ئازاری گورچیلە یەکێکە لە ئازارە توندەکان کە مرۆڤ بەزۆری لە پشتی لەش و لای لەشیەوە هەستی پێدەکات. ئەم ئازارە هەندێک جار سووک و کاتییە، هەندێک جاریش توند و درێژخایەن دەبێت. بۆ چارەسەرکردنی ئازاری گورچیلە سەرەتا دەبێت هۆکارەکەی بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت بە چارەسەری دروست ئازارەکانت کەم بکەیتەوە.
هۆکاری زۆر هەیە بۆ ئازاری گورچیلە، گرنگترینیان وشکبوونەوەی لەشە کە، لەگەڵ زیادبوونی خواردنی ئاو باشتر دەبێت. ئەگەر هۆکارەکەی هەوکردن بێت پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە. بەردی گورچیلە یەکێکە لە هۆکارە باوەکان، کە بەپێی قەبارەکەی یان خۆی تێدەپەڕێت یان پێویستی بە چارەسەر هەیە.
ئێمە بە زاراوەیەکی سادە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ئازارە و شێوازەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی، بۆ ڕوون دەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانیت لە ماڵەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەیت ئەگەر بتوانیت.
هۆکاری ئازاری گورچیلە چییە و تا چەند مەترسیدارە؟
ئەرکی گورچیلە پاک و خاوێنکردنەوەی خوێنە و دەرهێنانی پاشماوە لە ڕێگەی میزەوە. کاتێک هۆکارەکانی وەک بەرد، هەوکردن، یان وشکبوونەوە لەم پرۆسەیەدا دەستوەردان دەکەن، گورچیلەکان تووشی فشار دەبن و ئازار دروست دەبێت.
یەکێک لە هۆکارە باوەکانی ئازاری گورچیلە بەردی گورچیلەیە، کە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی بۆری میز یان گیرانی.

هەوکردنی گورچیلە یەکێکی ترە لە هۆکارە گرنگەکان، کە تەنانەت دەبێتە هۆی تا و لاوازی. هەروەها کەم خواردنەوەی ئاو دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی میز و فشار لەسەر گورچیلە زیاد دەکات. هەروەها ڕاگرتنی میز بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵەیە و هۆکارێکی ترە بۆ سەرهەڵدانی ئەم ئازارە.
لە زۆر حاڵەتدا ئازاری گورچیلە مەترسیدار نییە و بە چارەسەری لە کاتی خۆیدا چارەسەر دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر بەهۆی وشکبوونەوەی لەش یان بەردی بچووکەوە بێت. بەڵام لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانێت ببێتە مەترسیدار و نابێت پشتگوێ بخرێت.
جۆرەکانی چارەسەری ماڵەوە بۆ ئازاری گورچیلە
کاتێک ئازاری گورچیلەکانت دەستیپێکرد، پەلە مەکە بۆ لای پزیشک و سەرەتا ڕێگەی سادە تاقیبکەرەوە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە. لێرەدا چەندین شێوازی جۆراوجۆر دەناسێنین بە ڕێکوپێکی خێرایی کاریگەرییان، کە بەزۆری لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاریگەرن.
یەکەم و خێراترین ڕێگا: خواردنەوەی ئاوی زۆر
ئەگەر ئازاری گورچیلەکانت بەهۆی وشکبوونەوە یان بەردی بچوکەوەیە، یەکەم و گرنگترین کار ئەوەیە کە ئاو بخۆیتەوە. ئاو میزەکەت شل دەکاتەوە و یارمەتی بەردە بچووکەکان دەدات کە باشتر بجوڵێنەوە. هەوڵبدە لە چەند کاتژمێری یەکەمدا وردە وردە چەند پەرداخێک ئاو بخۆیتەوە، نەک بە یەکجار بڕێکی زۆر ئاو بخۆیتەوە.
هەروەها بخوێنەوە: چارەسەری ئازاری گەدە بە شێوازی دەرمانی و ماڵەوە
ئەگەر ئازارەکە کەمتر بوو یان میزکردن ئاسانتر بوو دوای زیادکردنی خواردنی ئاوەکەت، ڕەنگە هۆکاری ئازارەکە وشکبوونەوەی جەستە یان بەردی بچووک بووبێت.
بەکارهێنانی کیسەی ئاوی گەرم
گەرما ماسولکەکانی دەوروبەری گورچیلەکانت ئارام دەکاتەوە و کرژبوون کەمدەکاتەوە. کیسەیەکی ئاوی گەرم لەسەر گورچیلەکەت دابنێ بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ خولەک. ئەم شێوازە زۆر خێرا کاردەکات، بەتایبەتی کاتێک ئازارەکە بە شێوازی برووسکە یان گرژبوونەوە بێت.
دووشێکی ئاوی گەرم
هەندێک جار دووشێکی ئاوی گەرمی سادە دەتوانێت ئازار کەم بکاتەوە. گەرمی ئاوەکە سوڕی خوێن باشتر دەکات و گرژی ماسولکەکانی دەوروبەری گورچیلەکانت کەمدەکاتەوە. ئەم ڕێگایە زۆرترین کاریگەرە بۆ ئازاری سووک تا مامناوەند و بەزۆری دوای ١٠ بۆ ١٥ خولەک کاریگەری دەبێت.
بەکارهێنانی شلەی سروشتی وەک ئاوی لیمۆی تازە
ئاوی لیمۆی تازە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە گەورەبوونی بەردی گورچیلە چونکە سیتراتی تێدایە. ئەگەر گومانت هەبوو ئازارەکە بەهۆی بەردی بچووکەوە بێت، دەتوانیت پەرداخێک ئاوی شلەتێن لەگەڵ چەند دڵۆپێک لیمۆی تازە بخۆیتەوە. ئەم شێوازە ئازارەکە یەکسەر ڕاناگرێت، بەڵام یارمەتیدەرێکی زۆرە لە پرۆسەی چاکبوونەوەدا و گونجاوە بۆ چارەسەری درێژخایەن.

دوورکەوتنەوەی کاتی لە خوێ و خواردنە قورسەکان
ئەگەر ئازاری گورچیلەت هەیە باشتر وایە خواردنی خوێ و چەوری و خواردنە بەهاراتییەکان بۆ چەند ڕۆژێک کەم بکەیتەوە. ئەم خواردنانە دەتوانن فشاری زیاتر بخەنە سەر گورچیلەکان، نەهێشتنیان دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی گورچیلەکانت بە تێپەڕبوونی کات.
پشوویەکی تەواو وەربگرە و پاڵ بکەوە
چالاکی زۆر یان ماندوێتی ئازارەکە خراپتر دەکات. بۆیە پاڵکەوتن لەسەر ئەو لایەی کە ئازارت نادات و چەمانەوەی ئەژنۆکانت دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار و ئازارەکە بە زۆری.
حەبی ئازارشکێن و چارەسەری گیایی
ئەگەر ئەو ڕێگایانەی سەرەوە کاریان نەکرد و بێ سوود بوون، دەتوانیت دەرمانی ئازارشکێن بەکاربهێنیت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانت. حەبی ئازارشکێن وەک ئیبوپڕۆفین و دیکلۆفیناک و ناپرۆکسین بۆ ئازاری هەوکردن بەکاردەهێنرێن و دەتوانن بۆ ماوەیەکی کاتی ئازار کەم بکەنەوە.
بێگومان ئەو کەسانەی کە نەخۆشی بنەڕەتییان هەیە، بەتایبەتی کێشەی گەدە یان بەرزی پەستانی خوێن، پێویستە لە کاتی بەکارهێنانی ئەم دەرمانانەدا وریا بن. هەروەها دەتوانیت چارەسەری گیایی بەکاربهێنیت، بەڵام لەو حاڵەتانەی کەوا ئازاری گورچیلە سووک بێت.
هەروەها بخوێنەوە: دابەزانی کێش لە ڕێگەی وەرزش و ڕژیمگرتن
کاسنی و کەرەوز و جاترە گیای دەرمانین کە کاریگەرن لە چارەسەرکردنی ئازاری گورچیلەدا. هەرچەندە چڕی کاریگەری ئەم گیایانە دەستبەجێ وبەدڵنیاییەوە نییە، بەڵام زۆر یارمەتی ئازارەکانت دەدەن.
بەردی گورچیلە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی
بەردی گورچیلە لە ڕاستیدا بریتیە لە بارستەیەکی کانزایی کە لە ناو گورچیلەدا دروست دەبن و کاتێک دەجوڵێت یان لە کۆئەندامی میزدا گیر دەخوات ئازار دروست دەکات. نیشانەکانی بریتین لە هەستکردن بە سووتانەوە لە کاتی میزکردن، زۆر میزکردن، سکچوون و هەندێکجاریش بینینی خوێن لە میزدا. بۆ نەهێشتنی ئازاری بەردی گورچیلە، یەکەم شت پێویستە بیکەیت ئاو بخۆیتەوە بۆ ئەوەی فشار لەسەر گورچیلە کەم بکاتەوە و جوڵەی بەردەکە ئاسانتر بکات.

هەروەها بەکارهێنانی کیسەی ئاوی گەرم و پشوودان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازارەکە. بۆ ئەوەی یارمەتی تێپەڕاندنی بەردەکە بدەیت، پێویستە بەدرێژایی ڕۆژ خواردنەوەی ئاو زیاد بکەیت و وەرزشێکی سووک بکەیت وەک پیاسەکردن، چونکە ئەمە یارمەتی جوڵە و تێپەڕاندنی بەردی بچووک دەدات.
ئەگەر ئازارەکە زۆر توند بوو، چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو، یان تا، لەرز، ڕشانەوە، یان کێشەی میزکردن لەگەڵیدا بوو، بە دڵنیاییەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. لەم حاڵەتەدا ڕەنگە بەردەکە گەورە بێت و تەنانەت ڕەنگە پێویستی بە نەشتەرگەریش هەبێت.
ڕێگریکردن لە دروستبوونی بەردی گورچیلە
گرنگترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لە بەردی گورچیلە بریتییە لە خواردنەوەی ئاوی پێویست بە درێژایی ڕۆژ. کاتێک لەش وشک دەبێتەوە، میز چڕ دەبێتەوە و ئەگەری دروستبوونی بەرد زیاد دەکات. هەوڵبدە ڕۆژانە چەند پەرداخێک ئاو بخۆیتەوە، بەتایبەتی لە کەشوهەوای گەرمدا یان کاتێک چالاکی جەستەیی دەکەیت. هەروەها باشتر وایە خواردنی خوێ و خۆراکی سوێر کەم بکەیتەوە، چونکە خوێ زۆر ئەگەری دروستبوونی بەرد زیاد دەکات.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەین؟
چارەسەری ماڵەوە و دەستبەجێ، بەس کاتییە و پێویستە بۆ هەمیشە چارەسەری گورچیلەکەت بکەیت. چارەسەری ڕاستەقینەی ئازاری گورچیلە تەنها لەلایەن پزیشکەوە ئەنجام دەدرێت و ئەم ڕێگایانە گونجاون بۆ ئازاری سووک یان بەردی بچووک. بۆیە ئەگەر ئازارەکەت زۆر بوو یان زیاتر لە 24 بۆ 48 کاتژمێر بەردەوام بوو، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵیدا، تا و لەرز، سکچوونی توند یان خوێن لە میزدا بوو، بەدڵنیاییەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.
No Comment! Be the first one.