چاویارنیوز _ ڕابوون مەعروف ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، لە وتارێکدا کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی، دەنووسێت:
ئۆپۆزیسیۆنیی ئایندە، بۆ ئەوەی بتوانێت، لەبەردەم تەحەداکان سەرکەوتو بێت و مەشخەڵی ئومێدی راستەقینە، بگرێتە دەست، دەبێت:
یەکەم: سنوری خۆی بە هێڵێکی تۆخ، لەوانە جیا بکاتەوە کە ئۆپۆزیسیۆنیی فڵانە حیزب و گروپی سیاسیین، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی سیستەم نین و وابەستەی حیزب یان کارتێلێکی ناو هەمان سیستەمی ئێستان. کەسێك، بە هێڵێکی توند، بەرژەوەندییەکانی، لەگەڵ ئیدارە و دەسەڵاتی هەولێر گرێداوە و لە زۆنی زەرد، دونیا وێران بێت، قسەی نیە، بەڵام لە سەر ئیدارەی سلێمانی، چاوی لە گورگ تیژترە؛ یان چەورە و دەستدەخۆریی زۆنی سەوزە و وەك مالۆس پاڵیداوەتەوە و لەسەر سامانی گشتی بژێوی دەستەبەر دەکات و بزنز دادەمەزرێنێ؛ ئەگەر لە سلێمانیی میلیشیا بە دەبابە بچنە سەر خەڵك، یان قسە ناکا یان دۆزەکە دەکاتە بابەتی شیعر و رۆمانس؛ ئەمانە، نەك هەر ئۆپۆزیسیۆن نین، بەڵکو خۆرەی ناو گروپە کۆمەڵایەتیە جیا جیا توڕە و ناڕازییەکانن. ئۆپۆزیسیۆنی ئایندە دەبێت، سنوری خۆی لەوانە جیا بکاتەوە و جەستە و بارستایی خۆی لەو خانە سەرەتانیانە پاکبکاتەوە.
دوەم: دەبێت، لە روی فیکرییەوە، ئۆپۆزیسیۆنی ئایندە، لەسەر گوتارێکی تۆکمە و دیدەگایەکی رۆشن دامەزرێت. دەبێت، بە رون و رەوانیی، پیشانی بدات، کە ئەڵگۆ و نمونەی ئەو بۆ دۆزیی کورد و بۆ ئیدارە و حوکمڕانیی، لە ئێستا چاکتر و پێشکەوتر و کراوەترە و بەشێکە لە جیهانی دیموکراسیی و حوکمڕانیی دەستوریی و دامەزراوەیی مۆدێرن و ئازادیەکان و مافەکانی مرۆڤ و .. بێگومان ئێستا، لە کوردستان، حیزب و هێزگەل هەن، نەك لە پارتی و یەکێتی خراپترن، بەڵکو بە روت و قوتی دیفاع لە تیرۆر و سەرکوت دەکەن و دژیی ئەو پەراوێزە بچوکەن کە بۆ ژیانیی تایبەت هەیە و خەون بە کۆتایی دۆزی کورد دەبینن و بونەتە درێژەی هەژمون و دەستی رەشی داگیرکەران لە کوردستان. حیزبێك یان گروپ و کەسانێك خەون بەوەوە ببینن، هەولێر و سلێمانیی بکەن بە کابوڵ و دیمەشق و سەنعا، بۆ دەبێت وەك ئۆپۆزیسیۆن ببینرێن و دەیان هەزار لاوی کورد، خەون و ئامانج و ئومێدی خۆیان، لە کورەی ئەو هێزە ترسناکانە بکەن بە خەڵوز؟
ئەگەر خەون و خولیا و ئامانجت هەیە، دەبێت بزانیت نەمامی خەونەکانت لە کوێ دەڕوێنیت.. لِقومٍ يعقلون!
No Comment! Be the first one.