چاویارنیوز _ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە: ماددەی حەوتی دەستوور بەعسی قەدەغەکردووە و رێگریی دەکات لە گەڕانەوەیان بۆ ژیانی سیاسی لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێکدا بێت. ئینتیما بۆ ئەو حیزبە تاوانە.
مالیکی باس لەوەدەکات: یاسای ریشەکێشکردنی بەعس و دروستکردنی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەوەری لایەنی پەیوەندیداری دۆسیەی بەعسییەکانە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕوونیدەکاتەوە: بەپێی یاسا رێگە بە خۆکاندیدکردن، یان بەشداریی کردنی بەعسییەکان لە پرۆسەی سیاسی نادرێت، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری تەنها دەستەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو لایەنی جێبەجێکاریشە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و دەستور. بڕیارەکانی پابەندکارە و هیچ لایەنێکی سیاسی، حکومی و یاسادانان ناتوانێت دەستوەردانی تێدا بکات.
ڕاشیگەیاندووە، هەر هەوڵێک بۆ کارئاسانی یان چاوپۆشی مانای کردنەوەی دەرگایە بۆ دزەکردنە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، گەڕانەوەی بیری بەعس لە رێگەی کەناڵەکانی یاسادانان، ئاسایش و ئابوری هەڕەشەیەکی راستەوخۆیەوە لەسەر رێڕەوی دەوڵەتی دیموکراتی، بێ بەهاکردنی قوربانیدانی ئەو عێراقیانەیە کە دژی ستەمکاریی وەستانەوە و باجی قورسیاندا لە پێناو عێراقێکی نوێدا.
ناوبراو داوا دەکات، هاوشانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بوەستنەوە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بەبێ هیچ لەمپەر و فشارێک، ئەگەر دەرکەوت هەر کەسێک دزەی کردوەتە ناو پەرلەمان یان دەوڵەت و پێشتر ئینتیمای بۆ حیزبی بەعس هەبووە، پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئێستای یان ئەو رێگەیەی پێی گەیشتوەتە ئەو پۆست و بەرپرسیارێتییە.
لە راگەیەندراوەکەدا نوری مالیکی پارێزگاریی کردن لە پیس نەبوونی پرۆسەی سیاسی بە بەعسییەکان نەک تەنها بە ئەرکێکی دەستوری و نیشتیمانی دەزانێت، داوا دەکات لە هیچ دۆخێکدا سازشی سیاسی نەکرێت لەسەر خوێنی عێراقییەکان و ئایندەی وڵاتەکەیان.
No Comment! Be the first one.