چاویارنیوز ـــ لیستی درێژی پاڵێوراوان بۆ خەڵاتی ئەدەبی بوکەر بۆ ساڵی 2025 ڕاگەیەنرا کە نووسەرانی 9 نەتەوەی جیاواز لەخۆ دەگرێت.
“ڕادی دۆیڵ”، سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانی خەڵاتی بوکەر، ڕایگەیاند کە ئەو 13 بەرهەمەی کە پاڵێوراون بۆ خەڵاتی بوکەر بۆ ساڵی 2025 هەموویان چیرۆکی سەرنجڕاکێشن کە هەرکامە بەشێوەیەک باس لە بابەتەکانی ناسنامەی تاک و نەتەوەیی دەکەن.
لیستی پاڵێورانی خەڵاتی بوکەر نووسەرانی 9 نەتەوەی جیاواز لەخۆ دەگرێت و بووە بە جیهانیترین لیستی ئەم خەڵاتە لە دە ساڵی ڕابردوودا.
سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانان لەبارەی بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان ڕوونی کردەوە: “ئەم کتێبانە پڕن لە کارەکتەری زیندوو و چیرۆکی سەرسوڕهێنەر. هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان ناسنامەی تاک یان نەتەوەیی تاوتوێ دەکەن، من هەموویان بە سەرنجڕاکێش و نایاب دەزانم.”
“گابی ڤوود”، بەڕێوەبەری دامەزراوەی خەڵاتی بوکەر دەڵێت: “جێگەی سەرنج ئەوەیە کە زۆربەی نووسەرانی ئەم لیستە مێژوویەکی دوورودرێژیان لە نووسیندا هەیە. هەروەها ئەم لیستە زۆرترین جیاوازی نەتەوەیی هەیە لە دە ساڵی ڕابردوودا، لە حاڵێکدا کە نووسەرانی بەریتانیش ئامادەبوونێکی بەرچاویان هەیە.”
لیستی کورتی خەڵاتی بوکەر لە 23ی ئەیلوول ڕادەگەیەنرێت و براوەی کۆتایی لە 10 ی تشرینی دووەم دەناسێنرێت.
ساڵی پار، “سامانثا هاروڤی” بۆ نووسینی ڕۆمانی”ئوربیتال” بوو بە هەڵگری خەڵاتەکە. براوەکانی تری ئەم دواییانە بریتین لە “پاول لینچ”، “شیهان کاروناتیلاکا”، “دامۆن گالگوت” و “دۆگلاس ستیوارت”.
No Comment! Be the first one.