چاویارنیوز – باوەڕ ناکەم ئەگەر ئەم نامەیەم بە تایبەت و بە داخراویی بۆ جەنابتان ناردبایە، دوای خوێندنەوەی، کەس جورئەتی کردبایە بیگەیەنێتە دەستتان. بۆیە بە کراوەیی نووسیم.
کەس نییە ئەو راستییە نەزانێ، بەڵام یەکێک هەر دەبێ بڵێ “پاشا رووتە!”
وا بۆ دە مانگ دەچێ هەڵبژاردن کراوە، پارتی لە هەموان زیاتری هێناوە، بەڵام براوە نییە. دە مانگە پەرلەمان ناتوانێ کۆ بێتەوە و، بەرەو سێ ساڵيش دەچێ کە ئیفلیج کراوە. ئەوە سێ ساڵیشە کە کوڕەکەتان سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەرە و هیچ شەرعیەتێکی قانونیی نەماوە.
ئاسۆی سازانێکی نیشتیمانی بەدی ناکرێ و وڵات لە ناو زەلکاوی نادادیدا دەتلێتەوە و قەیران بە قەیران دەڵێ خۆت لادە!
پێویست بە درێژدادڕی ناکات، ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە کە جانبتان وەکو سەرۆکی پارتی ویستتان تا لە ژیاندان ئەوە ببینن کە کوڕی گەورەتان سەرۆکی حکومەتە.
شوکر بۆ خوا کە دیتتان، بەڵام ئەمە لەسەر میللەت زۆر گران راوەستا؛ لەو رۆژەوە تا ئێستا خەڵکی کوردستان باجی ئەو خۆزگە و ئارەزووەی ئێوە دەدەنەوە.
سیاسەتە هەڵەش، هەرزەکارانە و مەغرورانەی ئەم حکومەتە وایکرد کە خەڵکی کوردستان لە بەردەم قاپیی بەغدا ببن بە سواڵکەر!
جا خوا رەحمی کرد کە لە 2013 دا، (ئەوکات بە نیاز بوون و گۆڕان و یەکێتی رێگەیان نەدا کوڕەکەتان ببێتە سەرۆکی کابینەی هەشتەم) ئەوە رووی نەدا. بیهێنە پێش چاوی خۆتان و تەسەوڕی قۆناغی دوای ریفراندۆم بکەن!
شتێک بەناوی هەرێمی کوردستان نەدەما(.)
بۆ داپۆشینی عەیب و عاری ئەم حکومەتە واز لە هەناردەکردنی قەیران و تۆمەت بەشینەوە بێنن. واز لەوەش بێنن کە ئەگەر فڵان وڵات لەو وڵاتە بدات یان فڵان وڵات بڕوخێ قازانجی بۆ ئێوە دەبێ و گرەنتی مانەوەی کوڕەکەتان دەکات لە دەستەڵاتدا.
خەڵک کوڕەکەی جەنابتیان خۆش ناوێ. نوقتە سەری دێڕ!
ئەم نامەیەم رەنگبێ دەڕبڕینی دوایین دڵسۆزیم بێت بۆ ئێوە؛ کات لە قازانجتاندا نییە. گەر دەتانەوێ ئەم هەرێمە پەرلەمانی هەبێ، حکومەتێکی نیشتیمانی و دڵسۆزی هەبێ، ناوماڵی کورد تەبایی بۆ بگەڕێتەوە، تکایە دەستبەرداری کاندیدکردنی کوڕەکەتان بن بۆ پێکهێنانی حکومەت. دەستبەرداری هەندێک لە رق و قینی مێژوویتان بن و رێگە بدەن کەسی دیکە کە ئەهلی ئەو ئیشەن ئەو بەرپرسیاریەتییە وەربگرن. ئەوە بکەن، بڵێن بێت مانگێک ناخایەنێ کابینەی دە پێک دێ.
جاران پێموابوو کە پارتی فیشەک لە قاچی خۆی نادات، بەڵام هەڵە بووم. نەک لە قاچی بەڵکو لە سینگی خۆشی دەدات. منداڵ و تواڵی ئیخوان و تڕۆکراو لە دەزگای میدیایی نەوەکەی جەنابت بێباکانە شەو و رۆژ پەلاماری نێچیرڤان بارزانی دەدەن، ئەو نێچیرڤانەی کە وەک جەنابت لە کۆنگرەی 13 گوتت ئەگەر گوللەیەکی بۆ بێت کوڕەکانت سینگیانی بۆ دەکەنە قەڵغان!
ئێوە وەک راهێنەرێکن کە تیمەکەتان یاریزانێکی وەکو مێسی تێدایە، بەڵام تا سێ گۆڵتان لێ نەکرێ و یاریش لە کۆتا خولەکاندا نەبێ، مێسی ناهێننە ناو یارییەکە! کە مێسیش هات و یارییەکەی بردەوە، هەموو هاوار دەکەن بردمانەوە!
جەنابت حەتمەن دەزانی مێسیەکەی ئێوە کێیە!؟
نامەکەم بەوە کۆتایی پێدێنم کە جەنابتان لە قوڵایی تراژیدیایەکە بڕوانن. زۆربەی ئەهلی قەڵەم دەڵێن: چیتر پێویست ناکات رەخنە لە پارتی و حکومەت بگری، وەسفی نێچیرڤان بارزانی بکە کافییە!
لەگەڵ رێز و حورمەتمدا
رێبوار کەریم وەلی؛
نامەیەکی زۆر کراوە بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی
جاران پێموابوو کە پارتی فیشەک لە قاچی خۆی نادات، بەڵام هەڵە بووم. نەک لە قاچی بەڵکو لە سینگی خۆشی دەدات.

No Comment! Be the first one.