چاویار نیوز ـــ زانایان لە کریمیا ئامرازەکانی سەردەمی بەردینیان دۆزیوەتەوە کە لە “قەڵەمی مۆمی” دەچن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە نیاندەرتاڵەکان بۆ وێنەکێشان یان نیشانە ڕەمزیەکان بەکاریان هێنابێت. بەڵام هەموو توێژەران لەگەڵ ئەم لێکدانەوەدا هاوڕا نین.
توێژینەوە نوێیەکان باس لەوە دەکەن کە نیاندەرتاڵەکان دەیان هەزار ساڵ لەمەوبەر “قەڵەمی مۆمی” لە ڕەنگی سوور و زەردیان دروستکردووە و ڕێگەی جۆراوجۆریان بەکارهێناوە بۆ تیژکردنەوەی نووکێکی تەواو ڕێک و پێک.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی لایوساینس، ئەم نیاندەرتاڵانە کە لە ناوچەیەکی ئێستای کریمیا (باکوری دەریای ڕەش) دەژیان، قەڵەمەکانیان لە “ئۆخر،Ocher” داتاشیوە، کە ماددەیەکی کانزاییە و ئاسنی تێدایە و وەکو ڕەنگدانە بەکاردەهێنرێت. لە توێژینەوە نوێیەکەدا، توێژەران سێ قەڵەی “ئۆخر”یان دەستنیشانکردووە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ١٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا و نیشانەی “بەکارهێنانی هۆشیارانە”یان تێدایە.

دۆزینەوەکە بەڵگەی نوێ زیاد دەکات بۆ مشتومڕێکی درێژخایەن سەبارەت بە توانای نیاندەرتاڵەکان بۆ خولقاندنی هونەری ڕەمزی. لەم حاڵەتەدا، هەرچەندە نووسەران هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر دیزاین یان نەخشی ڕاستەقینە نەدۆزیوەتەوە، بەڵام ئاماژە دەکەن کە ئەگەر نیاندەرتاڵەکان تەنها بۆ ئەرکەکانی وەک پاک و خاوێن کردنەوەی پێستی ئاژەڵەکان “ئۆخر”یان بەکارهێنابا، ئەوا پێویستیان بە تیژکردنەوەی نووکەکەی نەدەبوو کە وەکوو قەڵەم وای لێبێت.
بەپێی توێژینەوەیەک کە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە گۆڤاری Science Advances بڵاوکراوەتەوە، دۆزینەوەی قەڵەمێک کە چەندین نیشانەی تیژبوونەوەی تێدایە، ئەوە دەردەخات کە نیاندەرتاڵەکانی کریمە هەندێکجار لە “ئۆخر” بۆ چالاکییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە مانادارەکان کەڵکیان وەرگرتووە وەک کێشانی نەخشی جۆراوجۆر لەسەر جەستەیان.
No Comment! Be the first one.