چاویارنیوز _ تابلۆکانی “ڤیکتۆر هۆگۆ” ڕوماننوسی گەورەی فەڕنسی و خاوەنی دووبەرهەمی بەناوبانگی “بێنەوایان” و “قەمبووری نۆتردام” لە لەندن نومایش دەکرێن.
بڕیارە لە 29ـی حوزەیرانی 2025، پێشانگەیەکی تایبەت بە هۆگۆ بەناونیشانی “شتە سەرسوڕھێنەرەکان: نیگارەکانی ڤیکتۆر هۆگۆ” لە ئەکادیمیای شاھانەی ھونەر لە لەندەنی بەریتانیا بکرێتەوە.
پێشانگەکە 70 بەرهەمی دەگمەنی هۆگۆ لەخۆدەگرێت، کە بریتین لەو وێنانەی بە خێرایی کێشراون و ئەزموونی ئەبستراکتی ناروونن.
ڤیکتۆر هۆگۆ (1802-1885) لە سەردەمێکدا لەدایکبووە کە فەرەنسا لە نێوان شۆڕشەکان و ستەمکاریدا دەژیا، لە دوای مانەوەی لە دوورگەی گێرنزی سەر بە دەسەڵاتی ئینگڵتەڕا، گرنگترین ئەزموونی لە ھونەری وێنەکێشاندا تۆمار کردووە، بەشێکیان گوزارشتن لە ناڕەزاییەکانی دژ بە بڕیاری لەسێدارەدانی.
ئەوەی وێنەکانی هۆگۆ لێک جیا دەکاتەوە، فرەچەشنییەکەیەتی لە رووی شێوە و تەکنیکەوە، بەشێکیان شێوە و ھێڵکێشانی ناروونیان ھەبووە و هیوگۆ بە خاڵە رەنگینەکان ناویانی بردووە. لە بەشێک لە تابلۆکانی دیکەیدا جیھانێکی سووریالی نغرۆی خەیاڵ کردووە.
لە یەکێک لە تابلۆکانیدا، رووەکێکی قەبارە گەورە دەبیندرێت و لە شێوەی مرۆڤە. لە تابلۆی “پارکی چۆڵکراو”ـدا، کە قەبارەکەی 4.4 سانتیمەترە، دارستانێکی تاریک و ترسناک دەخاتەڕوو کە دەڕوانێتە دەریاچەیەکی بچووک.
پێشانگەکە کۆمەڵێک پرسیاری قووڵ لەبارەی سرووشتی ناوازەی تابلۆکانی ڤیکتۆر هۆگۆ دەورووژێنێت، پێشتر ڤان گۆخ، شێوەکاری ناسراوی ھۆڵەندی، کارەکانی هۆگۆی بە سەرسووڕھێنەر ناساندووە، ئەمڕۆش بە بڕوای بەشێک لە رەخنەگران، بەشێک لە بەرهەمە ئەبستراکتەکانی فرانسیس بەیکن، فەیلەسووف و وێنەکێشی ئینگلیزی لە سەدەی بیستەمدا تێپەڕاندووە.
هۆگۆ لە تابلۆکانیدا خۆشەویستی خۆی بۆ ھونەری تەلارسازی خستووەتەڕوو و بوونەوەرە خەیاڵی و ئەفسانییەکان لە نێو کارە ھونەرییەکانیدا بەدی دەکرێن.
No Comment! Be the first one.