەنێوان ئەمریکاو ئێران بپارێزین؟
سێیەم: پرسیارە قورسە، ئاڵۆزەکە لەسەر عێراقە، ئایا هەرێم، لەدوای کردنەوەی ئەم قونسوڵخانەیە، چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغداد و میلیشیا نادەوڵەتییەکانی عێراق دەکات؟!
هەرچی وەڵامی پرسیاری یەکەمە
ئەمریکا لەگەڵ هیچ وڵات و دەسەڵاتێک ناچێتە پەیوەندییەکی هاوبەشەوە ئەگەر لەباری کرداریدا پلە دوو بێت، یان پێگەکەی و بەرژەوەندییەکانی لەدوای وڵاتی دیکەوە بێت، ئێستا هەرێم هەموو شتێکی لەلای تورکیایە، لێناگەڕێت ئەو هەموو نیعمەتەی دەستی دەکەوێت لێیوەربگیرێتەوەو بدرێتە ئەمریکا. هیچ وڵاتێکیش لە خۆرهەڵاتدا هێندەی ئیسرائیل بەهاوبەشی سعودیە، بۆ ئەمریکا گرنگ نییە. ئەمریکا بەچڕی لەهەر بستێکی جیهان ئیشی کردبێت، پێویستی بەوەرچەرخان هەبووە لەو سنوورەدا.
لەهەموویشی خراپتر، پرسی سیستم و ئازادییە گشتییەکانە لەهەرێم، لەزۆر دۆخدا ئەمریکا نوێنەرایەتیی خۆی لەوڵاتاندا کردۆتەوەو لەنزیکەوە دۆخی گشتی هەڵسەنگاندووەو دواتر بەزیان بۆ خانەخوێ شکاوەتەوە. کونسوڵخانەکەی ئەمریکا لە هەرێم چەندە گرنگ و گەورەبێت، ئەوەندەش مەترسیدار و جێگەی پەستان دەبێت لەسەر باشووری کوردستان و عێراق ! و بەئاسانی بەسەرماندا تێپەڕنابێت.
هەرچیش وەڵا بۆ پرسیاری دووەم ئەوەیە:
سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەندە لەئاستێکی باڵادا نییە بتوانێت بە یەک مەسافە لە ئێران و ئەمریکاوە کاربکات، یان ئەوەندە دەرگا بۆ کراوە نییە کە هەرکەی و لەهەرکوێ ویستی بدات لەدەرگا، مادام گەورەترین کونسوڵخانەش لە ناوچەکەدا لەهەولێر دەبێت، ئەوا وەزیفەی یەکەمی دوورخستنەوەی هەرێم دەبێت لەئێران و هەموو پرۆکسییەکانی ئێران، لەم دۆخەشدا ئێران دەستەوەستان نابێت کە هەرێم بەو مێژووەوە لەگەڵ ئێران هەیەتی، ئێستا پشتی لێبکات و یارییەکی مورتەدای لەگەڵ دەست پێبکات.
لەهەر پێکدادانێکی ئەمریکی ـ عێراق ـ ئێرانیدا، لەسەر خاکی هەرێم، زەرەرە بۆ کورد و هیچ شتێک بەتێبینی و مەرج وەرنەگیراوە، لەهەر دۆخێکدا هەرێم تێیبکەوێت و زەرەرمەند ببێت، ئەمریکا چی بۆ کورد دەکات؟!
واقیعی سیاسی پێماندەڵێت، هەر جوڵەیەکی هەرێم بۆ دوورکەوتنەوە لەئێران لەژێر ڕۆشنایی ویستەکانی ئەمریکاو ئامادەبوونی گەورەترین کونسوڵخانە، جگە لەلەدەستدانی ئێران نەبێت، هیچ مانایەکی سیاسی و ئەمنی! و ئابووری و سەربازی! نابێت و زیانە بۆ کورد، ڕەنگە ئێران بەتەواوی پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هەرێم، بەپەیوەندییە سنوورییەکانیشیەوە بچێتەوەو ئەوەش مەرگی ئابووریی هاووڵاتییانی کوردستانە.
هەرچی وەڵامی پرسیارە هەستیارەکەیە بۆ عێراق، جیاوازە لە وەڵامی پرسیارەکانیتر.
لە ڕۆژانی ئایندەدا هەرێم دەچێتەناو کابینەی نوێی عێراقەوەو یەکەم بەرکەوتەی نوێ، لەگەڵ عێراق دەبێت، پرۆژەیاسای هێزە میلیشیایی و نادەوڵەتی و شاراوەکان کە 16 هێزن، دێتەناو ئەنجومەنی نوێنەران، هەرچی هێزەکانی بەرەی ئێرانیشە، بەنزیکەی 100 کورسییەکەوە!!، دەستدەکەن بە قۆڵبادانی هەندێک هێزی نائێرانی!، ناناوچەیی!، ئایا کورد کێ هەڵدەبژێرێت؟ بەغدا وەک قوڵایی ستراتیژیی یان هەژموون و ویستەکانی گەورەترین کونسوڵخانە؟! ئەمەیە کە وتم ئێمە لەبەردەم فۆرمە تورکییەکەی 1990داین.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی سیاسەتەکانی گەورەترین کونسوڵخانە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا، هەرێم دەکەوێتە سێڕیانێکی کوشندە، سێڕیانێک هەموو توانا سەربازی و لۆجستی و ئەمنی و ئابووریی و دیپلۆماسییەکان تێیدا، لەسەروو تواناکانی هەرێمەوەیە، لەئایندەدا هەرێم دەگاتە خاڵێک، ناتوانێت هیچ بێدەنگییەک لەڕووداوەکان بگات و خۆی بێلایەن بکات کە ئەویش خاڵی (سەرۆک وەزیرانی شیعیی، میلیشیا و هەژموونی ئێرانە لەسەر عێراق)، ئەگەر ڕەتیدەکاتەوە سەرجار وەیی، ئەگەر قبوڵیشی دەکات 1000جار وەییتر.
کەواتە؛ لە ئێستا بەدواوە، هەرێمی کوردستان بەهێندەی گەورەیی کونسوڵخانەکەی ئەمریکا، دەکەوێتە بەردەم مەترسی، مەترسیی سەردەمی چەکە نوێیەکان و ناونیشانە ونەکان، لەم سەردەمە پڕ مەترسییەدا هیچ زەمانەتێکیش بۆ پاراستنی هەرێم لەگۆڕێ نابێت.
No Comment! Be the first one.