چاویار نیوز – دڵشاد کاوانی نوسەر ڕایگەیاند،هەر دوو کەناڵی ڕووداو و ئاڤا، بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسیی و میدیایی هیچ نەماوە پەنای بۆ نەبەن. هەر لە لافاوی چەمچەماڵ و شەڕی ڕۆژاوا و کێشەی سیاسیی و پێکنەهێنانی حکوومەت، هاتن و نەهاتنی مووچە، دەستیان بۆ هەموو بن پرچکێک بردووە، گەر شایانی هەواڵیش نەبووبێت. وەکوو هەوێیان لێ هاتووە، یەکیان دەڵێ سیر و ئەوەیتر دەڵێت پیاز، بۆ بردنەوە و شکاندنی یەکدی مێشیان لێ بۆتە گامێش. ئەوەی ئابڕووە بەمیدیای کوردییەوە نەیانهێشتووە.لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە مانگی ڕەمەزان مەلا ڕووداو سەرپۆش دەخاتە سەر جوانترین کچە مۆدێل و گۆرانیبێژ، قورئانی پێ دەخوێنێتەوە. سەرۆکی لێژنەی فەتوای هەرێمی هێنایە سەر شاشە، فتوای شەرعی بوونی پێ دەدات. بەمەش مەلاکانی کردە دووبەرە و لە دژی یەک تیخی دان.ئاڤا ڕێک پێچەوانە وەستایەوە و گوتی ئەرێ ئەم هەموو قورئانخوێنە زۆرە هەن بۆچی ژنێک لەسەر ئەم شاشە بەم کارە هەڵدەستێ، تۆ بڵێی پیاو بڕاوە و ژن قورئانن بۆ وەخوێنێ.
وتیشی،لەولاتر ئاڤا دراماییەکی بێکەڵکی کوردیی بە بەرگی توورکیی بەناوی گەوهەر و خوشکەکانی نمایش دەکات، ئاتاری بەسەر پاتاری ڕەوشت و ئاکار و کلتووری کوردەوە نییە.شەڕەکە هێندە گەرم بووە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەپەکانیان خەڵکی لەسەر سۆشیال میدیا لەیەکیتر دنەدەدەن. شاهۆ لەبەر هەوراز ڕەنگی لێ بڕاوە و گوتیان ئیدی ڕووداو بێ ڕکابەر نییە. ڕووداو کەوتە گیانی خۆی و بێژەرێکی دیکەی سمێڵ ڕەشی هێنایە سەر شاشە و هەر وەک ئەوەی ئاڤا سمێڵی چەور کردووە و دیوەخانانە و هەواڵەکان دەکات بە حەکایاتی بەر ئاگردان و دەخوێنێتەوە، پێی عەیب نەبێت دەڵێ قوربانتابم مەمگۆڕن، وەک چۆن ئاڤا دەڵێ کۆنتڕۆڵەکانتان بەدەستەوە بگرن، هەواڵێکی بەپەلەم پێیە.تا ئێرە مەترسیی ئەم دوو کەناڵە هەر مەعنەویی بوون، پیاو دەتوانی سەری لەبەر خوار نەکاتەوە. وەلێ ئەمەی ئێستە ملی یەکتری پێ دەشکێنن، شتێکی دیکەیە و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە گیانی سەرجەم هاوڵاتیانەوە هەیە. بابەتی مریشکی ژەهراویی و تووش بوون بە شێرپەنجە.
ڕووداو و لەگەڵ ڕەنج دەڵێ ئەمە بەڵگە و ئەمەش گەز. بەرهەمی ناوخۆی مریشک ژاراوییە.
هێمای بەوەشکرد،کەچی ئاڤا لە ڕقان بە لۆری مریشک دێنێتە ناو ستۆدیۆکەی و دەڵێت: ئەمە پڕووپاگەندەی بازرگانانی مریشکی بەستووە و بەرهەمی ناوخۆ یەک کێشەی نییە.
بۆ ئەم مەبەستە لێژنە و لێژنەکارییان پێکهێنا.
No Comment! Be the first one.