چاویارنیوز – سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، هیچ نیەتێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەرێم نییە و چاوەڕێی تەواوبوونی وردبینیی لیژنەی دارایین بۆ بڕیاردان لەسەر ناردنی مووچەی هەرێم، دەشڵێت، دەبێت هەرێم پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرباری یاسای بودجە، هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بەرادەستکردنی تەواوی بەرهەمی نەوت و هەروەها داهاتی نانەوتی، بێ پابەندبوونی هەرێمیش ناتوانرێت پارەی مووچە بنێردرێت.
سودانی بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی گوتووە، ئەو لیژنە وزارییەی بۆ چارەسەری کێشەی مووچە پێکهێنراوە، کاردەکات بۆ گەیشتن بە داڕشتەیەکی تەوافوقیی دەستووری، هەرکات هەرێمی کوردستان پابەند بوو بە پێشنیازەکانی لیژنەکە، ئەوکات داڕشتەکە پەسەند دەکرێت.
بەگوتەی سودانی، راجیاییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد یاسایی و تەکنیکین نەک سیاسی.
دووپاتیکردەوە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و دەوڵەتی عێراق رێزی لێدەگرێت.
لەبارەی یاسای نەوت و غازیشەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بەغداد و هەولێر دوو سێ کۆبوونەوەیان لەبارەی دەرکردنی یاسای نەوت و غاز ئەنجامدا، بەڵام دواتر هەولێر شاندی رەوانە نەکرد و کۆبوونەوەکان نەگەیشتنە ئەنجام.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و بڕیارێک لەسەر ناردنی مووچەی هەرێم بدرێت.
No Comment! Be the first one.