چاویارنیوز ـــ وەزیری میرات فەرهەنگی، گەشتوگوزار و پیشەی دەستی ئێران وێڕای جەخت لەسەر پێویستی گۆڕینی شوێنە مێژووییەکانی کوردستان بۆ ناوەندی چالاکی فەرهەنگی و شارستانی چالاکی وڵات وتی: سنه نابێت به بینا مۆدێرن و پێکهاته نوێیەکانی بناسرێت، بەڵکوو پێویسته وەک سیمبولێکی درەوشاوەی کولتوور و مێژوو و شارستانی ئێران به ئێرانییەکان و جیهان بناسێنرێت.
سەید ڕەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری میراتی فەرهەنگی و گەشتوگوزار و پیشەی دەستی ئێران، لە دووهەمین ڕۆژی سەردانی بۆ پارێزگاکانی وڵات و بۆ کوردستان و لە پەراوێزی سەردانی مزگەوتی گەورەی مێژوویی شاری سنە، ئەم بینا بەنرخەی بە یەکێک لە جوانترین شوێنەوارە مێژووییەکان کە لە سەردەمی قاجارەوە ماوەتەوە وەسف کرد و وتی: مزگەوتی گەورەی شاری سنە یەکێک لە بینا شکۆمەندەکانی هونەر و تەلارسازی ئێرانی – ئیسلامییە کە دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی وڵات. ئەم بینایە هێمای ئیمان و هونەر و مێژووی خەڵکی کوردستانە و توانایەکی بەرزی هەیە بۆ ڕاکێشانی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.
ناوبراو وتیشی: پێویستە پلانی ورد دابنێین بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن لە هەر پارێزگایەک لانیکەم سێ بۆ حەوت ڕۆژ بمێننەوە. بۆ ئەم مەبەستەش شوێنەوارە مێژوویی و فەرهەنگییەکان وەک مزگەوتی گەورەی شاری سنە و کۆشکی خوسرەوئاباد ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە مانەوەی گەشتیاران و هەروەها خۆشگوزەرانی ئابووریی پارێزگاکەدا.
No Comment! Be the first one.