چاویارنیوز – قائیمقامیەتی سلێمانی و موەلیدە ئەهلییەكان ڕێككەوتن. لە ئێوارەی ئەمڕۆوە موەلیدەكان دەكەونەوە كار و حكومەت بەرپرسیارێتیی ماددیی كرێی موەلیدەكان لە ئەستۆ ناگرێت، دەبێت هاووڵاتیان خۆیان هاوشێوەی پێشوو پارەكەی بدەن.
دوای كەوتنەكاری پرۆژەی ڕووناكی و دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بڕیار بوو بە هەر هۆكارێك پچڕانی كارەبا ڕووی دا، حكومەت خۆی جێگرەوەی بۆ دابنێ و تێچووە ماددییەكەشی لەئەستۆ بگرێت، بەڵام ئێستا حكومەت بێدەنگە.
فازڵ عومەر، قائیمقامی بەوەكالەتی سلێمانی، دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند “لە ئێوارەی ئەمڕۆوە موەلیدە ئەهلییەكان دەست بە كار دەكەنەوە. كارەبای موەلیدە لە كاتژمێر 04:00ـی ئێوارە بۆ 01:00ـی شەو، هەروەها كاتژمێر 04:00 بۆ 05:30ـی بەیانی هەڵدەكرێت”
وەكوو قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی پێ كرد، پارەی كارەبای موەلیدەكان لە ئەستۆی هاووڵاتی خۆیدا دەبێت و هەر بەگوێرەی میكانیزمەكانی ڕابردوو دیاری دەكرێن. دەبێت هاووڵاتیی ڕاستەوخۆ پارەكە بدات و حكومەت هیچ بەرپرسیارێتییەكی ماددی لە ئەستۆ ناگرێت.
”بۆ ئەوەی ئەم كێشانە دووبارە نەبێتەوە لە كاتی بڕانی كارەبادا، ئەم كۆبوونەوانە بەكراوەیی دەهێڵینەوە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بە هەر هۆكارێك بڕا، موەلیدە ئەهلییەكان كاری خۆیان بكەن”، فازڵ عومەر وای وت.
قائیمقامی بەوەكالەتی سلێمانی داوای لەو هاووڵاتیانە كرد كە نایانەوێت كارەبای موەلیدەیان بۆ بۆ هەڵبكرێت، پێشوەختە خاوەنی موەلیدەكان ئاگادار بكەنەوە.
No Comment! Be the first one.