بوونی هەندێک کێشەی هەرسکردن هەندێک جار دەتوانێت نیشانەی نەخۆشییەکی جیددی بێت و تا زووتر دەستنیشان بکرێت، ئەگەری چارەسەرکردنی زیاتر دەبێت. شێرپەنجەی گەدە یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە بەزۆری لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا نیشانەی تایبەت و دیارێکی نییە، ئەمەش وا دەکات بەدواداچوون بۆ نیشانەکانی تری کارێکی گرنگ بێت.
لەبەر ئەوەی هۆکاری جۆراوجۆر ڕۆڵیان هەیە لە ڕوودانیدا، دەستنیشانکردنیشی کارێکی ئاڵۆزە، هەروەها دەبێت شێوازی چارەسەری گونجاو بەپێی بارودۆخی نەخۆشەکە بەکاربهێنرێت.
شێرپەنجەی گەدە چییە؟
کاتێک خانەکانی ناوەوەی گەدە لە حاڵەتی ئاسایی خۆیان دەرچوون و بەشێوازێکی زیاد لە ڕادە گەشە دەکەن، گرێ یان برینێ دروست دەبێت کە پێی دەوترێت شێرپەنجەی گەدە. ئەم گۆڕانکاریانە بەزۆری بە هێواشی و بەبێ نیشانە دەست پێدەکات، بۆیە ڕەنگە کەسە تووش بووەکە بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە کێشەکە نەکات. لە زۆر حاڵەتدا بەشێک لە ناوپۆشی گەدە سەرەتا تووشی هەوکردنی درێژخایەن یان هەوکردن دەبێت بە بەکتریای هێلیکۆباکتێر پایلۆری. پاشان بە تێپەڕبوونی کات خانە نائاساییەکان دەست دەکەن بە دروستبوون.
ئەم نەخۆشییە دەتوانێت لە هەر شوێنێکی گەدەدا دروست بێت، بەڵام زیاتر لەو شوێنەدا بڵاو دەبێتەوە کە ئەرکی هەرسکردن و تێکدانی خۆراکی هەیە. لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بەزۆری گرێ سنووردارە و هێشتا بۆ شانەکانی دەوروبەر یان ڕژێنە لەنفاویەکان بڵاونابێتەوە. بەڵام ئەگەر لە کاتی خۆیدا دەستنیشان نەکرێت، ئەوا دەتوانێت بۆ بەشەکانی تری لەش بگوازرێتەوە. هەر بۆیە گرنگە زوو نیشانەکانی بناسیتەوە و سەردانی پزیشک بکەیت.
جۆرەکانی شێرپەنجەی گەدە
ئەم نەخۆشییە دەتوانێت لە بەشە جیاوازەکان و خانەکانی گەدەدا دەست پێبکات و بەو هۆیەوە جۆری جیاوازی هەیە. لێرەدا گرنگترینیان دەناسێنین.
1.ئادنۆکارسینۆم (Adenocarcinoma)
زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی گەدە بریتین لە جۆری ئادنۆکارسینۆم.
ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لەو خانەگەلەو دەست پێدەکات کە ئاستی ناوەکی گەدە دادەپۆشنن. بەزۆری بە هێواشی گەشە دەکات و لەوانەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بێ نیشانە بێت. کەواتە، لەوانەیە نەزانیت کە بوونی هەیە، تا سەردانی پزیشک نەکەیت.
2. لەنفۆمی گەدەMALT
لەم حاڵەتەدا خانەکانی سیستەمی بەرگری کە لە ناوپۆشی گەدەدا بوونیان هەیە بە شێوەیەکی نائاسایی گەشە دەکەن. هەرچەندە ئەم جۆرە زۆر دەگمەنە، بەڵام زۆرجار زیاتر لە جۆرەکانی تر چارەسەر دەکرێت.
3. گرێ کارسینوئید Carcinoid، یا وەرەمی شێرپەنجەیی
ئەم گرێیانە لە خانەکانەوە سەرهەڵدەدەن کە هۆرمۆن و هەندێک مادەی کیمیایی تایبەت لە گەدەدا دەردەکەن. بەزۆری خانەکان بە هێواشی گەشە دەکەن و مەیلیان لەسەر بڵاوبوونەوە کەمترە.
4. گرێیە دەگمەنەکانی تر
جۆرەکانی تر لەوانە GIST یان گرێیەکانی شانەی بەستەرەکان دەتوانن لە گەدەدا گەشە بکەن. بەڵام زۆر بە دەگمەن گەشە دەکەن و بەزۆری تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە لەڕووی ڕەفتار و چارەسەرەوە. بە گشتی ئەم جۆرە شێرپەنجەیانە بە ئاسانی دەستنیشان ناکرێن و پێویستیان بە تاقیکردن و پشکنینی زیاتر هەیە.
هەروەها بخوێنەوە: شێرپەنجەی مەمک: نیشانەکان، چارەسەر و دەستنیشانکردنی
گرنگترین نیشانەکانی شێرپەنجەی گەدە
لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بەزۆری هیچ نیشانەیەکی ئاشکرای نییە، هەر بۆیە زۆرێک لە نەخۆشەکان زۆر دێر لەو کێشە تێدەگەن. بەڵام هەر گۆڕانکارییەک لە گەدەدا کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت یان بە شێوازی ئاسایی چارەسەر نەکرێت، پێویستە بە جددی وەربگیرێت.

- ئازاری یان ئێش و ناڕەحەتی بەردەوام لە بەشی سەرەوەی سکدا: بەزۆری هەست بە دڵەکزە یان بە قورسی دەکرێت و دوای خواردنی خۆڕاک خراپتر دەبێت. ئەم کێشەیە بە تایبەتی لە کاتی ژەمە سەرەکییەکاندا بەدی دەکرێت، واتە ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن: بەرە بەرە ئارەزووی خواردن کەم دەبێتەوە و کەسەکە هەست بە تێربوون دەکات تەنانەت بە بڕێکی کەمیش لە خواردن.
- دابەزاندنی کێشی لەش بە شێوەیەکی نەخوازراو: بەبێ ڕێجیم یان چالاکیی جەستەیی چڕ، کێشی لەش دەست دەکات بە کەمبوونەوە.
- سکچوون و ڕشانەوەی پەیتا پەیتا: سکچوون، لە خۆیدا نیشانەی شێرپەنجە نییە. بەڵام ئەگەر هیچ هۆکارێکی ڕوونی نەبێت یان ئازاری سکی لەگەڵدا بوو، دەکرێت یەکێک لەم نیشانانە بێت.
- ئاوسانی گەدە و هەستکردن بە تێری دوای خواردنی بڕێکی کەم لە خۆراک: ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی کە گەدە بە باشی بەتاڵ نابێتەوە.
- بوونی خوێن لە ڕشانەوەدا یان هەبوونی پیسایی ڕەش: لەوانەیە خوێنبەربوونی ناوەکی سووک یان پێشکەوتوو هەبێت. بۆیە لەکاتی پیساییکردن یان ڕشانەوەدا گرنگی بە ڕەنگەکەی بدە.
- ماندوێتی زۆر و بێهێزی: ماندوێتی و بێهێزی یەکێکە لە نیشانە گرنگەکانی ئەم نەخۆشییە. نیشانەیەکە کە بەهۆی کەمخوێنییەوە ڕوودەدات کە بەهۆی خوێنبەربوونی شاراوە لە گەدەدا دروست دەبێت.
ئەگەر هەریەکێک لەم نیشانانەت هەبوو، نیگەران مەبە و یەکسەر مەیگەڕێنیتەوە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە. لە زۆر حاڵەتدا ئەم نیشانانە کاتین و زۆر بە خێرایی چاک دەبنەوە.
قۆناغەکانی شێرپەنجەی گەدە
پزیشکەکان نەخۆشییەکە بە چوار قۆناغی سەرەکی دابەش دەکەن بۆ ئەوەی بزانن تا چەند پێشکەوتووە. ئەم قۆناغانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی دیاریکردنی جۆری چارەسەر و ئەگەری چاکبوونەوە بە وردی ئەنجام ببێت.

قۆناغی یەکەم: لەم قۆناغەدا خانە نائاساییەکان تەنها لە چینی ناوەوەی گەدەدان یان تەنها کەمێک هێرشیان کردووەتە سەر چینەکانی دەرەوەی دیوارەی گەدە. بەزۆری هێشتا نەگەیشتوونەتە گرێیە لەنفاویەکان یان تا ڕادەیەکی زۆر سنووردار بڵاوبوونەتەوە. چارەسەرکردن لەم قۆناغەدا زۆرترین چانسی سەرکەوتنی هەیە.
قۆناغی دووەم: گرێیەکە بۆ چینە قووڵەکانی دیوارەی گەدە بڵاوبووەتەوە و لەوانەیە بۆ هەندێک گرێ لەنفاوی دەوروبەریش بڵاوبوبێتەوە. هەرچەندە نەخۆشییەکە هێشتا زۆر بڵاونەبووەتەوە، بەڵام پێویستی بە نەشتەرگەری و چارەسەری تەواوکەر هەیە.
قۆناغی سێیەم: شانەکانی دەوروبەر زۆرتر تووشی بوون و ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێنە لەنفاوییەکانیش هەروەها. لەم قۆناغەدا ڕەنگە گرێیەکە فشار بخاتە سەر چینەکانی دەرەوەی گەدە یان ئەندامەکانی نزیک، بەڵام هێشتا دڵنیایی لە بڵاوبوونەوەی بە زۆری، لە ئارادا نییە. چارەسەرکردن لەم قۆناغەدا بە شێوازی تێکەڵە و زۆر ئاڵۆزتر ئەنجام دەدرێت.
قۆناغی چوارەم: قۆناغی چوارەم پێشکەوتووترین قۆناغی نەخۆشییەکەیە. گرێیەکە بۆ ئەندامە دوورەکان بڵاوبووەتەوە، وەک جگەر، سییەکان، یان پەریتۆنیم(peritoneum)، یان تێوەگلانی بەرفراوانی ڕژێنی لەنمفاوی بوونی هەیە. لەم قۆناغەدا ئامانجی چارەسەرکردن بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی زیاتری نیشانەکان و خاوکردنەوەی ڕێژەی پێشکەوتن.
چۆنیەتی دەستنیشانکردن
بەزۆری چەند ڕێگەیەک پێکەوە بەکاردەهێنرێن بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی گەدە بۆ ئەوەی هەم پشکنین بۆ بوونی گرێ بکرێت و هەمیش ڕادەی گەشەسەندنی دیاری بکرێت. یەکەم و گرنگترین هەنگاو بریتییە لە ئەندۆسکۆپی. ئەمەش ڕێکارێکە کە تیایدا بۆرییەکی لاواز کە کامێرای تێدایە دەخرێتە ناو گەدە و پزیشک دەتوانێت ڕاستەوخۆ ناوەوەی گەدە ببینێت.
ئەگەر لەم پشکنینەدا شوێنێکی نائاسایی وەک برین، هەڵماسین، یان شانەیەکی گوماناوی بینرا، ئەوا لەو شوێنە نموونە هەڵدەگیردرێت. پشکنینی ئەم نمونەیە لە تاقیگەدا دیاری دەکات کە ئایا خانەکان ئاسایین یان نیشانەکانی شێرپەنجەیان تێدا هەیە.
دوای پشتڕاستکردنەوەی سەرەتایی، پشکنینی وردتر ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی دیاری بکرێت کە ئایا گرێیەکە سنووردارە، یان بڵاوبووەتەوە بۆ بەشەکانی تر. بۆ ئەمەش سی تی سکان یان سۆنەری ئەندۆسکۆپیک بەکاردەهێنرێت، کە یارمەتی پزیشک دەدات بۆ هەڵسەنگاندنی وردتر بۆ قووڵی تێوەگلانی دیوارەی گەدە و بارودۆخی ڕژێنە لەنفاوییەکانی دەوروبەری.
کۆی ئەم پشکنینانە پێکەوە ڕێگە بە پزیشک دەدات وێنەیەکی وردی قۆناغی نەخۆشییەکە بەدەستبهێنێت و باشترین شێوازی چارەسەرکردن هەڵبژێرێت.
پشکنینی خولی بۆ دەستنیشانکردنی سەرەتایی
بەو پێیەی هەندێک کەس ئەگەری تووشبوونیان زیاترە، باشتر وایە پێش دەرکەوتنی نیشانەکان پشکنینی خولی بکرێت. ئەم پۆلە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشینەی درێژخایەنی برینی گەدە، هەوکردنی چارەسەرنەکراو، پێشینەی خێزانی شێرپەنجە یان کێشەی درێژخایەنی هەرسکردنیان هەیە.
لەم جۆرە بارودۆخانەدا، لەوانەیە پزیشک پێشنیاری ئەندۆسکۆپی بەشێوازی خولی بکات. چونکە تاکە ڕێگایە کە دەتوانێت بچووکترین گۆڕانکاری نائاسایی لە ناوپۆشی ناوەوەی گەدەدا دەستنیشان بکات پێش ئەوەی ببنە کێشەیەکی جددی. زوو دەستنیشانکردن هەمیشە ئەگەری چارەسەری تەواو، زیاد دەکات.
شێوازەکانی چارەسەرکردن
چارەسەری شێرپەنجەی گەدە بەندە بە قۆناغی دەستنیشانکردن و قەبارەی گرێ و باری گشتی نەخۆشەکەوە. لەسەر بنەمای ئەم خاڵانە پزیشک بڕیار دەدات کام شێواز یان تێکەڵەیەک لە ڕێگاکان بەکاربهێنێت. ئامانجەکانی چارەسەرکردن بریتین لە لابردنی گرێیەکە و کەمکردنەوەی نیشانەکانی و ڕێگری لە بڵاوبوونەوە و گەشەسەندنی.

نەشتەرگەری
ئەگەر شێرپەنجەکە لە قۆناغی بڕین و لابردندا بوو، نەشتەرگەری باشترین و کاریگەرترین چارەسەرە. لەم ڕێکارەدا بەشێک لە گەدە یان لە حاڵەتە پێشکەوتووەکاندا هەموو گەدە دەردەهێنرێت. هەروەها ڕژێنە لەنفاوییەکانی دەوروبەریش پشکنینیان بۆ دەکرێت و ئەگەر پێویست بوو لادەبرێن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
چارەسەری کیمیایی
لەم ڕێکارەدا ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنرێت کە گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی خانە نائاساییەکان ڕادەگرن. لەوانەیە پێش نەشتەرگەری چارەسەری کیمیایی بدرێت بۆ بچووککردنەوەی گرێیەکە، یان دوای نەشتەرگەری بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری گەڕانەوەی نەخۆشییەکە. هەروەها دەکرێت چارەسەری کیمیایی لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا بەکاربهێنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان.
چارەسەری تیشکی (Radiotherapy)
لە چارەسەری تیشکدا، تیشکی ورد و کۆنترۆڵکراو بەکاردەهێنێت بۆ زیانگەیاندن بە خانە شێرپەنجەییەکان. بەزۆری چارەسەری تیشک بە هاوبەشی لەگەڵ چارەسەری کیمیایی ئەنجام دەدرێت بۆ بچووککردنەوەی گرێیەکە یان کەمکردنەوەی ئازار و خوێنبەربوون.
چارەسەری ئامانجدار
چارەسەری ئامانجدار زیاتر چارەسەری دەرمانییە. واتە ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنرێن کە تەنها کاریگەرییان لەسەر ئەو خانانە هەیە کە تایبەتمەندی تایبەتیان هەیە. لە ڕاستیدا لەبری ئەوەی کاریگەری لەسەر هەموو جەستە دروست بکەن، ڕاستەوخۆ خانە تووشبووەکان دەکەنە ئامانج. ئەم چارەسەرە زیاتر گونجاوە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە جۆرێکی دیاریکراو لە گرێ و ئەنجامی پشکنینی گەردیلەییان هەیە.
چارەسەری بەرگری (Immunotherapy)
ئەم شێوازە بەرگری لەش بەهێز دەکات و ئاراستەی دەکات بۆ ئەوەی باشتر بتوانێت بەرەنگاریی خانە نائاساییەکان ببێتەوە. چارەسەری بەرگری بەزۆری لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا بەکاردەهێنرێت یان کاتێک چارەسەرەکانی تر وەڵامی پێویستیان نەداوەتەوە.
چۆن خۆپاراستن بکەین لە شێرپەنجەی گەدە؟
خۆپاراستن هەمیشە ئاسانتر و هەرزانترە لە چارەسەرکردن. بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان باشترە خووی خواردن و شێوازی ژیانی تەندروستتر هەڵبژێردرێت. چارەسەری لە کاتی خۆیدا بۆ تووشبوون بە هەوکردن و کەمکردنەوەی خواردنی ئەو خۆراکانەی کە خوێ و دوکەڵی تێدایە و دوورکەوتنەوە لە تووتن و کحول و زیادکردنی خواردنی سەوزە و میوەی تازە و کۆنترۆڵکردنی فشاری دەروونی و سترێس گرنگترین ڕێکارەکانن کە دەتوانن مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەمبکەنەوە. ئەگەر پیشینەی خێزانی یان کێشەی درێژخایەنی هەرسکردنت هەیە، پشکنینی خولی دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت.
هەروەها بخوێنەوە: چارەسەری ئازاری گەدە بە شێوازی دەرمانی و ماڵەوە
کەی سەردانی پزیشک بکەین؟
ئەگەر نیشانەکانی کۆئەندامی هەرس بۆ زیاتر لە چەند هەفتەیەک بەردەوام بوون یان بە چارەسەرە سادەکان وەک گۆڕینی خۆراک و دەرمانی ئاسایی بێ ئەنجام بوون، پێویستە پشکنینی پسپۆڕی ئەنجام بدرێت. دابەزینی کێش بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئازاری بەردەوامی بەشی سەرەوەی سک، بینینی خوێن لە ڕشانەوەدا یان پیسایی زۆر تۆخ، هەستکردن بە تێری زوو یان ڕشانەوەی پەیتا پەیتا هەندێک لەو نیشانانەن کە نابێت پشتگوێ بخرێن.
هەروەها ئەو کەسانەی پیشینەی هەوکردنی گەدەیان هەیە یان ماوەیەکی زۆرە جگەرەیان بەکارهێناوە و پیشینەی خێزانی شێرپەنجەیان هەیە، ئەگەر هەستیان بە بچووکترین نیشانەی نائاسایی کرد، پێویستە لە زووترین کاتددا سەردانی پزیشک بکەن.
زۆرترین پرسیار
1- ئایا هەموو ئازارەکانی گەدە نیشانەی نەخۆشینێکی جددییە؟
نەخێر، زۆرێک لە ئازارەکانی گەدە بەهۆی کێشە سادەکان وەک هەرس نەکردن یان دڵەڕاوکێیەوە دروست دەبێت. بەڵام ئەگەر ئازارەکە بەردەوام بوو یان لەگەڵ دابەزینی کێش، سکچوونی درێژخایەن، یان پیسایی ڕەشدا بوو، پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکەیت.
2- ئایا خواردنی بەهارات یان ترش دەتوانێت ببێتە هۆی شێرپەنجە؟
ئەم خواردنانە ڕاستەوخۆ هۆکاری نەخۆشین نین، بەڵام خواردنیان بە ڕێژەیەکی زۆر و بەشێوەیەکی بەردەوام ڕەنگە گەدە هان بدات و هەوکردن زیاد بکات.
3- ئایا شێرپەنجەی گەدە چارەسەر دەکرێت؟
بەڵێ، بە تایبەت ئەگەر لە قۆناغە سەراتاییەکاندادەستنیشان کرابێت. لەم قۆناغەدا نەشتەرگەری یان تێکەڵەیەک لە چارەسەرەکان بەزۆری ئەگەری سەرکەوتن زیاد دەکات.
4- ئایا پشکنینی خوێن دەتوانێت ئەم نەخۆشییە دەستنیشان بکات؟
نەخێر، تەنها پشکنینی خوێن بەس نییە. بەڵام دەتوانێت نیشانەکانی وەک کەمخوێنی یان هەوکردن دەربخات کە بەستەرەکە دروست دەکەن بۆ پێکهێنانی نەخۆشینەکە.
5- ئایا جگەرەکێشان و کحول ڕۆڵیان هەیە لە دروستکردنی کێشەی کۆئەندامی هەرسدا؟
بەڵێ، بەکارهێنانی درێژخایەنی تووتن و کحول هۆکارێکی مەترسیدارە و وازهێنانیان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکان هەیە.
ئەنجام
ناسینی نیشانەکان لە کاتی خۆیدا و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی هەر شێرپەنجە یان نەخۆشییەکدا. بەتایبەت شێرپەنجەی گەدە، کە یەکێکە لە جۆرە کوشندەکانی شێرپەنجە و تەنها بە بەدواداچوونی ورد و کاری خێرا چارەسەری بۆ دەکرێت.
نەخۆشییەک کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا بێ نیشانەیە و پێویستە جارنەجارێ پشکنینی خولی بکەیت بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختە. هەروەها دەتوانیت مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەم بکەیتەوە بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرس بەپەلە.
No Comment! Be the first one.