چاویارنیوز ـــ “حاجی تەوفێق بەگ” ئەو شاعیرە پەندبێژەی کوردستان کە ویستی شێعر نەک لە کۆشکی شاهاندا، بەڵکوو لەسەر شەقام و لە دڵی خەڵکدا بوونی هەبێت. لە مێژوو و کولتووری گەلی کورد زماندا، زۆر شاعیر و نووسەر ژیاون و بەرهەمی هونەری ناوازەیان بەجێهێشتووە. لەم مێژووە دێرینەدا ناوی “پیرەمێر” دوای مردنی بە گەشاوەیی دەدرەوشێتەوە.
شاعیر و ڕۆژنامەنووسێکی کورد کە قەڵەمە بوێرەکەی دڵی زۆرێک لە گەلی کوردی دەلەرزاند. ناوبراو خاوەنی دەیان بەرهەمی بەنرخە لەوانە پەند و ئامۆژگاری، وەرگێڕان، دیوانە شیعر و زۆرێکی دیکە کە ڕەنگە هێشتا هەندێک کەس ئاشنای نەبوون. لەم بەشەی خوارەوەدا ژیاننامەی ئەو کەسایەتییە گەورەیە دەگێڕینەوە و بەشێک لە بەرهەمەکانی دەخەینەڕوو.
ژیاننامەی پیرەمێرد یان حاجی تەوفێق بەگ
“پیرەمێرد” یان حاجی تۆفیق بەگ، شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانی کوردە کە لە ساڵی 1867 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و لە سەردەمی لاویەتیدا زانستی ئایینی خوێندووە. پێرەمێرد مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک و بۆ ماوەیەک ماوەتەوە.
هەروەها بخوێنەوە: کتێبی مێژووی عێراق
تەنانەت ڕووی لە شاری بانە لە کوردستانی ئێرانیش کردووە و بۆ ماوەیەک لەوێدا ماوەتەوە. ناوبراو دەمێکیش لە ئەستەمبوڵ ژیاوە و هەر لەوێدا لە کۆلێژ یاسای خوێندووە و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دامەزراوە.
لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵەکانی 1925دا و پاش تێکچوونی بارودۆخی ئەو کاتە، گەڕایەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتەکانی ژیانی پڕ بەرهەمی ھەر خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی بووە.
پاش گەڕاندەوەی لە تورکیاوە بۆ سلێمانی، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا دەمێنێتەوە تا لە ساڵی 1926، لە مانگی کانوونی یەکەمدا، شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەردەھێنێت بە سەرۆکایەتیی حسێن کازم و پیرەمێردیش دەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە.
پێرەمێرد کاری ڕۆژنامەوانی بە پێشتر و پێویستتر دەزانێ، ئەم بڕوایەشی لە خۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەمبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەمبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و وێژە بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بەیەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، و جیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا.
حاجی تەوفێق دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەر ئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بە مەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا.
بەرهەمە هەرە گرنگەکانی پیرەمێرد
پیرەمێرد خاوەنی دەیان بەرهەمی جۆراوجۆرە لە هەموو بوارەکاندا، لەوانە شیعری، کۆمەڵایەتی، فەلسەفی، ڕامیاری وەرگێران و شانۆنوونسی و ھتد. لە گرنگترین بەرهەمەکانی ناوبراو دەتوانین ئاماژە بەینە، دیوانی مەولەوی (ئەسڵ و ڕۆح)، لەچاپخانەی خۆی بە دوو بەرگ لەچاپی داون.
چیرۆکی مەم و زین، دوانزە سوارەی مەریوان، کتێبی پەندی پێشینان،
چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل،
گاڵتەوگەپ ساڵی ١٩٤٧، بریتییە لە ھەندێک ڕووداوی خۆشی ناو کۆمەڵی کوردەواری، ھەم بۆ پێکەنین و ھەم بۆ پەند وەرگرتنە.
ڕۆمانی کەمانجەژەن، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی،پەندەکانی پیرەمێرد.
جیهانی شێعر و پەخشانی
پیرەمێرد لە بواری شیعردا دەستێکی باڵای ھەبووە و یەکێکە لەو شاعیرە دەگمەنانەی کورد کە سنووری لە نێوان شیعری کلاسیک و شێعری نوێدا دانەناوە، واتە لە نێوان کێش و قافیەی عەرووزی و سیلابی نەتەوەیی، بەڵکوو ئەمانەی تێکەڵ بە یەکتر کردووە.
ئەمڕۆ شیعرێکی تازە بابەتی نەتەوەیی داناوە و سبەینێ لە شیعرێکی دیکەیدا پێڕەوی بەحری عەرووزی و یەکێتی قافیەی کردووە. شایانی ئاماژەیە کە زمانی ئەدەبیی و شێعری پیرەمێرد، کوردییەکی پاکی ڕەسەنە و تایبەتە بە خەڵکی ناو کوردەواری.
پەندەکانی حاجی تەوفێق
پیرەمێرد خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە لە پەندی پێشینانی کوردییەوە ھەڵقوڵاون و لە ناو ھۆنراوەکانیدا ھۆنیونییەتەوە، کەژمارەیان دەگاتە 4800 پەند، زۆربەی پەندەکانی ڕۆژانە دەیانینووسی و لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوی دەکردەوە، پاش مردنی خۆی، کاکەی فەلاح، هەر هەموویانی کۆی کردوونەتەوە و ڕێکیخستوون و لە دووتوێی کتێبێکدا لە چاپی داون. یەکێک لە نموونە پەندەکانی ناوبراو:
شەڕنەکەر پیشەی زوو دانیشتنە/ بەردی زل بەڵگەی نەهاوێشتنە.
ڕۆژنامەوانی
پیرەمێرد لە سەرەتای گەیشتنی بە تورکیا و ھەر لەو کاتەوە کە ئەندامی مەجلیسی باڵای ئەستەمبوڵ و خوێندکاری کۆلیژی یاسا بووە، دەستی کردووە بە نووسین و وەرگێڕانی شیعر و وتار و زیندووکردنەوەی وێژەی کوردی و ناساندنی بەو جیھانە نوێیە.
لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا یا خاوەن و سەرنووسەر بووە یاخود لە دەستەی نووسەراندا بووە و نووسەرێکی چالاک بووە. ئەو ڕۆژنامانەی کە ناوبراو تێیدا چالاکی نواندووە بریتین لە، ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب، ڕۆژنامەی کورد تەعاوەن و تەرەقی غزەتەسی، ڕۆژنامەی ژین و گوڤاری ژین، ڕۆژنامەی شەمش.
کاریگەری بەرهەمەکانی پیرەمێرد لەسەر کولتوور و زمانی کوردی
حاجی تەوفێق بەگ بە کەڵک وەرگرتن لە وشەی کۆن و ڕەسەنی کوردی، بە تایبەت شێوەزاری سۆرانی، یارمەتی پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی گەنجینەی زمانەوانی کوردی دا. ناوبراو لە سەردەمێکدا نووسیویەتی کە زمانی کوردی لە ژێر گوشاری زمانە فەرمییەکان (عەرەبی، فارسی، تورکی) بووە. شیعرەکانی دەریانخست کە زمانی کوردی دەتوانێت زمانی فیکر و عیرفان و فەلسەفە بێت نەک تەنها زمانێک بۆ پەیوەندی گرتن و وتوێژ.
تەوەری سەرەکی شیعرەکانی حاجی تۆفێق بەگ تامێکی عیرفانیی و سۆفیگەری هەیە. وەک مەلا جزیری و نالی خۆشەویستی زەمینی گۆڕی بۆ هێمای خۆشەویستی ئیلاهی. ئەم پەیوەندییە وایکرد شیعر و پەخشانی کوردی هەنگاوێک بەرەو تێپەڕاندنی ڕۆحی و فەلسەفی بنێت و ئاستی هەستی ڕۆمانسی تێپەڕێنێت.
پیرەمێرد تا دواھەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە سەرقاڵ بووە، تا لە 19ی حوزەیرانی 1950 لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 83 ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییی کرد. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، بەخاک سپێردرا.
No Comment! Be the first one.