هەندێ کەس بڕیار ئەدەن کە کێشی خۆیان دابەزێنن بەڵام نازانن شێوازی درووستی چییە. هەندێ کەس بە ڕژیمگرتن و پارێزکردنی توند و هەندێکی دیکەش لە ڕێگەی وەرزشی توند و سەختەوە ئەو کارە ئەنجام ئەدەن. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ باشترین ڕێگەی دابەزینی کێش بۆ هەموو کەسێ یەکسان نییە و هەرکەسێک دەبێ بە پێی بارودۆخی جەستە و لەشی خۆی ئەو کارە جێبەجێ بکات.
چۆن کێشی خۆمان دابەزێنین؟
زۆرترین ڕەوتەکانی دابەزینی کێش، تەرکیزیان یان لەسەر وەرزشە یان لەسەر خواردنە، لە حاڵێکدا جەستەی ئێمە بە تێکەڵ بوونی هاوکاتی هەردووکی پێکەوە، گۆڕانکاری بەسەردا دێت. کەوابوو شێوازی دابەزینی کێش بە وەرزش کردن و بەبێ لەبەرچاوگرتنی خۆراک، خێرا تووشی شکست دەبێ و لە لایەکی دیکەشەوە پارێزکردن و نەخواردن و ڕژیمگرتن بەبێ جوڵە بێ سوود و بێ دەوامە.
دەبێ ئەم کارە بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکان ئەنجام بدرێت و دەبێ ڕێک بزانین کە لە چ کاتێکدا چ ورزشێک یا خود خۆراکێک دەنێو بەرنامەکەدا بگونجێنین. کەوابوو بۆ دابزینی کێش نە ڕژیم و پارێزی توند و سەخت پێویستە و نەک وەرزش و ڕاهێنانی زۆر قورس. ئەوەی پێویستە بیزانی، بەرنامەیەکی خوراکی گونجاو و وەرزشی ڕێک و پێکە لە ماوەی هەفتەدا.
وەرزشی تایبەت بە دابەزینی کێش
وەرزشکردن کاتێک دەبێتە هۆی دابەزینی کێش کە یان بتوانێت بەکارهێنانی کالۆری بە شێوازی ڕاستەوخۆ زیاد بکات، یان بە چالاککردنەوەی کۆگای ماسوولکەکان مێتابۆلێزمی لەش زیاد بکات. هەندێ ڕاهێنان کاریگەری خێرای هەیە و هەندێکی دیکەش کاریگەرییەکی وردە وردە بەڵام بەردەوام پێک دێنێت. هەڵبژاردنی درووستی وەرزش، بەتایبەت لە ماڵەوە دەتوانێ پڕۆسەی دابەزینی کێش باشتر بکات. لە درێژەدا چەن وەرزشێک تایبەت بە ماڵەوە و دەرەوە دەناسێنین.
1. تەناف لێدان
تەناف لێدان یەکێک لە بەسوودترین ڕاهێنانەکانە لە بواری تواندنی کالۆریدا. بەجۆرێک کە ئەنجامی 10 خولەک تەناف لێدانی بەردەوام دەبێتە هۆی تواندنەوەی نزیکەی 100 تا 130 کالۆری و لێدانی دڵ نزیک دەکاتەوە لە تواندنی چەوری. ئەم ڕەقەمە لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ زۆربەی لە ڕاهێنانەکانی دیکەی تایبەت بە ماڵەوە زۆر سەرنجڕاکێشە.
هەروەها بخوێنەوە: باشترین ڤیتامینەکان بۆ گەشەی منداڵ
هۆکاری کاریگەری تەناف لێدان لە پڕوسەی دابەزینی کێشدا، گیرۆدەیی هاوکاتی ماسوولکەکانی خوارەوی لەش، سەرەوەی لەش و هەروەها ناوەندی لەشە. ئەم هەواهەنگی ماسوولکەییە دەبێتە هۆی خێرا بەکارهێنانی ئێنرجی و ئەگەر بەردەوام دووپات بێتەوە، دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی گشتی لەش.
2. ڕاهێنانی تایبەت بە ماسوولکەی سک
ئەگەر دەتەوێت جگە لە تواندنەوەی چەوری، فۆرمی ماسوولکەکانی سکیشت باشتر بکەیت، باشتر وایە لە ڕاهێنانی تایبەت بە ماسوولکەکانی سک کەڵک وەربگرێت. ئەم ڕاهێنانە بە زۆری بە مەبەستی فۆرم دان ئەنجام دەدرێت. بەڵام زۆریش لەسەر دابەزینی کێش کاریگەرە. لەوانە کرانچ و بەرزکردنەوەی پێیەکان، کە بەهۆی بەهێزکردنی ماسوولکەکانی ناوەندی لەش، کاریگەری ڕاهێنانەکانی دیکەش زیاتر دەکات.

ئەگەرچی ڕاهێنانەکانی تایبەت بە سک بەتەنیایی نابێتە هۆی تواندنەوەی چەوری، بەڵام بەهۆی گیرۆدەیی ماسوولکەکان لە وەرزشەکانی دیکەدا، بەکارهێنانی ئێنرجی گشتی لەش زیاد دەکات. بۆیە ئەم ڕاهێنانە دەبێ وەکوو بەشێک لە بەرنامەی تەواوکەر بۆ دابەزینی کێش لەبەرچاو بگیردرێت.
3. سکوات
سکوات ڕاهێنانێکی بەهێزە کە زۆرترین گوشار دەخاتە سەر ماسوولکەکانی ڕان و سمت. سوودی سەرەکی سکوات لە دابەزینی کێشدا، کاریگەری ناڕاستەوخۆیەتی. ئەم ڕاهێنانە بە هۆی بەهێزکردنەوەی ماسوولکە گەورەکان، دەبێتە هۆی بەکارهێنانی کالۆری لە حاڵەتی پشوودا و لە درێژخایەندا یارمەتیدەرە بۆ تواندنەوەی چەوری بەشێوازی بەردەوام، کەوابوو سکوات وەکوو سەرمایەگوزاری درێژخایەن بۆ دابەزینی کێش دێتە ئەژمار نەک وەکوو ڕێگایەکی خێرا.
4. جوڵەی برپی
برپی وەکوو ڕاهێنانێکی تێکەڵا بە توندی زۆرەوە دێتە ئەژمار کە لە ماوەیەکی کەمدا، لەش دەخاتە نێو قۆناخی بەکارهێنانی توندی ئێنرجی. کاریگەری دابەزینی کێشی برپی بەهۆی پێکهێنانی شۆکی مێتابۆلیکییە. واتا لەش تەنانەت پاش ڕاهێنانیش بەردەوام کالۆری بەکاردێنێت. ئەنجامدانی 5 بۆ 10 خولەک برپی دەتوانێت مێتابۆلیزمی لەش تا چەن کاتژمێر پاش ڕاهێنان لە ئاستێکی باڵادا بپارێزێت.
5. پیاسەی توند
یەکێک لە ساکارترین و کاریگەرترین شێوازەکانی دابەزینی کێش بەتایبەت بۆ خانمان پیاسەی توندە. ئەگەر 30 بۆ 40 خولەک پیاسە بکەیت کالۆری لەشت لە نێوان 150 بۆ 250، دەتوێتەوە. ئەم ڕەوتە کاتێ زۆرتر کاریگەر دەبێت کە بەشێوازی بەردەوام بەکاربێت. کاتی کەوا ئەم چالاکییە ڕۆژانە وەکوو ڕوتین ئەنجام بدرێت لەش بە ئارامی پاشەکەفتی چەوری بۆ دابین کردنی ئینرجی بەکار دێنێت. بۆیە پیاسەکردن بژاردەیەکی زۆر گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کەوا بەداوای دابەزینی کێشی ئارام و بەردەوامدا دەگەڕێن.
باشترین خوارک بۆ دابەزینی کێش
دابەزینی کێش تەنیا بەو مانایە نییە کە کەمتر بخۆین یان هەندێک لە ژەمەکان قەت هیچ نەخۆین. گرنگتر لە ئەنازە و قەبارەی خۆراک، جۆری ئەو خۆراکانەیە کە بەکاری دێنین، هەندێ لە خۆراکەکان هەستی تێری درێژخایەن درووست دەکەن و هەندێکی دیکەش مێتابۆلیزمی لەش چالاکتر دەکەن. بەکارهێنانی درووستی ئەو خۆراکانە لەکاتی خۆیدا دەتوانێت ڕەوتی دابەزینی کێش هەم خێراتر و هەمیش باشتر بەرەو پێشەوە ببات.

هێلکە سەرچاوەی دەوڵەمەندی پڕوتێئینە و دەبێتە هۆی هەستی تێری درێژخایەن. بەکارهێنانی لە ژەمی بەیانیدا دەتوانێت مەیلی خواردن کۆنتڕوڵ بکات و بەرگری بکات لە خواردنی وردە وردە.
سینگی مریشک بەهۆی چەوری کەم و پڕۆتێئینی زیاد، وەکوو یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان لە بەرنامەی دابەزینی کێشدا، دێتە ئەژمار. ئەم خوراکە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی کۆگای ماسوولکەکان.
سەوزەمەنی گەڵا سەوز لەوانە ئەسفەناج و کاهو قەبارەیان زۆرە و کالۆرییەکی زۆر کەم دەگەیننە لەش. ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەبێ زیادبوونی ئێنێرجی وەرگیراو، هەستی تێربوونی زیاتر درووست ببێت.
ماستی یۆنانی چونکە خاوەنی پرۆتێئینی زۆر و شەکرەی کەمە سەبارەت بە ماستی ئاسایی، بژاردەیەکی زۆر باشە بۆ کۆنترۆڵی مەیلی خواردن.
جۆ یەکێکە لە سەرچاوەکانی کەربۆهیدراتی ئاڵۆز کە ئێنێرجی وردە وردە ئازاد دەکات. ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاستی ئێنێرجی لە درێژەی ڕاهێناندا پارێزراو بێت و مەیلی خواردن دابەزێت.
سێو بەهۆی ڕیشاڵی زیاد و یەکانەی گلیسی زۆر کەم، بژاردەیەکی زۆر باشە بۆ نێوان ژەمەکان و دەتوانێت مەیلی خواردن لە ماوەی نێوان ژەمەکاندا، کەمتر بکاتەوە.
هەروەها بخوێنەوە: سوودەکانی کیوی بو تەندرووستی و زیانەکانی
ئەم خۆراکانە کاتێ زۆرترین کاریگەری دادەنێن کەوا لە تەنیشت وەرزشی ڕێک و پێک و بەردەوامدا بەکار بهێنرێن. بەکارهێنانی ئەم خۆراکانە لە ژەمی ڕۆژانەدا هاوکات لەگەڵ چالاکی جەستەی بەردەوام دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە شێوازی سرووشتی چەوری لەش بتوێتەوە و ئەدی پێویست ناکا ڕژیمی توند و دەمپارێزی بکرێت.
کاریگەری قاوە بۆ دابەزینی کێش
کافەئینی نێو قاوە دەتوانێ بەشێوازی کاتی مێتابۆیزمی لەش زیاد بکات و ببێتە هۆی ئەوەی کە لە کاتی وەرزش کردندا ئێنێرجی زیاتر بەکار بێت. خواردنەوەی قاوەی ساکار و بێ شەکرە، بەتایبەت پێش لە دەسپێکی چالاکی جەستە، تەرکیز و توانای ڕاهێنان زیاتر دەکات.

ئەوەی ڕاستی بێ قاوە بەتەنیایی نابێتە هۆی دابەزینی کێش، بەڵام لەگەڵ خۆراکی کۆنترۆڵکراو و وەرزشی بەردەوامدا دەتوانێت یارمەتیدەری تواندنەوەی چەوری بێت. زیادکردنی شەکرە، خامە، یان تامدەرەکانی دیکە، کاریگەرییەکەی لەناو دەبات و تەنانەت ئەنجامی چەواشەی هەیە.
ئایا بە دەرمان و نەشتەرگەری دەتوانین کێشمان دابەزێنین؟
دەرمان و جۆرەکانی نەشتەرگەری لە هەندێ دۆخی تایبەتدا دەتوانێ یارمەتیدەری دابەزینی کێش بێت. بەڵام بۆ هەموو کەسێ وەکوو ڕێگەچارەسەری یەکلاکەرەوە بەکار نایت. ئەم ڕەوتانە بەزۆری بەبێ چاککردنەوەی شێوازی ژیان و خۆراک، ئەنجامێکی بەردەوامی نابێت و لە زووترین کاتدا، کێشی پێشوو دیسان دێتەوە. کەوابوو باشتر وایە لەسەر بنەمای سەرەکی و لە درێژایی کاتدا کێش دابەزێت. تا تووشی کێشە نەبین.
وتەی کۆتایی
دابەزینی کێش کاتێ بەردەوام دەبێت و دەگاتە ئەنجام کە بە ڕوانگەیەکی واقیعەوە، نەک کاتی و ورووژێنەر، سەیری بکەین. دابەزینی کێشی بەردەوام دەرئەنجامی خۆراکی درووست و ئەنجامی وەرزشی گونجاوە لەگەڵ دۆخی لەشدا لە درێژخایەندا. کاتێ ئەم دوو هۆکارە پێکەوە بن، لەش دەچێتە نێو ڕێگایەک کە هەم چەوری دەتوێنێتەوە و هەمیش بەرگری دەکات لە هاتنەوەی کێشی پێشوو.
No Comment! Be the first one.