چاویارنیوز ــــ یازدەهەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی بەیت و حەیران بە سەرپەرشتی “حەسەن حەسەن زادە” لە ١١ تا ١٣ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٤ لە شاری سەردەشتی ئێران لە دوو بەشی کێبڕکێ و نا کێبڕکێدا و بە بەشداری هونەرمەندانی مۆسیقا لە سەرتاسەری وڵاتی ئێراندا بەڕێوە دەچێت.
بەپێی پەیوەندییە گشتییەکانی یازدەهەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی بەیت و حەیران، ئەم فێستیڤاڵە بە هەوڵی ڕێکخراوەی فەرهەنگی و هونەری “شارۆ”، کۆمەڵەی مۆسیقا و ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی سەردەشت و بە پاڵپشتی نوێنەری خەڵکی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و ئیرشادی ئیسلامی لە شاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، و بە هاوکاری شارەوانی، و کافێی کتێبی ژیکۆ بەڕێوەدەچێت.
ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە بەهێزکردن و فراوانکردن و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی فۆلکلۆر و مۆسیقای ڕەسەنی ناوچەکانی ئێران و دابینکردنی کەشێکی گونجاوە بۆ گەشەکردن و پێشخستنی گەنجینەی بەنرخی مۆسیقا و ڕێزگرتنە لە هەوڵی هونەرمەندان.
یازدەهەمین فێستیڤاڵی نیشتمانی مۆسیقای بەیت و حەیران لە دوو بەشی کێبڕکێ و نا کێبڕکێدا بەڕێوەدەچێت. لە بەشی پێشبڕکێدا بەشداربووان لە بەشەکانی گۆرانی وتن بە تاک، ژەنیاری تاک و ژەنیاری دووانەییدا و لە سێ گروپی تەمەنی ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ و هەروەها بۆ بەشی ژەنیاری بەکۆڕ بەبێ سنوورداری تەمەن دەتوانن پێشبڕكی بدەن.
No Comment! Be the first one.