چاویارنیوز _ لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە ئەمریکا، لە ماڵی یەکێک لە ماڵباتە کوردەکان، پێشانگایەکی تایبەت بە هونەری شێوەکاری بۆ شێوەکاری بەناوبانگی کورد لوقمان ئەحمەد کرایەوە.
ناوی پێشانگاکە ”گەشتیارێکی رەنگین، لە دڵ بۆ دڵ” بوو و دەیان تابلۆی سەرنجڕاکێش و دانیسقە نمایشکرابوون، کە سەرجەمیان رەنگدانەوەی مێژوو، کولتوور و داستانەکانی کوردی بوون، لە نێویاندا داستانی مەم و زین.
لە پێشانگاکەدا بە دەیان کەس کە زۆربەیان کوردی دانیشتووی ئەمریکابوون ئامادەبووین، لە نێویاندا دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق.
لوقمان ئەحمەد، هونەرمەندە و باس لەوە دەکات، “ناوی پێشانگاکە گەشتیارێکی رەنگین لە دڵ بۆ دڵ، ناوەکەی بەم شێوەیەیە و تایبەتە بە کۆمەڵگەی کوردی لە واشنتن، مێریلاند و ڤێرجینیا، چونکە من وەک مێوان هاتم، حەزمکرد شتێک بەدیاری بدەم بەم کۆمەڵگایە جوان و رەنگینە، مەبەستی سەرەکیشم ئەوەبوو بزانم تاوەکو چەند کورد لە هونەر تێدەگات و بایەخی پێدەدات، پێشتریش چەندین ساڵ لێرەبووم و چەندین کارم لە نێو کورد و ئەمریکییەکانیشدا کردووە، پێشتر زیاتر لە نێو ئەمریکیاندا کارمان کردووە، بەڵام ئەمجارە تایبەتە بە کوردان، ویستم لەم ماڵە چالاکییەکە بکەین، ماڵێکی کوردییە و گوتمان با لە گەلەرییەکان بێیینە دەرەوە و بێینە نێو خەڵک، بۆیەش ئەم ماڵەمان هەڵبژارد، ماڵی دیمەن خان و کاک ئەحمەد، تاوەکو خەڵک بە دڵخۆشی و ئاسوودەیی بێن تابلۆکان ببینن و گفتوگۆ لەبارەی هونەرەوە بکەن.”
دیمەن رەمزی پیرداود، خاوەنی ئەو ماڵەیە کە پێشانگایەکەی تێدا کرایەوە و دەڵێت، “ئەوەی راستی بێت کۆمەڵگەیەکی کوردی زۆر فراوان هەیە، بەڵام بەداخەوە کەمێک پەرتەوازە و بڵاوین، چەند ساڵێکە حەز دەکەم بنکەیەکی کولتووری بۆ کوردی ئێرە دروست بکەم کە بەیەکەوە کۆیان بکاتەوە، لە راستیدا ئێمە لە نێو کورد لێرە خاوەن بەهرەی گەورەمان لە نێودایە، زۆر شانازی دەکەم کە قەرەباڵخییەکی زۆر هەیە، یەکەمجارە شتێکی وا لە نێو کۆمەڵگەی کوردی دەبینم، چونکە ئەمە شتێکی فەرمی نییە و من وەک کەسێک کردوومە نەک وەک رێکخراوێک یان لایەنێکی سیاسی، وەک کەسێک ئەم شتە سادەیەمان کرد، بەڵام بینیم پەرۆشێکی زۆر لەلایەن کوردی ئێرە هەیە کە زۆر دڵخۆشی کردم، کاک لوقمان، خەریک بوو لە خۆشیاندا فرمێسکەکانی بێتەخوارەوە بە هاتنی ئەو خەڵکە و پێشوازیکردنیان لە هونەرەکەی”.
ژیلیا ئەحمەد، خوێندکارێکی کوردە و لەوبارەوە باس لەوە دەکات، “دەمێکە ئاشنای کارەکانی کاک لوقمانم، لە ئینستاگرام و فەیسبووک کارەکانم بینیووە، بەڵام یەکەمجارە لە نزیکەوە دەیانبینم، بەراستی شتێکی زۆر جوانی دروستکردووە، ئەوەم زۆر بەلاوە جوانە کە مێژووی کوردی تێدەکات، رەنگی کوردی تێکەڵ دەکات، وەک زەرد و زێڕ و رەنگی دیکەی تێکەڵ دەکات، زۆر پێمخۆشە کە نیگارکێشێکی ئەوها کوردمان هەیە، بەناوبانگە، کاری جوان دەکات لە کوردستان و لە ئەمریکا و لە ئەورووپاش، خۆشحاڵ بووم ئەم جارە لە نزیکەوە ناسیم.”
عارف ئاریا، خانەنشینە و ئاماژە بەوە دەدات، “ئەمە هی کاک لوقمان ئەحمەدە، من ئاشقی هونەرەکانی لوقمانم، کولتوری کوردی، هونەر و میوزک لە تابلۆکانیدا نیشان دەدات، ئاشقی کارەکانیم و چەند دانە تابلۆی دیکەی لە ماڵی ئێمەدا هەیە، هەر تابلۆیەکی داستانێکی کوردییە، داستانی هونەری میوز و شانۆ گەری، هەر تابلۆیەکی داستانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک مەم و زینی ئەحمەدی خانی و هەر یەکەیان نیشاندەری شتێکی تایبەتی کوردییە.”
No Comment! Be the first one.