ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئەگەر شەڕی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، هێڵی یەکلاکردنەوەی کورد و رۆژئاڤا لەلایەک و دەسەڵاتەکەی دیمەشق و هەموو لینکە گرێدراوەکانی بێت لەلایەکی ترەوە، ئەوا بۆ گیانفیدایی کورد، ئەو دەستشکاندنەوەیە ئاسانە، لە بنەڕەتدا مەقسەدەکە شەڕی بەرەیی و میلیتاریزەکردنی شێخ مەقسود نییە، بەڵکو شەڕی دەوڵەتە قووڵەکانی ناو سوریایە.
بەواتایەکی تر، هەموو سوپای دەسەڵاتەکەی شەرع بچێتە دەروازەی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، بایی هێندە جەربەزەیی لە ناوچاوانیی شەڕڤانەکانی کورد و ئاسایشی ئەو گەڕەکانە و هێزە کوردییەکاندا دەبینین کە نەترسین لە دەرەنجامی پەلاماردانەکە و شەڕی مەیدانیی کۆڵان بە کۆڵان، بەڵام ئەگەر پێکدادانەکە بگاتە سەودا و مامەڵەی ناسیاسیی و ناسەربازیی و نامۆراڵیی و لێدان لە پشتی کورد، کە ئەمە مەقسەدە ئەهریمەنییەکەیە و ئەزموونمان لەگەڵیدا هەیە، ئەوا ترسناکە.
ئێمە لە جووڵەکانی شەرع و سوپاکەی ناترسین، ترسەکە لە شێخ مەقسود نییە داگیربکرێت، یان شەڕەکە قورس بکرێت، بەڵکو مەقسەدەکە ئەوەیە، ئەگەر شەرع دیوێکی یارییەکەی فرۆشتبێت لەپێناوی کڕینی خوێنی کورد، ئەوە جێگەی مەترسییە، ئەوە ئەو شەڕەیە کە ترسمان لە چۆنێتیی یەکلابوونەوەی هەیە، چونکە وەک روونە هەرکات شەرع لەگەڵ ئیسرائیلییەکان کۆبووبێتەوە، پەلاماری پێکهاتەیەکی سوریای داوە، لە 12ی مانگی تەمموزی 2025دا، لەگەڵ ئیسرائیلییەکان لە ئازەربایجان کۆبوونەوە، ئەوەبوو کۆمەڵکوژیی درووزەکان لە سوەیدا روویدا، پاشان چەند رۆژێک پێش ئێستا و لە 6ی مانگی 1ی 2026، کاتێک لە پاریسی فەرەنسا لەگەڵ ئیسرائیل کۆبوونەوە، هەمان رۆژ ویستی شەڕی کورد بووە خەونیان و پەلاماری شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان دا.
مەقسەدمان لە دەربڕینی هەر ترسێک کە لەم دیمەنانەی پێکدادانی سێکوچکەی (کورد، شەرع و ئیسرائیل)دا دەیبینین، گەڕەکی شێخ مەقسود نییە، بەڵکو ئەوەیە؛ بێدەنگیی سوریا لە داگیرکردنی گردی تەل ئەحمەر لە پارێزگای قونەیتەرەی باشووری سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە و هەڵکردنی ئاڵاکەی و بێدەنگیی دیمەشق لەو جووڵەیەی ئیسرائیل و بەپێچەوانەوە پەلاماردانی کورد، ترسێکە لەو شوێنەدا کە ئیسرائیل موماتەڵەیەک لە یارییەکەدا بکات و هەندێک نەرمی نواندنی بەرامبەر هێرشەکانی شەرع بۆ سەر رۆژئاڤا و کورد کردبێت.
ترسەکە لەم مامەڵەیەی سوریا، یەکلایەنە نییە کە تەنها ئیسرائیلییەکان سوودمەند بووبێتن، بەڵکو پاریسییەکانیش گوێلێگیراون، تەنانەت گواستنەوەی کۆبوونەوەکە بۆ پاریس بۆ خۆی مانادارە، سەردی مێژوویی هەیە، لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، فەرەنسا فەزڵی خۆی بەسەر ئەم خاکەوە دەبینێت، هەر فەرەنسا بوو کاتێک لە ساڵی 1938 و لەدوای یەکەم جەنگی جیهانی لە خاکی سوریا کشایەوە، لێگەڕا بەشێک لە خاکی سوریا داببڕێت بۆ تورکیا، لەوانەش شاری (هاتای) و (ئەنتاکیا) و (ئەسکەندەروونە) کە ئێستا بوونەتە خاکی تورکیا. فەرەنسییەکان رێگەیان بە تورک دا، عەبدولڕەحمانی مەلەک، وەک سەرۆک وەزیران و تەیفور سۆکمەن، وەک سەرۆک کۆماری (هاتای) قبووڵ بکەن تا ریفراندۆمێک بکەن و لە خاکی سوریاوە بچێتە سەر خاکی تورکیا و هەرواش دەرچوو، بۆیە ئێستا وادەبینرێت وێنە مێژووییەکە دووبارە ببێتەوە، نەک هەر ئیسرائیل، بەڵکو فەرەنسییەکان لەدوایین کۆبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و دیمەشقدا، بەشی تورکەکانیشی دابێت و زەرەرمەندی یەکەم دیسان تەنها کورد بێت.
No Comment! Be the first one.