چاویارنیوز ــــ زیاتر لە 1200 چالاکی بواری سینەما و تەلەفزیۆن لەوانەش خاوەنی خەڵاتی ئۆسکار، بافتا (ئەکادیمیای فیلمی بەریتانی) و خەڵاتی ئیمی، بەیاننامەیەکیان واژۆ کردووە و بەڵێنیان داوە هاوکاریی ئەو دامەزراوە و کۆمپانیا ئیسرائیلییانە نەکەن کە دەستیان لە تاوانەکانی جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی دژی گەلی فەلەستیندا هەیە.
واژۆکارە دیارەکانی ئەم بەیاننامەیە بریتین لە دەرهێنەرە ناسراوەکان لەوانە “یۆرگۆس لانتیمۆس”، “ئادەم مەککەی” و “مایک لی”، هەروەها ئەکتەرانی بەناوبانگ لەوانە “ئۆلیڤیا کۆڵمان”، “تیلدا سوینتۆن”، “خاڤیێر باردێم” و “سینتیا نیکسۆن”.
بەپێی بەیاننامەکە، نموونەی هاوبەشی بریتین لە سپیکردنەوە یان پاساودانی جینۆساید یان هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتێک کە ئەو تاوانانە ئەنجام دەدات. لە ڕاگەیەندراوەکەدا فێستیڤاڵی فیلمی قودس وەک نموونەیەک لە فێستیڤاڵێک دەهێنێتەوە کە بەهۆی هاوکاری لەگەڵ ڕژێمی ئیسرائیل بایکۆت کراوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: “لەم ساتەوەختە گرنگەدا کە زۆرێک لە حکومەتەکان ڕێگە بە جینۆساید لە غەززە دەدەن، پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی هاوبەش نەبین لەم تاوانە بەردەوامەدا”.
واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیە بەڵێنیان دا کە تا پاکتاوی نەتەوەیی و جینۆساید لە دژی فەلەستین نەوەستێت، لە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ دامودەزگاکانی پەیوەست بە ئیسرائیلەوە خۆیان بەدوور بگرن
بەگوێرەی ڕێکخەرانی بەیاننامەکە، ئەو کردارە لە دەستپێشخەریی سینەماتۆگرافەرانی یەکگرتوو دژی ئاپارتاید وەرگیراوە، کە لە ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن دەرهێنەر “جۆناسان دێمێ” و “مارتن سکۆرسێزی” دامەزرا، کە داوای لە هۆلیڤوود کردووە بایکۆتی بڵاوبوونەوەی فیلم لە ئەفریقای باشوور لە سەردەمی ڕژێمی ئاپارتایددا بکات.
هانا ئینبیندەر، یەکێک لە واژۆکارەکان بەیاننامەکە دەڵێت: ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە غەززە ڕووی داوە ئینسان تووشی شۆک دەکات. “وەک ژنێکی جولەکەی ئەمریکی کە باجەکانم ڕاستەوخۆ پارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دابین دەکات، هەست دەکەم دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ کۆتاییهێنان بەو کۆمەڵکوژییەکە.”
شایانی باسە لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار نووسەر و چالاکوانی چاپ و بڵاوکردنەوە بەیاننامەیەکی هاوشێوەیان واژۆ کرد کە تێدا داوای بایکۆتکردنی پیشەسازی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئیسرائیلیان کردووە.
No Comment! Be the first one.