چاویارنیوز ـــ ئێران بە ناساندنی سێ نووسەر: ڕەزا ئەمیرخانی، مەجید قەیسەری و مەنسوور عەلیمورادی، لە یەکەمین خەڵاتی ئەدەبی بریکس، کە بۆنەیەکی جیهانی تازە دامەزراوە، ئامادەیی بەهێزی خۆی نیشان دا.
خەڵاتی ئەدەبی بریکس(BRICS Literary Award) یەکێکە لە نوێترین بۆنە کولتوورییەکانی جیهان، کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن وڵاتانی ئەندامی بریکسەوە دامەزراوە. ئامانجی ئەم خەڵاتە بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکانی نێوان گەلانی ئەندام و پاراستنی بەها نەریتییەکان و جۆراوجۆری ئەدەبییانە. بەرهەمە شایستەکان، چ لە شێوەی دەقی ڕەسەن یان وەرگێڕانی نوێ، دەبێت ڕەنگدانەوەی میراتی کولتووری و ئەزموونی گەلان بێت. براوەی کۆتایی خەڵاتەکە جگە لە وەرگرتنی بڕوانامە و مەدالیای تایبەت، خەڵاتێکیش بە بەهای یەک ملیۆن ڕوبڵی ڕوسی وەردەگرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە بەشدارێکی چالاکی ئەم بۆنە نێودەوڵەتییەی کرد. بەپێی یاسا و ڕێساکانی خەڵاتەکە، هەر وڵاتێکی ئەندامی بریکس دەتوانێت سێ نووسەر بۆ پێشبڕکێکە دەستنیشان بکات. ئێران لە خولی یەکەمدا سێ کەسایەتی ئەدەبی بەرجەستەی خۆی بە ناوەکانی ڕەزا ئەمیرخانی، مەجید قەیسەری و مەنسوور عەلیمورادی ناساندە ئەو ڕووداوە ئەدەبییە نێودەوڵەتییە. ئامادەبوونی ئەم سێ نووسەرە ئەوە دەردەخات کە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێران بە تەوەرە مرۆڤدۆستانە و جیهانییەکانیەوە توانیویەتی لە نێو کۆڕی گەورەکانی بریکسدا بەرز بوەستێت.
ماڵی کتێب و ئەدەبی ئێران بە هاوکاری لەگەڵ ڕاوێژکاری فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووسیا، بەرهەمە پێشنیار کراوەکانی کۆکردەوە و بە سکرتاریەتی خەڵاتی بریکسی ناساند. ئەم کارە بە مەبەستی پاڵپشتی لە وەرگێڕان و چاپی نێودەوڵەتی ئەدەبیاتی ئێرانی ئەنجامدرا.
خەڵاتی ئەدەبی بریکس زیاتر لە ڕووداوێکی ئەدەبی، بەڵکوو بەستێنێکە بۆ دیپلۆماسی کەلتووری. ئێران بە ناساندنی نووسەرە دیارەکانی خۆی توانیویەتی کەلتوور و ناسنامەی ئەدەبی ئێرانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت و دەرفەتی نوێ بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئێرانییەکان دابین بکات و بەشداری بکات لە پتەوکردنی پەیوەندییە کەلتوورییەکانی نێوان نەتەوەکانی ئەندامی بریکسدا.
No Comment! Be the first one.