چاویارنیوز ـــ یونسکۆ براوەکانی حەوتەمین خولی کێبڕکێی نێودەوڵەتیی فۆتۆی “ڕوانگەی لاوان لەسەر جاددەی ئاوریشم”ی ڕاگەیاند و “فەربود باوەیی”، فۆتۆگرافەری خەڵکی سەققز پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
ئەم پێشبڕکێیە جیهانییە کە لە ٢٦ی ئایار تا ٥ی ئابی ٢٠٢٥ بە تەوەری “ژن، پارێزەرانی میراتی جاددە ئاوریشمییەکان” بەڕێوەچوو، دەرفەتێک بوو بۆ گەنجانی وڵاتانی جیاواز بۆ ئەوەی لە چاوی کامێراکانیانەوە نوێنەرایەتی میراتی هاوبەشی ئەم ڕێگا مێژووییە بکەن.
بەرهەمە هەڵبژێردراوەکەی “باوەیی” بە ناوی “کچی سوارچاکی کورد”، دیمەنێکە لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، کە ژنێکی لاو سواری ئەسپێکە و بەناو ئاگری نەورۆزدا تێدەپەڕێت و خەڵکی گوندی چەشمییەر لە نزیک شاری سنە بە جۆش و خرۆش و شانازییەوە وەستاون و سەیری دەکەن.
براوەکانی ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن لیژنەی دادوەری نێودەوڵەتییەوە هەڵبژێردران کە پێکهاتبوون لە هانا ڕێیس مۆرالێس لە فلیپین، تاندیڤ مۆریۆ لە کینیا، ئیمیلیۆ مۆرێناتی لە ئیسپانیا و زێنگ یی لە چین.
جگە لە نازناوی یەکەم، “فەربود باوەیی” وەک خەڵاتێکی تایبەت کامێرای فۆتۆگرافی پرۆفیشناڵی پێ بەخشرا.
No Comment! Be the first one.