تەندروستی منداڵان یەکێکە لە نیگەرانییە گرنگەکانی هەموو خێزانێک. هەمیشە دایک و باوک زۆر بە وردی چاودێری گۆڕانکاری جەستەیی و دەروونی منداڵەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن خێراتر هەنگاو بنێن ئەگەر هەستیان بە هەر نیشانەیەکی نائاسایی کرد. بۆ یەکێک لەو حاڵەتانە دەتوانین ئاماژە بکەینە لێدانی دڵی منداڵ، کە هەندێک جار بە هۆی دڵەڕاوکێ و سترێس یان کێشەی دڵەوە ڕوو ئەدات.
ناسینی هێما و نیشانەکان یارمەتی دایکان و باوکان دەدات بۆ بڕیاردانی باشتر و ئەگەر پێویست بوو منداڵەکەیان ببەنە لای پزیشک. لە خوارەوە گرنگترین هۆکارەکان و نیشانەکان و شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشەیە دەکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بتوانیت تەندروستی منداڵەکەت بپارێزیت.
لێدانی دڵی کۆرپە ساوا دەبێت چۆن بێت؟
لێدانی دڵی منداڵی ساوا جیاوازە لە منداڵانی گەورەتر بەهۆی لاوازی باری جەستەیی و گەشەی خێرای جەستەیان. لە چەند ڕۆژی سەرەتایی لەدایکبوونی منداڵدا دڵی کۆرپە خێراتر لێدەدات بۆ ئەوەی پێویستی جەستە بە ئۆکسجین و وزە دابین بکات. بەزۆری لێدانی دڵی ئاسایی منداڵی ساوا لە خولەکێکدا لە نێوان ١٢٠ بۆ ١٦٠ لێداندایە، بەڵام هەندێک جار لە کاتی گریان یان نائارامیدا دەتوانێت بگاتە ١٨٠ لێدان. ئەمەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە ئاسایی دادەنرێت.
بێگومان ئەگەر لە کاتی خەوتن یان پشووداندا لێدانی دڵی منداڵی ساوا بە شێوەیەکی نائاسایی بەرزبووەوە یان دابەزی، باشتر وایە دایک و باوک ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکدا بکەن. پێویستە گرنگی بە نیشانەکانی وەک گۆڕانی ڕەنگی پێست، هەناسەدانی توند و دژوار، یان بێهێزی بدرێت، چونکە ئەمانە دەتوانن نیشانەی لێدانی دڵی نائاسایی، لە کۆرپە و منداڵی ساوادا بن.
لێدانی دڵی ئاسایی بۆ منداڵ چەندە؟
یەکێک لە پێوانە سەرەکییەکانی تەندروستی هەموو منداڵێک لێدانی دڵیەتی. زانینی مەودای لێدانی دڵی ئاسایی لە هەر تەمەنێکدا یارمەتی دایک و باوک دەدات کە باشتر هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی منداڵەکەیان بکەن. چونکە لێدانی دڵی ئاسایی هەر کەسێک بە پشتبەستن بە تەمەن و چالاکیی جەستەیی و باری دەروونی و تەنانەت پلەی گەرمی جەستەش دەتوانێت بگۆڕێت. لێرەدا دەتوانن مەودای لێدانی دڵی ئاسایی بۆ منداڵان بەپێی تەمەن ببینن.
- منداڵانی ٣ بۆ ١٢ مانگ: نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٦٠ لێدان لە خولەکێکدا
- منداڵانی ١ بۆ ٢ ساڵ: نزیکەی ٩٠ بۆ ١٥٠ لێدان لە خولەکێکدا
- منداڵانی ٣ بۆ ٥ ساڵ: نزیکەی ٨٠ بۆ ١٤٠ لێدان لە خولەکێکدا
- منداڵانی ٦ بۆ ١٠ ساڵ: نزیکەی ٧٥ بۆ ١٢٠ لێدان لە خولەکێکدا
پێویستە ئەو خاڵە لەبەرچاو بگریت کە ڕەنگە دڵی منداڵ، بۆ ماوەیەکی کاتی لە کاتی چالاکی جەستەیی توند و چڕدا لەوانە گریان، یان فشاری دەروونی، کە ئەمەش بە تەواوی ئاساییە، خێراتر لێبدات. هەروەها لە کاتی خەوتندا بەزۆری لێدانی دڵ کەمترە لە کاتی بەئاگابوون. گرنگترین حاڵەتی لێدانی دڵی هەر منداڵێک لەکاتی خەوتندایە، کە پێویستە بەپێی مەودای ئاسایی تەمەنی بێت.
هەروەها بخوێنەوە: باشترین ڤیتامینەکان بۆ گەشەی منداڵ
پێویستە دایک و باوک سەردانی پزیشک بکەن ئەگەر هەستیان بە لێدانی دڵی منداڵەکەیان کرد کە بە بەردەوامی بەرزتر یان نزمترە لە حاڵەتی ئاسایی، بەتایبەت ئەگەر نیشانەکان لەوانە هەناسە تەنگی، سەرگێژخواردن، کاڵبوونەوەی ڕەنگ و و ڕوو، یان ماندووبوونی پێشوەختەی لەگەڵدا بێت. بە دڵنیاییەوە زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن دەتوانێت ڕێگری لە کێشە جددییەکان بکات.
چۆن لێدانی دڵی نائاسایی دەستنیشان بکەین؟
زوو دەستنیشانکردنی لێدانی نائاسایی دڵ لە منداڵدا زۆر گرنگە، چونکە زۆرێک لە کێشەکانی دڵ بە ئاسانی چارەسەر دەبەن ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێن. بۆ ئەم مەبەستە دەتوانیت ئەم شێوازە هەنگاو بە هەنگاوەی خوارەوە بەکاربهێنیت:
پەنجەکانت بخەرە سەر مەچەک یان ملی منداڵەکەت و بۆ ماوەی یەک خولەک ژمارەی لێدانەکانی دڵی بژمێرە. باشتر وایە لە کاتی پشوودانی منداڵەکەدا ئەم کارە بکرێت، چونکە لێدانی دڵ بە شێوەیەکی سروشتی دوای یاریکردن یان لە کاتی گریاندا زیاد دەکات. ئەگەر لێدانی دڵ لە مەودای سرووشتی تەمەنی منداڵەکەت دەرچووە یان ڕیتمەکەی ناڕێکە، ئەوا دڵی منداڵەکەت بە شێوەیەکی ئاسایی کارناکات.
بە تایبەت ئەگەر لێدانی دڵی نائاسایی نیشانەگەلێک، لەوانە لاوازی، هەناسە تەنگی، ئازاری سنگ، یان بێهۆشبوونی لەگەڵدا بوو پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکەیت. ئەمانە دەتوانن ئاماژە بن بۆ کێشەیەکی جددی دڵ یان سیستەمی سووڕی خوێن کە پێویستی دەستبەجێ بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
بێگومان دەستنیشانکردنی یەکلاکەرەوە تەنها لەلایەن پزیشکەوە مومکینە. پزیشکی دڵی منداڵان بەزۆری ڕێگاکانی وەک ئەلکترۆکاردیۆگرام (ECG)، چاودێریکردنی 24 کاتژمێری هۆڵتەر، یان ئیکۆکاردیۆگرافی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە و بە وردی کارکردی دڵ بپشکنێت.
هۆکارەکانی ناڕێکی لێدانی دڵ لە منداڵدا چین؟
هەندێک جار دایک و باوک تێدەگەن کە ڕیتمی دڵی منداڵەکەیان ڕێکوپێک دەرناکەوێت یان ڕێژەی لێدانی دڵ زیاتر یان کەمترە لە حاڵەتی ئاسایی. ئەم حاڵەتە کە بە لێدانی دڵی ناڕێک لە منداڵان ناسراوە، دەتوانێت هۆکاری جۆراوجۆری هەبێت.
هەندێک لەو هۆکارانە کاتی و بێ زیانن، بەڵام هەندێکی تر پێویستیان بە پشکنینی پزیشکی ورد هەیە. هەندێک لەو هۆکارە گرنگانەی کە دەبنە هۆی ناڕێکی یان گۆڕانکاری لە ڕیتمی لێدانی دڵدا بریتین لە:
- چالاکیی جەستەیی و وروژاندنی چڕ
- تا، یان هەوکردنی ڤایرۆسی
- کەمخوێنی و کێشەی خوێن
- تێکچوونی هۆرمۆنەکان
- ناڕێکی دڵی زگماکی یان بەدەستهاتوو
- سترێس و دڵەڕاوکێ
بەکارهێنانی هەندێک دەرمان یان هاندەرلە زۆر حاڵەتدا گۆڕانکاری کاتی لە ڕیتمەکانی دڵی منداڵدا شتێکی ئاساییە و جێی نیگەرانی نییە. بەڵام ئەگەر ئەم حاڵەتە نیشانەکان، لەوانە هەناسەتوندی، بێهێزی، کاڵبوونەوەی ڕەنگ و ڕوو یان بێهۆشی لەگەڵیدا بوو، زۆر گرنگە سەردانی پزیشک بکەیت. پزیشکی دڵی منداڵان دەتوانێت پشکنینی پێویست ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی هۆکاری بنەڕەتی و ئەگەر پێویست بوو چارەسەری گونجاو دەستپێبکات.
شێوازەکانی چارەسەر و خۆپاراستن
پاراستنی تەندروستی دڵ لە منداڵدا پێویستی بە گرنگیدانی تایبەت هەیە، چونکە هەر ناڕێکییەک لە ڕیتمی لێدانی دڵدا دەبێتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر بۆ دایک و باوک. باشترین ڕێگا بۆ نەهێشتنی ئەم نیگەرانیانە ڕێگریکردنە لە تێکچوونی لێدانی سرووشتی دڵی منداڵ. گۆڕینی شێوازی ژیان، یەکەم هەنگاو و گرنگترین هەنگاوە لەم خۆپاراستنەدا دێتە ئەژمار.
خەوتنی پێویست، خواردنی خۆراکی تەندروست، وەرزشکردن بە بەردەوامی و کەمکردنەوەی خواردەمەنییە هاندەرەکان لەوانە خواردنی کافەئین زۆر یارمەتیدەر و بەسوودن. جگە لەوەش کونتڕۆڵی سترێس و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام لە ماڵەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ڕێکخستنی لێدانی دڵدا.
هەروەها بخوێنەوە: هۆکار و چارەسەری خێرای کۆکەی وشک لە ماڵەوە
لە بارۆدۆخێکدا کە ڕێوشوێنی خۆپارێزی کاریگەر نەبوو یان منداڵەکەت ئەم کێشەیەی هەیە، پێویستە ڕوو لە شێوازەکانی چارەسەرکردن بکەیت. بۆ چارەسەرکردنی لێدانی دڵی نائاسایی لە منداڵاندا، پزیشک سەرەتا هۆکاری بنەڕەتی دیاری دەکات.
ئەگەر کێشەکە سووک بوو، دەرمان بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێکخستنی ڕیتمەکانی دڵ یان چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان وەک کەمخوێنی یان پڕکاری تیرۆئید. لە حاڵەتەکانی ئاڵۆزتردا، ڕەنگە بەکارهێنانی ئامێری چاودێری دڵ یان تەنانەت ڕێکارە تایبەتەکان وەکوو لابردن(Ablation) و نەشتەرگەری دڵ بەکار بهێنێت.
کەی پێویستە خەمی منداڵەکەمان بێت؟
بەزۆری دایک و باوک زوو هەست بە گۆڕانکاری بچووک دەکەن لە جەستەی منداڵەکەیاندا، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە هەمیشە نیشانەی نەخۆشییەکی سەخت نییە. بەڵام پێویستە بزانین لێدانی دڵی مەترسیدار بۆ منداڵەکەمان چییە بۆ ئەوەی بتوانین مامەڵەی لەگەڵدا بکەین ئەگەر ڕووبدات.
بەگشتی لێدانی دڵ ئەگەر بەردەوام لە دەرەوەی مەودای ئاسایی تەمەنی لێدانی دڵی منداڵ بێت ئەوە هۆشدارێکی تەندروستییە. بۆ نموونە ئەگەر لێدانی دڵ لە کاتی پشوودا زۆر زیاتر بێت لەوەی چاوەڕوان دەکرا یان لە ئاسایی کەمتر بێت، لەوانەیە کێشەیەکی جددی لە ئارادا بێت.
ئەگەر شتێکی وا، نیشانەکانی تری لەگەڵدا بوو، وەک لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، بێهێزی، یان کاڵبوونەوەی ڕەنگ و ڕوو، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی دڵی منداڵان بکەیت، تا زووتر بەدوای چارەسەردا بگەڕێیت. هەرچەند زووتر بۆ چارەسەرکردن هەنگاو بنیت، ئەگەری زیاترە کە ڕێگری لە دروستبوونی کێشەی جددی تر بکرێت.
No Comment! Be the first one.