چاویارنیوز – یەکێتیى ئەورووپا قەدەغەی سەر گەشتەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ ماوەی شەش مانگی دیكە درێژ كردەوە. بەنگین ڕێكانی كە ماوەی یەك ساڵە كراوە بە سەرۆكی دەسەڵاتی فرۆكەوانیی مەدەنیی عێراق، تۆمەتبار دەكرێت بەوەی “سەرباری پێدانی دەسەڵات و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر و ئەنجامانى چەندین گرێبەست کە هەندێکیان گومانى گەندەڵییان لەسەرە”، نەیتوانیوە مەرج و داواكارییەكانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ هەڵگرتنی سزاكە جێبەجێ بكات.
كاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكانی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت “درێژکردنەوەى سزاکە لەسەر ڕاپۆرتی پشكنەرانی ئەورووپی بووە. تا شەش مانگی تر هیچ فڕۆكەیەكی عێراقییە ناتوانێ گەشتی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەبێت”.
وەکوو ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ماوەیەكی زۆرە هەموو گەشتێكی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ وڵاتانی ئەورووپا قەدەغە كراوە، بەهۆی نەبوونی “مەرجەكانی سەلامەتی، پابەندنەبوون بە ڕێنمایی و پێوەرە جیهانییە كارپێكراوەكانی فرۆكەوانیی مەدەنی، خراپیی فڕۆكەخانەكان و كۆمەڵێ هۆكاری دیکە”.
لە ڕۆژی 24-06-2024، بە فەرمانێكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەنگین ڕێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانییەكان لەسەر پشكی پارتی، پۆستی سەرۆكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراقیشی پێ درا.
كاروان یاروەیس دەڵێت “ڕاسپاردنی بەنگین ڕێكانی وەكوو سەرۆكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراقی بە وەكالەت لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە، بۆ ئەوە بوو تا بتوانێ هەموو مەرج و داواكارییەكانی یەكێتیی ئەورووپا جێبەجێ بكات، تا سزای سەر عێراق هەڵبگرن”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكانی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت “سەرباری پێدانی دەسەڵاتێكی زۆر لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە بۆ بەشی زۆری گرێبەست و پرۆژەكانی كەرتی فڕۆكەوانیی مەدەنی و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر و ئیمزاكردنی گرێبەستی جۆراوجۆر، كەچی عێراق شكستی هێنا لە ڕازیكردنی پشكنەرانی ئەورووپا بۆ هەڵگرتنی سزای قەدەغەی گەشتەكانی هێڵی عێراقییە”.
كاروان یاروەیس ئاماژە بەوە دەكات، پێشتر چەند جارێك بە نووسراوی فەرمی و واژووی دەیان پەرلەمانتار، سەرۆكوەزیرانی عێراقیان لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە “خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی” لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراقیدا هەیە، دوانووسراویشیان لە ڕۆژی 03-05-2025 ئاراستەی سوودانی كردووە.
هەروەها ئەندامەكەی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكانی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە هەندێك لەو گرێبەستە “سەدان ملیۆن دۆلار”ییانەی كە بەنگین ڕێكانی ئەنجامی داون، لەلایەن دەستەی دەستپاكی و پەرلەمانەوە لێكۆلینەوەیان لەسەر دەكرێت.
كاروان یاروەیس دەشڵێت “درێژكردنەوەی سزاكان لەلایەن یەكێتیی ئەورووپاوە، كاریگەریی لەسەر ناوبانگی عێراق دەبێت، لەكاتێكدا ساڵانی ڕابوردوو هێڵی ئاسمانیی عێراقیە یەكێك لە هێڵە باشەكان لە جیهاندا بووە”.
No Comment! Be the first one.