چاویارنیوز – سێ ڕۆژە گفتوگۆکان هەولێر و بەغداد دەستی پێکردووەتەوە و سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن لەزاری بەرپرسانەوە باس لە نزیکی لایەنەکان دەکەن.
سەرچاوەیەکی سەر بە حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، هەرێم قایل بووە بە رادەستکردنی نیوەی داهاتی نانەوتی و ٢٨٠ بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بە بەغداد و لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق بەزوویی بریار لەسەر ناردنی مووچەی هەرێم بدات.
هەرچی لە بارەی پرۆسەی تەوتینیشەوە کە تائێستا عێراق جەختی لەسەر دەکاتەوە، لە ریزبەندی خوارەوەی کارەکانی حکومەتی هەرێمە و وەفدەکانی هەرێم داوا دەکەن گفتوگۆکانی تەوتین بخرێتە پاش ناردنی مووچەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان باس لەوە دەکات، ئەگەر هەرێم بە مەرجەکانی بەغداش قایلبێت و پارە و نەوت ڕادەست بکات، ئەوا کێشەی مووچەی هەرێم چارەسەر نابێت، چوونکە پشکی هەرێم لە بودجە کۆتایی هاتووە و تائێستاش هیچ ڕێگەیەک بۆ چارەسەری ئەو گرفتە نەدۆزراوەتەوە.
پێشتر عێراق ڕایگەیاند پشکی مووچەی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٥ کۆتایی هاتووە و بەمەش مووچەی ٨ مانگی مووچەخۆرانی هەرێم لە چارەنووسێکی نادیاردایە و تائێستاش چارەسەری پێویستیش نەکراوە.
پێدەچێت هەرێم پەنا بباتە بەر قەرزکردن، لە حکومەتی عێراق و بەمەش حکومەتی هەرێم زیاتر دەچێتە ژێر قەرزەوە.
No Comment! Be the first one.