لێدانی دڵ یەکێکە لە نیشانە سەرەکییەکانی تەندروستی لەش و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دڵ چەندە باش خوێن لە جەستەدا پەمپ دەکات. زانیاری لەسەر لێدانی سرووشتی دڵی مرۆڤ یارمەتیمان دەدات باشتر هەڵسەنگاندن بۆ تەندروستی دڵمان بکەین و لە ئەگەری سەرهەڵدانی کێشەکاندا بە زوویی دەستنیشان و چارەسەریان بکەین.
بە شێوەیەکی سروشتی لێدانی دڵ دەگۆڕێت بەپێی هۆکارە جیاوازەکان لەوانە تەمەن، ئاستی چالاکیی جەستەیی، باری دەروونی و تەنانەت پلەی گەرمی. زانینی لێدانی ئاسایی بۆ تەمەنە جیاوازەکان و ئاگاداربوون لەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی زیادبوون یان کەمبوونەوەی لێدانی دڵمان، دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ ژیانێکی تەندروستتر.
لێدانی دڵی ئاسایی لە منداڵاندا
بەزۆری لێدانی دڵی منداڵان زیاترە لە چاو گەورەساڵان، چونکە دڵیان دەبێت خێراتر کاربکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی جەستە بچووکەکەیان. بۆ نموونە منداڵێکی تازە لەدایک بوو لەوانەیە لێدانی دڵی بگاتە ١٩٠ لێدان لە خولەکێکدا کە ئەمەش بە تەواوی ئاساییە بۆ تەمەنی.
لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەدا ئەم ژمارەیە کەم دەبێتەوە. کەواتە، لە تەمەنی خوێندندا، لێدانی ئاسایی دڵی لە کاتی پشووداندا نزیکەی ٧٥ بۆ ١١٨ لێدانە لە خولەکێکدا. بەگشتی دڵی کۆرپەی تازە لە دایکبوو تا تەمەنی ١٢ ساڵی، پێویستە بەم شێوەیە کاربکات.
- کۆرپە تا تەمەنی یەک مانگ: لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٥ لێدان لە خولەکێکدا
- منداڵانی تەمەن ١ بۆ ٣ ساڵ: لە نێوان ٩٨ بۆ ١٤٠ لێدان لە خولەکێکدا
- منداڵانی پێش قوتابخانە ٣ بۆ ٥ ساڵ: لە نێوان ٨٠ بۆ ١٢٠ لێدان لە خولەکێکدا
- منداڵان لە تەمەنی قوتابخانەدا ٦ بۆ ١٢ ساڵ: لە نێوان ٧٥ بۆ ١١٨ لێدان لە خولەکێکدا
لێدانی دڵی ئاسایی بۆ هەرزەکارانی تەمەن ١٢ بۆ ١٨ ساڵ
بۆ هەرزەکاران، لێدانی دڵ نزیک لە لێدانی دڵی گەورەساڵان کە بەزۆری لە نێوان ٦٠ بۆ ١٠٠ لێدانە لە خولەکێکدا. بێگومان چالاکیی جەستەیی، وروژاندن، گریان، یان تەنانەت نەخۆشییەکی سادە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی کاتی لێدانی دڵ و ئەمەش هەمیشە نیشانەی مەترسی نییە.
گرنگ ئەوەیە دایک و باوک ئاشنا بن بە لێدانی دڵی ئاسایی بۆ ئەوەی ئەگەر هەستیان بە گۆڕانکارییەکی نائاسایی و درێژخایەن کرد، زووتر سەردانی پزیشک بکەن.
لێدانی دڵی ئاسایی لە گەورەساڵاندا
لە کەسانی تەمەن ١٨ بۆ ٦٥ ساڵدا، لێدانی دڵی ئاسایی لە حاڵەتی پشوودا بەزۆری لە نێوان ٦٠ بۆ ١٠٠ لێدانە لە خولەکێکدا. بەڵام لەو کەسانەیدا کە بەردەوام چالاکیی جەستەییان هەیە یان وەرزشکاری پڕۆفشناڵن، تەنانەت لێدانی دڵ دەتوانێت بۆ نزیکەی ٥٠ لێدان لە خولەکێکدا دابەزێت. ئەمە بەزۆری نیشانەیەکی خراپ نییە و زۆرجار نیشانەی بەرزی هێز و کارایی دڵە.
هەروەها بخوێنەوە: سوود و زیانەکانی مێوژ بۆ تەندروستی چین
چەند هۆکارێک لەوانە، دڵەڕاوکێ کوالیتی خەو، بەکارهێنانی کافەین، باری جەستەیی و تەنانەت پلەی گەرمی دەوروبەر، دەتوانن بۆ ماوەیەکی کاتی ببنە هۆی گۆڕانکاری لە لێدانی دڵدا.
گرنگ ئەوەیە ئەم گۆڕانکاریانە کاتیی بن و بە تێپەڕبوونی کات لێدانی دڵ بگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی. چاودێریکردنی لێدانی دڵ بە شێوەیەکی بەردەوام گرنگە بۆ ئەو کەسانەی کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیان لەسەرە.
لێدانی دڵی ئاسایی بۆ کەسانی بەساڵاچوو لە سەرووی ٦٥ ساڵەوە
بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە، لێدانی دڵی ئاسایی لە کاتی پشوودان بەزۆری لە نێوان ٦٠ بۆ ٩٠ لێدانە لە خولەکێکدا. لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن، ڕەنگە دڵ کەمێک خاوتر کاربکات و کەمتر وەڵامی چالاکییەکان یان دڵەڕاوکێ بداتەوە. ئەم گۆڕانکاریانە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئاسایین و جێگای نێگەڕانی نین.
لە لایەکی ترەوە پێویستە کەسانی بەساڵاچوو هەستیار بن بەرامبەر بە گۆڕانکاری لەناکاوی لێدانی دڵ، چونکە گۆڕانکاری بەردەوام دەتوانێت نیشانەی کێشەی دڵ یان نەخۆشیەکانی تر بێت، هەروەها پێویستە سەردانی پزیشکی دڵ بکەن ئەگەر بتوانن.
لە لایەکی ترەوە پێویستە کەسانی بەساڵاچوو هەستیار بن بەرامبەر گۆڕانکاری ناکاوی لێدانی دڵ، چونکە گۆڕانکاری بەردەوام دەتوانێت نیشانەی کێشەی دڵ یان نەخۆشیەکانی تر بێت، هەروەها پێویستە سەردانی پزیشکی دڵ بکەن ئەگەر بتوانن.
ڕێگا خێراکان بۆ ڕێکخستنی لێدانی دڵ
ئەگەر لێدانی دڵت بە شێوەیەکی نائاسایی بەرز یان نزم بوو و هەست بە ناڕەحەتی دەکەیت، هەندێک ڕێگەی سادە و کاریگەر هەیە بۆ ڕێکخستنی لێدانی دڵ کە دەتوانێت یارمەتیدەرت بێت.
1- هەناسەدانی قووڵ و خاو
یەکێک لە خێراترین ڕێگاکان بۆ هێورکردنەوەی لێدانی دڵت هەناسەدانی قووڵە. بە هەناسەدانی قووڵ و بەکاوەخۆ، دەتوانیت کۆئەندامی دەمارەکانت هێوربکەیتەوە و لێدانی دڵت خاوبکەیتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە بە هێواشی لە ڕێگەی لووتتەوە هەناسە بدە و بۆ چەند چرکەیەک ڕایبگرە و پاشان بە هێواشی لە ڕێگەی دەمتەوە هەناسە بدە. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و یەکسانکردنی لێدانی دڵت.
2- لە شوێنێکی ئارامدا پشوو بدە
ئەگەر لێدانی دڵت بەرز بوو بەهۆی سترێس یان چالاکیی زۆر، باشتر وایە بۆ ماوەیەک لە شوێنێکی ئارام و بێدەنگدا پشوو بدەیت. پاڵ بکەوە و چاوەکانت دابخە بۆ ئەوەی پەستانی خوێنت ڕێکبخرێت.
3- ئاو بخۆرەوە
هەندێک جار بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ دەتوانێت بەهۆی بێ ئاوی لە جەستەدا ڕوو بدات. خواردنەوەی ئاو یارمەتیدەرە بۆ شێدارکردنەوەی جەستە و گەڕانەوەی پەستانی خوێن بۆ دۆخی ئاسایی خۆی. ئەگەر لێدانی دڵت بە خێرایی بوو، پەرداخێک ئاو بخۆرەوە.
4- ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستەت
لە بارودۆخێکدا کە لێدانی دڵت بە هۆی سەرما یان گەرما، بەرزبووەتەوە یان دابەزیووە ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستەت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. ئەگەر هەست بە گەرمی توند دەکەی ئاوی فێنک لە خۆت بپرژێنە یان لە سێبەردا بمێنەرەوە. ئەگەر هەستت بە سەرما کرد، دەتوانیت بە لەبەرکردنی جلوبەرگی گونجاو خۆت گەرم بکەیتەوە بۆ ئەوەی لێدانی دڵت ئاسایی بێتەوە.
5- ئەگەر کێشەکە بەردەوام بوو سەردانی پزیشک بکە
ئەگەر ئەو ڕێگایانەی کەوا پێسنیار کرا کاریگەر نەبوو و لێدانی دڵت هێشتا بەرزە یان نزمە، بەتایبەتی ئەگەر نیشانەکانی ترت هەبوو وەک ئازاری سنگ، هەناسە تەنگی، یان سەرگێژخواردن، بە دڵنیاییەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.
کەی پێویستە خەمی لێدانی دڵمان هەبێت؟
هەموومان جار جار تووشی لێدانی دڵ دەبین کە کەمێک بەرزتر یان نزمترە لە حاڵەتی ئاسایی. ئەمەش دەتوانێت بەهۆی وەرزشکردن، سترێس، بەکارهینانی زۆری کافەین، کەمخەوی، یان تەنانەت وروژاندنی ساتی بێت و بەزۆری جێگای خەم و نیگەرانی نییە.
ئەگەر ئەم گۆڕانکاریانە بەبێ هۆکارێکی دیار بەردەوام بوون، یان نیشانەکانی وەک سەرگێژخواردن، هەناسە تەنگی، ئازاری سنگ، یان لاوازییەکی زۆری لەگەڵدا بوو، پێویستە بە جددی وەربگیرێت. ئەگەر ئەم حاڵەتانە تەنانەت یەکجاریش ڕوویدا، بە زووترین کات بچۆ بۆ نەخۆشخانە.
بەگشتی لێدانی ئاسایی دڵی مروڤ بۆ ئەو کەسانەی کە وەرزشکار نین نابێ کەمتر لە ٥٠ لێدان بێت لە خولەکێکدا، هەروەها نابێت لە کاتی پشووداندا زۆر بەرز واتا ١٠٠ لێدان بێت لە یەک خولەکدا. ئەگەر کێشەی لێدانی دڵت بەردەوام بوو باشتر وایە سەردانی پزیشک بکەیت و پشکنینی ECG ئەنجام بدەیت.
No Comment! Be the first one.