شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە جۆرە باوەکانی شێرپەنجە لەنێو خانماندا کە ساڵانە زۆر کەس لە سەرانسەری جیهاندا تووشی دەبن. ئەو نەخۆشییە کاتێک ڕوودەدات کە خانە نائاساییەکانی ناو شانەکانی مەمک دەست دەکەن بە گەشەکردن و ڕوو لە زیادبوون دەکەن. ڕەنگە سەرەتا شێرپەنجەی مەمک بێ نیشانە بێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات نیشانەکانی لەوانە گۆڕان لە شێوە یان قەبارەی مەمک، بوونی گرێ، یان ئازار دەردەکەوێت.
زانینی نیشانەکانی ئەم شێرپەنجەیە و سەردانی پزیشک لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە زوو دەستنیشانکردن و چارەسەری سەرکەوتوودا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆر پێویستە هەمووان لەم نەخۆشییە تێبگەن و زانیاری تەواویان هەبێت سەبارەت بە دەستنیشانکردن و شێوازی چارەسەرکردنی.
شێرپەنجەی مەمک چییە؟
شێرپەنجەی مەمک نەخۆشییەکە کە تێیدا خانەکانی مەمک دەست دەکەن بە گەشەکردن و دابەشبوون بە شێوەیەکی نائاسایی. بە پێچەوانەی خانە تەندروستەکانەوە، ئەم خانانە بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو کار ناکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێیەک یان دژێن لە شانەکانی مەمکدا.
شێرپەنجەی مەمک بەزۆری لە بۆرییەکانی شیر یان دژێنی تایبەت بە شیر لە مەمکدا دروست دەبێت و ئەگەر زوو دەستنیشان نەکرێت، لەوانەیە لە بەشەکانی دیکەی لەشیشدا بڵاوبێتەوە. ئەم نەخۆشییە هەم لە ژن و هەمیش لە پیاودا ڕوودەدات، بەڵام زۆر زیاتر لە خانماندا تەشەنە دەسێنێت.
هۆکاری جۆراوجۆر، وەک ژێنێتیک، گۆڕانی هۆرمۆنەکان، شێوازی ژیان و پیربوون، دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە گەشەکردنی شێرپەنجەی مەمکدا. ئاشنابوون بەم نەخۆشییە یارمەتی مرۆڤ دەدات زووتر هەست بە گۆڕانکاری لە جەستەیدا بکات و ئەگەر پێویست بوو هەنگاو بنێن بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن.
چونکە شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە هەتا زووتر دەستنیشان بکرێت، ئەگەری چارەسەری تەواوی و سەرکەوتنی پزیشکەکان لە کۆنترۆڵکردنیدا زیاتر دەبێت.
نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک چییە؟
ئەو کەسەی کەوا تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە، لەوانەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هیچ نیشانەیەکی بۆ ئاشکرا نەبێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری لە جەستەدا دروست دەبێت کە نابێت پشتگوێ بخرێت. ناسینی ئەم نیشانانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بە خێرایی و ئەگەری چارەسەری سەرکەوتوو زیاد دەکات. گرنگترین نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک بریتین لە:
- گرێیەک یان دژێن لە مەمک یان لە ژێڕباڵدا
- گۆڕانی شێوە یان قەبارەی مەمک
- گۆڕانکاری لە پێستی مەمکدا (چاڵبوون، سووربوونەوە، یان توێکڵ دەر کردن)
- دەردانی نائاسایی لە گۆی مەمکەوە
- ئازار یان هەستیاری لە مەمک یان لە گۆی مەمکدا
بوونی تەنیا یەکێک لەو نیشانانە، بە دڵنیاییەوە بە مانای تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک نییە، بەڵام پشتگوێخستنیان دەتوانێت مەترسیدار بێت. زۆرێک لەم نیشانانە ڕەنگە هۆکاری تریان هەبێت کە پێویستە لەلایەن پزیشکەوە دەستنیشان بکرێت. بۆیە ئەگەر هەست بە هەر گۆڕانکارییەک لە مەمکدا کرا، باشتر وایە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پێویستەکان.
هۆکارەکانی پێکهاتنی شێرپەنجەی مەمک
بەگشتی شێرپەنجەی مەمک بەهۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانەوە دروست دەبێت. هەندێک لەو هۆکارانە پەیوەندییان بە ژێنێتیک و جەستەی مرۆڤەوە هەیە، هەندێکی تریش پەیوەندییان بە شێوازی ژیان و بارودۆخی ژینگەوە هەیە.
بێگومان هەبوونی ئەم هۆکارانە بەو مانایە نییە کە بە دڵنیاییەوە تووشی نەخۆشییەکە دەبیت، بەڵام ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکات. گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی شێرپەنجەی مەمک بریتین لەمانەی خوارەوە:
ژێنێتیک و پیشینەی خێزانی: ئەگەر دایکت، خوشکەکەت، یان خزمێکی نزیکت تووشی شێرپەنجەی مەمک یان هێلکەدان بووبێت، ئەگەری تووشبوونت زیاترە. هەروەها بوونی هەندێک گۆڕانکاری ژێنێتیکی تایبەت وەک BRCA1 و BRCA2 دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە تووشبوون بەو نەخۆشییەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش سکرینکردن و پشکنینی ژێنێتیک لەو خێزانانەدا زۆر گرنگە کە پێشینەی نەخۆشییەکەیان هەبووە.
گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکان: دەستپێکی زووی سوڕی مانگانە (پێش تەمەنی 12 ساڵ) یان درەنگ وەستانی سوڕی مانگانە (دوای تەمەنی 55 ساڵ) دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەش بۆ ماوەیەکی زیاتر بەر هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن بکەوێت. ئەمەش مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات. هەروەها بەکارهێنانی دەرمانی هۆرمۆنی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن یان درەنگ دووگیانبوون لەم ڕووەوە زۆر کاریگەرییان هەیە.
زیادبوونی تەمەن: یەکێک لە هۆکارە دیاریکراوەکانی زیادبوونی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە تەمەنە. زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتانی سەرووی 50 ساڵدا ڕوو دەدات، بێگومان ئەم نەخۆشییە لە تەمەنی بچووکتریشدا ڕوودەدات، بەڵام ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە لە بەساڵاچوواندا زیاترە.
قەڵەوی و کێشی زیادی جەستە: بەتایبەتی دوای وەستانی سوڕی مانگانە، کاتێک ئاستی هۆرمۆنەکانی لەش دەگۆڕێت، چەوری زیادە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی ئیسترۆجین، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات.
شێوازی ژیانی ناتەندروست: خووەکانی هەڵە لەوانە خواردنەوەی کحول، جگەرەکێشان، وەرزش نەکردن و خۆراکی ناتەندروست (چەوری زۆر و کەم ڕیشاڵی) ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات. لە کاتێکدا چالاکی جەستەیی بەردەوام و خۆراکی تەندروست دەتوانێت مەترسی تووشبوون بەم شێرپەنجەیە بە تەواوی دابەزێنێت.
بەرکەوتنی تیشک: ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی منداڵی یان هەرزەکاریدا بۆ چارەسەری نەخۆشینەکانی دیکە تیشکیان بۆ ناوچەی سنگ بەکارهێناوە ئەوا لە تەمەنی گەورەییدا ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە.
چۆنیەتی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک
دەستنیشانکردنی دەستبەجێ شێرپەنجەی مەمک زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەرکردن. پزیشکەکان چەندین ڕێگەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بۆ ئەوەی بزانن ئایا گۆڕانکاری لە شانەکانی مەمکدا نیشانەی شێرپەنجەیە یان نا. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تێکەڵەیەک لە پشکنینی جەستەیی و وێنەگرتن و پشکنینی تایبەتمەند ئەنجام دەدرێت. یەکێک لەم ڕێگایانەی خوارەوە بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتی گومانلێکراوە بە تووشبوون بە شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت.
- پشکنینی جەستەیی لەلایەن پزیشکەوە
- مەمۆگرافی
- سۆنەری مەمک
- ئێم ئاڕ ئای (MRI)مەمک
- بایۆپسی
زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک دەتوانێت پرۆسەی چارەسەرکردن زۆر ئاسانتر و کاریگەرتر بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە باشترە خانمان پشکنینی بەردەوام و پشکنینی خولیی بەکار بهێنن، بەتایبەت ئەگەر پێشینەی تووشبوون بەم نەخۆشییە دەنێو بنەماڵەیاندا بوونی هەیە.
شێوازەکانی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک
چارەسەری شێرپەنجەی مەمک بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکە و جۆری دژێنەکە و تەمەنی نەخۆشەکە و باری جەستەیی، جیاوازە. بەزۆری پزیشکان پێشنیاری تێکەڵکردنی چەند شێوازێکی چارەسەرکردن دەکەن بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام. لەم بەشەی خوارەوەدا گرنگترین شێوازەکانی چارەسەری شێرپەنجەی مەمک دەخرێتە ڕوو.
نەشتەرگەری
بەزۆری نەشتەرگەری هەنگاوی یەکەم و سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی جۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک. ئامانجی نەشتەرگەری لابردنی بارستەی شێرپەنجەییە و دیاریکردنی ڕادەی نەخۆشییەکە (قۆناغ) و کەمکردنەوەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی لە شوێنی خویدا. بێگومان نەشتەرگەری دژێنی مەمک جۆری جیاواز هەیە و هەریەکەیان بەکارهێنانی تایبەتی خۆیان هەیە.
لامپکتومی Lumpectomy (بڕینی شوێن)
لە نەشتەرگەری Lumpectomyدا، دژێنەکە لەگەڵ بڕێکی کەم لە شانە تەندروستەکانی دەوروبەریدا لادەبرێت. ئەم ڕێکارە بەزۆری بۆ شێرپەنجە زووڕەس و بچووک ئەنجام دەدرێت و زۆرجار چارەسەری تیشکی بەدوایدا دێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری گەڕانەوەی شێرپەنجەکە.
ماستکتومی(Mastectomy) یان مەمکبڕین
لابردنی تەواوی شانەکانی مەمک پێی دەوترێت مەمکبڕین. مەمکبڕین بۆ دژێنی گەورەتر و فرە فۆکەسی، یان مەترسی ژێنێتیکی بەرز ئەنجام دەدرێت. بێگومان پزیشکی نەشتەرگەری ئەم شێوازە هەڵدەبژێرێت، ئەگەر نەخۆشەکە داوای بکات. هەندێک کەس دوای مەمکبڕین دووبارە دروستکردنەوەی مەمک هەڵدەبژێرن.
نەشتەرگەری دژێنەکان (lymph nodes)
ئەم ڕێکارە بەکاردێت بۆ پشکنینی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بۆ دژێنی لەنفاوی ژێر باڵ. ئەمە ڕێکارێکی کەمتر هێرشبەرانیە کە مەترسی ئاڵۆزییەکانی وەک ئاوسانی لیمفە (Lymphedem)کەمدەکاتەوە. ئازار، ئاوسانی، هەوکردن، یان سنووردارکردنی جوڵەی شان لەوانەیە دوای نەشتەرگەری ڕووبدات.
ئەگەری دەرهێنانی دژێنی لەنفاوی زیاتر ئەگەری تووشبوون بە ئاوسانی لیمفە (ئاوسانی باڵ) زیاد دەکات. هەروەها بڕیاری بەردەوامبوون لە بنیاتنانەوەی دەستبەجێ یان دواخراو بە وریاییەوە دەدرێت لەو حاڵەتانەی کە ئەگەری زۆرە چارەسەری تیشکی پێویست بێت.
چارەسەری تیشکی
تیشکی وزەی بەرز، بەکاردەهێنێت بۆ کوشتنی خانە شێرپەنجەییەکان و بەزۆری بۆ ئەگەری گەڕانەوەیان لە شوێنی تایبەتدا. بە تایبەتی دوای لابردنی لومپێکتۆمی بۆ تیشکی شوێنی کورتخایەن و لە هەندێک حاڵەتدا دوای مەمکبڕین بەکاردێت. کاریگەرییە کورتخایەنەکانی ئەم شێوازە بریتین لە ماندوێتی، سووربوونەوە یان توێکڵبوونی شوێنی چارەسەرکراو، ئاوسانی سنگ، کەمبوونەوەی جوڵەی شان، یان هەستیاری لەو شوێندا.
هەروەها بخوێنەوە: لێدانی دڵی ئاسایی مرۆڤ چەندە
هەروەها هەندێک کاریگەری لاوەکی درێژخایەن هەیە وەک ئەگەری تێکچوونی دڵ یان سییەکان بە تایبەت لە دژێنەکانی لای چەپدا. ماوەی چارەسەری تیشکی بەزۆری چەند هەفتەیە لەگەڵ دانیشتنەکانی ڕۆژانەدا، بەپێی خشتەی نەخۆشەکە دابین دەکرێت.
چارەسەری کیمیایی
چارەسەری کیمیایی ڕێگەیەکی باوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک، بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت بۆ کوشتنی خانە شێرپەنجەییەکان یان وەستاندنی گەشەکردن و دابەشبوونیان. ئەم دەرمانانە بەزۆری وەک دەرزییەک دەدرێت لە دەمارێک یان لە هەندێک حاڵەتدا وەک حەبێک دەدرێت بە نەخۆش.
چارەسەری کیمیایی پێش نەشتەرگەری بەکاردێت بۆ بچووککردنەوەی دژێنەکان یان دوای نەشتەرگەری بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری گەڕانەوەی شێرپەنجە. هەروەها لە حاڵەتە پێشکەوتووەکاندا، چارەسەری کیمیایی بەکاردێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی نیشانەکانی.
کاریگەری لاوەکی چارەسەری کیمیایی بەپێی جۆری دەرمانەکە و بارودۆخی نەخۆشەکە دەگۆڕێت. بەڵام بەزۆری بریتین لە هەڵوەرینی قژ، سکچوون، ماندوێتی و کەمبوونەوەی بەرگری لەش بەرامبەر هەوکردن. بێگومان زۆربەی ئەم کاریگەرییە لاوەکیانە کاتین و دوای کۆتایی هاتنی چارەسەرکردن وردە وردە چاک دەبنەوە.
چارەسەری هۆرمۆن
چارەسەری هۆرمۆنی زۆرتر بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاردێت کە شێرپەنجەکەیان هەستیارە بە هۆرمۆنەکان. لەم شێوازەدا دەرمانی تایبەت بەکاردەهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ئیسترۆجین یان پرۆجسترۆن لە جەستەدا یان بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییەکانیان لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان.
ئەم چارەسەرە بە شێوەی حەب یان دەرزی ئەنجام دەبێت و بەزۆری چەند ساڵێک دەخایەنێت. زۆرجار چارەسەری هۆرمۆنی لە لایەن پزیشکەوە دوای نەشتەرگەری یان چارەسەری کیمیایی دەنوێنرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری گەڕانەوەی شێرپەنجەکە.
ئەگەری کاریگەریی چارەسەری هۆرمۆن بریتین لە هەست بە گڕگرتن، ئارەقەکردنی شەوانە، وشکبوونەوەی زێ و لە هەندێک حاڵەتدا مەترسی زیادبوونی خوێن مەین. بێگومان توندی ئەم کاریگەرییانە بۆ هەموو نەخۆشەکان وەک یەک نییە، پزیشکیش بە پشتبەستن بە بارودۆخی هەر تاکێک باشترین جۆری دەرمان هەڵدەبژێرێت.
ئیمۆنۆتراپی(Immunotherapy )
چارەسەری بەرگری ڕێگەیەکی نوێیە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک کە لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر دژێنەکە، سیستەمی بەرگری لەش بەرز دەکاتەوە بۆ ناسینەوە و لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان. ئەم ڕێگایە زۆرترین جار لە نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمکدا بەکاردەهێنرێ کە نەخۆشینەکەیان پێشکەوتوو یان لە جۆری سێگانەی نێگەتیڤە(Triple-negative).
ئیمۆنۆتراپی بەزۆری بەو دەرمانانە ئەنجام دەدرێت کە بەر بە میکانیزمی بەرگری خانە شێرپەنجەییەکان دەگرێت. لە ئەنجامدا سیستەمی بەرگری لەش کە پێشتر نەیتوانیبوو دژێنەکە بناسێتەوە، چالاک دەبێت و شەڕی لەگەڵ دەکات.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شێوازە ئەوەیە کە بە بەراورد لەگەڵ شێوازەکانی پێشوو، کە بەزۆری بە چاودێری و بەدواداچوونی پزیشک کۆنترۆڵ دەکرێت، ئاڵۆزیی زۆری تێدا نییە. بەڵام چارەسەری بەرگری هیوایەکی نوێی بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان دروستکردووە، چونکە دەتوانێت چارەسەرێک بێت لەو حاڵەتانەی کە ڕێگاکانی تر ئەنجامێکی دڵخۆشکەریان نەبووە.
شێرپەنجەی مەمک تا چەند مەترسیدارە؟
هەرچەندە شێرپەنجەی مەمک بە یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی شێرپەنجە دادەنرێت، بەڵام کوشندەییەکەی پەیوەستە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە. زۆر کەس دەپرسن شێرپەنجەی مەمک تا چەند کوشندەیە؟ ڕاستی ئەوەیە کە کوشەندەبوونی بەندە بە چەندین هۆکارەوە. قۆناغی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و جۆری دژێنەکە و ڕێژەی گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان و وەڵامدانەوەی جەستە بۆ چارەسەرکردن لە گرنگترین هۆکارەکانن.
هەروەها بخوێنەوە: باشترین ڤیتامینەکان بۆ گەشەی منداڵ
ئەگەر نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا دەستنیشان بکرێت، ئەوا ئەگەری چارەسەری تەواوی زۆر بەرزە و ئەگەری مردنیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر دەستنیشانکردنەکە درەنگ بکەوێت و شێرپەنجەکە بۆ ئەندامەکانی تر بڵاوبێتەوە، ئەوا کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە قورستر دەبێت و پڕۆسەی چارەسەرکردنەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت.
لەبەر ئەم هۆکارەش هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەمووان لە ئارادا نییە. دەسنیشانکروونی پێشوەختە، چارەسەرکردن لە کاتی خۆیدا و گۆڕینی شێوازی ژیان دەتوانێت ئەگەری چارەسەری سەرکەوتوو زۆر زیادتر بکاتەوە. بە گشتی شێرپەنجەی مەمک هەرچەندە مەترسیدارە، بەڵام لە زۆر حاڵەتدا دەتوانرێت چارەسەر و کۆنترۆڵ بکرێت.
ڕێژەی تووشبووان بە شێرپەنجەی مەمک لە ساڵی 2022
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی 2022دا نزیکەی 2 ملیۆن و 300 هەزار ئافرەت تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون، ئەم نەخۆشییە باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو خانماندا و لە هەمان ساڵدا نزیکەی 670 هەزار حاڵەتی مردن بەو هۆیەوە تۆمارکران. مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زیاترە.
بە تێکڕا لە هەر 12 خانم لە جیهاندا، ئەگەری هەیە یەکێکیان لە ماوەی ژیانیدا تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت. لەم بوارەدا دۆخی عێراقیش جێگەی نیگەرانییە. ئامارەکان دەریدەخەن لە ساڵی 2022 دا ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەنێو خانمانی عێراقیدا نزیکەی 46 حاڵەت بووە لە هەر 100 هەزار کەسدا.
توێژینەوەکانی دە ساڵەی نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2022 ئاماژە بە زیادبوونی ڕەوتی ئەم نەخۆشییە دەکەن لە زۆرێک لە پارێزگاکانی وڵاتی عێراقدا. شێرپەنجەی مەمک لە ئێستادا باوترین شێرپەنجەیە لە نێوی خانمانی عێراقیدا و بە یەکێکە لە نیگەرانییە جیددیەکان بۆسەر سیستەمی تەندروستی وڵات دادەنرێت.
No Comment! Be the first one.