چاویارنیوز ــــ”کیم نۆڤاک” ئەکتەری تەمەن 92 ساڵانی ئەمریکی خەڵاتی فەخری شێری زێڕینی لە 82 مین فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیزی وەرگرت.
فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیزیای ئەمساڵ یەکێک لە لەبیرنەکراوترین ساتەکانی لەگەڵ بوو، کیم نۆڤاک، ئەستێرەی ئەفسانەیی فیلمی “سەرگێژە” لە دەرهێنەری “ئەلفرێد هیچکاک”، دوای دەیان ساڵ دوورکەوتنەوە لە چاوی خەڵک خەڵاتی شێری زێڕینی فەخری لە “گیلێرمۆ دێل تۆرۆ” وەرگرت.
“دێل تۆرۆ” لە مەراسیمەکەدا ستایشی نۆڤاکی کرد و وتی: ئەوەی لە ژیانی پیشەییدا جێی ستایشە ئەوەیە کە توانی لە هەمان کاتدا هێز و لاوازی و نهێنی نیشان بدات، هەمیشە کەمێک دڵسۆزی و کەمێک دڵشکان و کەمێک نهێنی لەگەڵ خۆیدا هەبووە، سەرەڕای هەموو جوانی و شکۆمەندییەکەی.
ئەو سینەماکارەی هەڵگری خەڵاتی ئۆسکار دەشڵێت: ئەوەی زیاتر جێگەی ستایشە ئەوەیە کە ناوبراو لە لووتکە و لە ئەوپەڕی ناوبانگدا بڕیاریدا خۆی لە سینەما دوور بخاتەوە و لە بەخێوکردنی ئەسپ و شیعر و نیگارکێشیدا ئارامی بدۆزێتەوە.
نۆڤاکی تەمەن 92 ساڵ، دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە لە وتارێکدا وتی: خۆشحاڵم کە ئەم دیارییە تا ئەمڕۆ پارێزراوە، دایکم هەمیشە دەیگوت: تۆ کاپتنی کەشتییەکەی خۆتیت، پێموایە هەموومان پێویستە ئەم ڕستەیە بە خۆمان بڵێین و دەنگی خۆمان بگەیەنینە هەموو جیهان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، نۆڤاک ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کرد کە تووشی نەخۆشی دوو جەمسەری بوون، بۆ ئاشتی ڕوو لە هونەری نیگارکێشی بکەن.
No Comment! Be the first one.