یەکێک لە باوترین کێشەکانی هەرس کە هەموو کەسێک لە درێژەی ژیانیاندا تووشی دەبن، ئازاری گەدەیە. ئەم ئازارە بەزۆری بەهۆی زۆر خواردنی زۆر یان خواردنی ژەمێکی قورسەوە دروست دەبێت، یان ڕەنگە نیشانەی نەخۆشییە جددییەکانیش بێت وەک برینی گەدە، هەوکردنی گەدە، یان گەڕانەوەی ترشەڵۆک. کەوابوو بۆ چارەسەرکردنی ئازاری گەدە پێویستە دەرمان یان شێوازی جیاواز بەکاربهێنرێت بەپێی هۆکارەکەی و باری جەستەیی کەسەکە.
بۆیە دەستنیشانکردنی هۆکاری وردی ئازاری گەدە و هەڵبژاردنی شێوازی چارەسەری گونجاو ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دابینکردنی ڕزگاربوونێکی خێرا و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی. هەندێک جار ئەم ئازارە بە دەرمانێکی سادەی ئازارشکێن کەم دەکرێتەوە، هەندێکجاریش پێویستی بە چارەسەری درێژخایەن هەیە.
ئازاری گەدە چییە و چۆن ڕوودەدات؟
ئازاری گەدە یەکێکە لە هەستە نائارامەکان کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەواوی ڕۆژەکەمان هەبێت. ئەم ئازارە بەزۆری لە بەشی سەرەوەی سک و خوار قەفەزی سنگ هەستی پێدەکرێت و لەوانەیە لەگەڵ سکچوون، قورسایی، ئازار یان ئاوسانی سکدا بێت. توندی ئازارەکە زۆر جیاوازە و لەوانەیە ئازارێکی سووک بێت یان ئازارێکی تیژ و توند و ئازاربەخش.
لە ڕاستیدا ئازاری گەدە کاتێک کە کارکردی کۆئەندامی هەرس تێکدەچێت یان دیواری ناوەوەی گەدە بەهۆی، هۆکاری جۆراوجۆرەوە هان دەدرێت و تووشی هەوکردن دەبێت ڕوو ئەدات. گرنگترین هۆکارەکانی ئازاری گەدە بریتین لە چەند شت:
- زۆر خواردن یان خواردنی ژەمە قورسەکان
- سترێس و دڵەڕاوکێ
- هەوکردنی بەکتریا
- خواردنی دەرمانی دژە هەوکردن یان ئازارشکێن
- نەخۆشی گەڕانەوەی گەدە و سورێنچک (GERD)
- خواردنی خۆراکی پیس یان ماوەبەسەرداچوو
- برینی گەدە یان هەوکردن
ئازاری گەدە دەتوانێت تەنها بۆ چەند کاتژمێرێک یان لە حاڵەتی خراپتردا بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت. لە هەندێک کەسدا ڕەنگە دوای خواردن، ئازارەکە خراپتر بێت، لە هەندێکی تریشدا ڕەنگە لە گەدەی بەتاڵدا ئازارەکە خراپتر هەستی پێ بکرێت.
هەروەها جۆری ئازارەکە هۆکاری بنەڕەتی دیاری دەکات. بۆ نموونە ئەگەر ئازارەکە هەستی دڵەکزەی لەگەڵدا بێت، ئەگەری زۆرە پەیوەندی بە ترشەڵۆکی گەدە و گەڕانەوەی گەدەوە هەبێت. بەڵام ئەگەر ئازارەکە برووسکەی بێت یان تا و سکچوونی لەگەڵدا بێت، ئەگەری چڵککردن یان هەوکردنی گەدە بوونی هەیە.
ڕێگاکانی چارەسەری
کاتێک گەدە بەر ئازار دەکەوێت، یەکەم شت کە زۆربەمان ئەنجامی دەدەین ئەوەیە کە بەدوای ڕێگایەکی خێرادا بگەڕێین بۆ ڕزگاربوون لێی، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە هەڵبژاردنی شێوازی چارەسەری ئازاری گەدە پێویستە بەپێی هۆکاری ئازارەکە بگونجێت.
هەروەها بخوێنەوە: هۆکار و چارەسەری خێرای کۆکەی وشک
هەندێک جار خواردنی دەرمانێکی سادە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازارەکە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا گۆڕینی شێوازی ژیان یان بەکارهێنانی چارەسەری گیایی و سروشتی ئەنجامێکی باشتری دەبێت. لە درێژەدا باس لە دوو بەشی سەرەکی شێوازی چارەسەرکردن دەکەین کە بریتین لە چارەسەری دەرمانی و چارەسەری ماڵەوە و گیایی.
چارەسەری دەرمانی
بەزۆری چارەسەری دەرمانی کاتێک بەکاردێت کە ئازاری گەدە زۆر بێت یان هۆکارێکی دیاریکراوی هەبێت، وەکو برینی گەدە، زۆری ترشەڵۆک، یان هەوکردنی بەکتریا. پزیشکەکان بەپێی جۆری کێشەکە دەرمانی جیاواز بەکاردەهێنن. هەندێک لە دەرمانە باوەکان بریتین لە:
دژە ترشەلۆک: وەکو ئەلەمنیۆم هایدرۆکساید یان مەگنیسیۆم هایدرۆکساید کە ترشی گەدە کەم دەکەنەو دەبنە هۆی ئەوەی کە دەستبەجێ لە ئازار و دڵەکزێ ڕزگار بن.
دەرمانی سەرکوتکەری ترشەڵۆک: ئەم دەرمانانە دەردانی ترشی گەدە کەمدەکەنەوە و زۆر کاریگەرن لە چارەسەرکردنی برینی گەدە یان گەڕانەوەی گەدە.
ئانتی بیوتیک: لەو حاڵەتانەی کە ئازاری گەدە بەهۆی هەوکردنی هێلیکۆباکتێر پایلۆریەوەیە بێت، پزیشک تێکەڵەیەک لە ئانتی بیوتیکەکان وەک ئۆمپرازۆڵ، پانتۆپرازۆڵ، فامۆتیدینی بۆ دەنووسێت.
دەرمانی دژە کرژبوون: بۆ کەمکردنەوەی گرژبوون و گرژبوونی ماسولکەکانی گەدە باشترە دەرمانی دایمێتیکۆن یان هیۆسسین بەکاربهێنرێت.
دەرمانی دژە سکچوون: لەو حاڵەتانەی کە ئازاری گەدە لەگەڵ سکچووندا بێت، دەرمانی وەک میتۆکلۆپرامید یارمەتیدەرە.
لە بیری نەکەین کە خۆدەرمانکردن بۆ کێشەکانی گەدە ڕەنگە نەک هەر حاڵەتەکە باشتر نەکات، بەڵکو خراپتریشی بکات. هەمیشە باشتر وایە پێش خواردنی هەر دەرمانێک ڕاوێژ بە پزیشک یان دەرمانساز بکەین بۆ ئەوەی هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبێت.
چارەسەری ماڵەوە و گیایی
ئەگەر ئازاری گەدەت بۆ ماوەیەکی کاتی بێت، وەک لە زۆر خواردن، سترێس، یان خواردنی ژەمێکی قورس، ئەوا چارەسەری سروشتی و گیایی دەتوانێت باشترین بژاردە بێت بۆ ڕزگاربوون. گیا دەرمانییە سودبەخشەکان بۆ تەندروستی گەدە باشترین بژاردەن بۆ هێورکردنەوەی ئازاری سوکی گەدە.
- چای نەعنا
- زەنجەفیلی تازە یان چای زەنجەفیل
- بابۆنی
- ئارەقەی نەعنا یان ئەجواین
- ماستی سروشتی
- گەرمکردنی سک
هەروەها بخوێنەوە: سوودەکانی زەنجەفیل و باشترین ڕێگا بۆ خواردنی
جگە لەم چارەسەرانە، پەیڕەوکردنی ڕێجیمێکی سووک، دوورکەوتنەوە لە خواردنە چەور و بەهاراتییەکان، خواردنەوەی ئاوی پێویست و کەمکردنەوەی سترێس ڕۆڵی زۆر گرنگ دەگێڕن لە ڕێگریکردن لە ئازاری گەدەدا.
بۆ ئازاری گەدە سەردانی پزیشک بکە
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئازاری گەدە بەهۆی کێشەی سادە و کاتیەوە دروست دەبێت و دەتوانرێت بە چارەسەری سادەی ماڵەوە یان دەرمان چارەسەر بکرێت. بەڵام هەندێک جار ئەم ئازارە نیشانەی حاڵەتێکی قورسترە و نابێت پشتگوێ بخرێت. ئەگەر ئازاری گەدەت دووبارە بووەوە یان نیشانەی نیگەرانکەری لەگەڵدا بوو، باشتر وایە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی هەنگاوە پێویستەکان بنێیت.
یەکێک لەو نیشانانە بەردەوامی ئازاری گەدەیە بۆ زیاتر لە چەند ڕۆژ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کێشەیەکی جددی. ئەمەش بە تایبەت ئەگەر هەست بە دڵەکزێ یان ئازارێکی زۆر لە بەشی سەرەوەی سکتدا بکەیت، لەگەڵ سکچوون و ڕشانەوەدا و بێگومان دەبێتە هۆی خراپتربوونی کێشەکە.
نیشانانەگەلێ تر کە دەبێت بە بینینی سەردانی پزیشک بکرێت بریتین لە، تۆخ و خوێناوی بوونی پیسایی، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، دابەزینی کێش بە بێ هۆ، تا، لەرز، یان هەستکردن بە لاوازی و بێهێزی لەڕادەبەدەر.
ئەگەر هەریەکێک لەم نیشانانەت بینی پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی بکەیت. چونکە لەوانەیە ئەم نیشانانە پەیوەندییان بە کێشەی جددیترەوە هەبێت وەک برین یان تەنانەت کێشەی دڵ.
بە سەردانی پزیشک و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست وەکو ئەندۆسکۆپی هۆکاری ورد و چارەسەری سەرەتایی ئەنجام دەدرێت. هەرچەند زووتر چارەسەرکردن دەست پێبکات، چانسی چاکبوونەوەی تەواو و ڕێگریکردن لە زیانەکانی تر زیاتر دەبێت.
چۆن لە ئازاری گەدە خۆ بپارێزن؟
بۆ ئەوەی ئازاری گەدەمان نەبێت، پێویستە کەمێک گرنگی بە خووەکانی ڕۆژانەمان بدەین. زۆربەی ئازارەکانی گەدە بەهۆی شێوازی ژیانێکی ناتەندروست، خراپی خۆراک، یان فشاری دەروونییەوە دروست دەبێت. بە جێبەجێکردنی چەند ئامۆژگاریەکی سادە دەتوانین ڕێگری لەم کێشەیە بکەین و تەندروستی کۆئەندامی هەرسمان بپارێزین.
سەرەتا باشترە خواردن بە ئارامی و بە هێواشی بخورێت بۆ ئەوەی گەدە کاتێکی پێویستی هەبێت بۆ هەرسکردن. هەروەها خواردنی ئاسایی زۆر گرنگە. چونکە برسێتی درێژخایەن یان زیادەڕۆیی لەناکاو هەم دەبێتە هۆی هەوکردن و هەم ناڕەحەتی گەدە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لەبیرت نەچێت کۆنتڕۆڵی فشاری دەروونی و سترێس بکەیت.
هەست و دڵەڕاوکێ زۆر لە سەر گەدە گاریگەرن. پیاسەکردن، هەناسەدانی قووڵ، یان چەند خولەکێک ئارامگرتن بە درێژایی ڕۆژ دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری هەبێت لە چارەسەرکردنی ئازاری دەمارەیی گەدەدا. ئەگەر سەرەڕای پەیڕەوکردنی ئەم شتانە هێشتا ئازارێکی زۆرت هەیە، باشتر وایە ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکەی بزانیت و پشکنینی بۆ بکەیت.
No Comment! Be the first one.