کیوی یەکێکە لەو میوانەی کە سەرەڕای دەرکەوتنی سادە، دونیایەک تایبەتمەندی شاراوەی هەیە. سوودەکانی کیوی ئەوەندە زۆرن و سەرسوڕهێنەرن کە زۆرێک لە پسپۆڕانی خۆراک بە میوەیەکی موعجیزەیی دەزانن بۆ کێشەکانی هەرسکردن و بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری لەش و تەندروستی پێست.
تێگەیشتن لە سوودە سروشتییەکانی ئەم میوەیە یارمەتیت دەدات بزانیت کەی و بۆچی کیوی بخۆیت. ئەم میوەیە بۆ هەموو شتێک بەسوودە لە باشترکردنی هەرسکردنەوە تا دابینکردنی ڤیتامین سی ڕۆژانە و چەندین حاڵەتی تر.
بەهای خۆراکی میوەی کیوی
کیوی میوەیەکی گەرمەسێرییە و پێستی قاوەیی و ناوەوەی سەوز یان زەردە. تامێکی شیرین و ترشی هەیە و بە یەکێک لە بەناوبانگترین میوە تەندروستەکانی جیهان دادەنرێت. بە تێکڕا هەر کیوییەک ئەمانەی خوارەوەی تێدایە:
- کالۆری: نزیکەی ٤٥ کالۆری
- ڕیشاڵ: 2 بۆ 2.5 گرام
- ڤیتامین C: زیاتر لە 90%ی پێویستی ڕۆژانە
- ڤیتامین K: نزیکەی 30%ی پێویستی ڕۆژانە
- پۆتاسیۆم: نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ میلیگرام
- فۆلات و ڤیتامین E و دژە ئۆکسانی بەهێز
- ڕێژەیەکی زۆر لە ئاو (زیاتر لە 80%)، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لەش بە شێداری بمێنێتەوە
کیوی تێکەڵەیەک لە ڕیشاڵی بەرز + ڤیتامین سی بەرز و دژە ئۆکسیدانی بەهێزە، هەروەها بۆ هەرسکردن و بەرگری لەش و تەندروستی پێست باشە. بە گشتی ئەم میوەیە یەکێکە لە میوە دەوڵەمەندەکانە لە ڕووی ڤیتامین و کانزاکانەوە.
گرنگترین سوودەکانی کیوی بۆ تەندروستی جەستە
کیوی یەکێکە لە میوە دەوڵەمەندەکان لەڕووی ڤیتامین و دژە ئۆکسانەوە، هەربۆیە کاریگەری گرنگی لەسەر بەشە جیاوازەکانی لەشدا هەیە. ئەم میوە بچوکە و بەتامە دەتوانێت یارمەتی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش و باشترکارکردنی کۆئەندامی هەرس و تەندروستی پێست و تەنانەت پاراستنی دڵیش بدات. لێرەدا گرنگترین سوودەکانی خواردنی کیوی دەناسێنین.
- سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەکات
- هەرس باشتر دەکات و چارەسەری قەبزی دەکات
- تەندروستی دڵ باشتر دەکات
- کۆنتڕۆڵی شەکری خوێن دەکات
- کاریگەری لەسەر تەندروستی پێست دادەنێت
- یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات
- تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە ئۆکسانی هەیە
سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەکات
کیوی یەکێکە لە بەهێزترین سەرچاوە سروشتییەکانی ڤیتامین سی، و تەنانەت لە پڕتەقاڵ ڤیتامین سی زیاتری تێدایە. ڤیتامینێک کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش و زیادکردنی توانای لەش بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسەکان.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خواردنی بەردەوامی کیوی بە تایبەت لە وەرزی سەرمادا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە پەتا و کورتکردنەوەی ماوەی نەخۆشییەکە.
هەرس باشتر دەکات و یارمەتی چارەسەرکردنی قەبزی دەدات
ڕێژەی بەرزی ڕیشاڵی کیوی لەگەڵ ئەنزیمێک کە پێی دەوترێت ئەکتینیدین یارمەتی باشترکردنی هەرسکردن و ڕێکخستنی جوڵەی ڕیخۆڵە دەدات. ئەم میوەیە شلکەرەوەیەکی سروشتی سووکە و بژاردەیەکی نایاب و باشە بۆ چارەسەرکردنی قەبزی. ئەگەر بەدەست قەبزییەوە دەناڵێنیت، ئەوا بە خواردنی یەک یان دوو کیوی لە ڕۆژدا چاکبوونەوەی گەورەت دەستدەکەوێت.
هەروەها بخوێنەوە: چارەسەری قەبزی لە منداڵ و گەورەساڵاندا
یارمەتی تەندروستی دڵ دەدات
کیوی پۆتاسیۆم و دژە ئۆکسێنەر و ڕیشاڵی تواوەی تێدایە. سێ پێکهاتە کە یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن و دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خراپ دەدەن. هەروەها خواردنی بەردەوامی کیوی ڕێگری دەکات لە دروستبوونی پلاک لە خوێنبەرەکاندا و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن
هەرچەندە کیوی تامێکی شیرینی هەیە، بەڵام ڕێژەی گلایسیمیکی کەمی هەیە و نابێتە هۆی زیادبوونی لەناکاوی شەکری خوێن. بەو پێیەی کە ڕێژەی زۆر لە ڕیشاڵی ئەم میوەیە ڕێگە نادات شەکر بە خێرایی بەرز بێتەوە بۆیە هەڵبژاردەیەکی باشە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە، بە ڕێژەیەکی مامناوەند.
تەندروستی پێست بەرز دەکاتەوە
ڤیتامین سی و ماددە خۆراکیەکانی ناو کیوی یارمەتی بەرهەمهێنانی کۆلاجین دەدەن و پرۆسەی پیربوون خاو دەکەنەوە و پێست ڕوونتر دەکەنەوە. ئەگەر بەدوای میوەیەکی سروشتی دژە پیربوون و گەشاوەکەری پێستدا دەگەڕێیت، کیوی یەکێکە لە باشترین هەڵبژاردنەکان.
یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات
کیوی میوەیەکی زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن چونکە کالۆری کەمی تێدایە و ڕیشاڵی زۆرە. ڕیشاڵی ناو کیوی وا دەکات هەست بە تێری بکەیت بۆ ماوەیەکی زیاتر و کەمتر مەیلی زیادەڕۆیی لە خواردنتدا هەبێت. جگە لەوەش ڕێژەی بەرزی ئاو و سروشتی سوکی کیوی یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی میتابۆلیزم و ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی لە خواردندا.
سوودەکانی کیوی بۆ منداڵان
کیوی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و زیادکردنی وزە لە منداڵاندا بەهۆی بوونی ڤیتامین سی و ڕیشاڵی زۆرەوە. هەروەها ئەم میوەیە یارمەتیدەرە بۆ باشتر هەڵمژینی ئاسن و بژاردەیەکی زۆر باشە بۆ ئەو منداڵانەی کە ئارەزووی خواردنیان لاوازە یان قەبزییان هەیە.
تاکە خاڵی گرنگ ئەوەیە کە پێویستە بە وریاییەوە و لە ژێر چاودێری دایک و باوکدا بخورێت بەتایبەت بۆ منداڵانی تەمەن خوار یەک ساڵ، یان ئەو منداڵانەی کە پێشینەی حەساسیەتی خۆراکیان هەیە.
خواردنی میوەی کیوی لە کاتی دووگیانیدا
کیوی یەکێکە لە باشترین میوەکان بۆ خواردن لە کاتی دووگیانیدا، بەو پێیە کە بڕێکی زۆر فۆلاتی تێدایە. فۆلات ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەکردنی تەندروستانەی ئاولەمەدا، هەروەها ڕیشاڵی ناو کیوی دەتوانێت قەبزی کەم بکاتەوە لە کاتی دووگیانیدا.

هەروەها ئەم میوەیە یارمەتی بەرزکردنەوەی بەرگری لەشی دایک دەدات. تەنها شتێک ئەوەیە کە ئەگەر دایکی دووگیان حەساسیەتی بە کیوی هەبوو، پێویستە خۆی لە خواردنی بەدوور بگرێت.
هەروەها بخوێنەوە: سوودەکانی پاقلە و زیانەکانی
باشترین کات بۆ خواردنی کیوی
باشترین کات بۆ خواردنی کیوی بەیانیان یان لە نێوان ژەمەکاندایە. ئەمەش کاتێکە کە جەستە دەتوانێت باشتر ڤیتامین سی و ڕیشاڵەکانی هەڵبمژێت. خواردنی کیوی پێش نانی بەیانی یارمەتی باشترکردنی هەرسکردن دەدات، هەروەها خواردنی لە نێوان ژەمەکاندا وزە زیاد دەکات و ئارەزووی خواردن کۆنتڕۆڵ دەکات. هەروەها هەندێک کەس لە شەودا کیوی دەخۆن، بەڵام بەزۆری خواردنی لە ڕۆژدا زۆرترین کاریگەری هەیە.
ئەو حاڵەتانەی کە نابێت کیوی بەکار بهێنیت
هەرچەندە کیوی میوەیەکی زۆر دەوڵەمەندە بە خۆراک و سوودبەخشە، بەڵام بۆ هەندێک کەس دەتوانێت کێشە دروست بکات. ئەوانەی حەساسیەتیان بە کیوی یان بەو میوەیانەی کە وەک کیوی وان هەیە، پێویستە خۆیان لە خواردنی بەدوور بگرن، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی خورانی قوڕگ، ئاوسانی لێو، یان کێشەی پێست.
هەروەها ئەو کەسانەی کێشەی گەدەیان هەیە وەکو گەڕانەوەی توندی گەدە، لەوانەیە دوای خواردنی کیوی تووشی دڵەکزە یان ناڕەحەتی ببن. ئەگەر دەرمانی تەنککەرەوەی خوێن بەکاردەهێنیت، باشتر وایە سەبارەت بە خواردنی کیوی ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت.
پوختەی بابەت
کیوی یەکێکە لە باشترین میوەکان بۆ بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری لەش و باشترکارکردنی کۆئەندامی هەرس و تەندروستی پێست و تەنانەت کۆنترۆڵکردنی کێشیش، بەهۆی ئەوەی ڕیشاڵی بەرز و ڤیتامین سی و دژە ئۆکسێنەر و کانزا گرنگەکانی تێدایە. سەرەڕای ئەم هەموو تایبەتمەندییە بەنرخانە، ڕەنگە بەکارهێنانی بۆ هەندێک کەس نەگونجێت و پێویستە بە وریاییەوە بەکار بهێنرێت.
بە گشتی سوودەکانی کیوی ئەوەندە بەرفراوانن کە دانانی لە ژەمی خۆراکی ڕۆژانەدا یارمەتیدەرێکی زۆرە بۆ تەندروستی لەش. بەس دەبێ بە ڕێژەیەکی مامناوەند و بە لەبەرچاوگرتنی باری جەستەیی خۆت بیخۆیت.
No Comment! Be the first one.