چاویارنیوز _ بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزاراتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کێشە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) دیناری لەکۆی تەمویلی مووچە نەناردووە و ئەمە دەقی راگەیەنراوەکەیە:
دوا نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ( ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) بڕی ( ٩٣١،٢٥٧،٠٠٠،٠٠٠) نۆ سەدو سی و یەک ملیارو دووسەدو پەنجاو حەوت ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
تێبیبی؛ لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و ئەو کێشەو گیرو گرفت و بیانوانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) سی و شەش ملیارو سێ سەدو شەست ملیۆن و هەشت سەدو شەست و چوار هەزار دیناری لەکۆی تەمویلی مووچە نەناردووە کە بریتییە لەشایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی کە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین کراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە،( واتە ئەو خانەنشینانەی کە لەمانگی یەک داخڵی لیستی مووچە کرابونەوەو پێویست بوو چەند مووچەیەک پێکەوە وەرگرن، لەبەغداوە تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە کە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەکانمان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەپەیوەندی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەو خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا) .
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری
١٠ / ٢ /٢٠٢٦
لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو راستی و دروستی تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڵاوکردۆتەوەو ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکە:
وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەو بانگەشانە ڕووندەکاتەوە کە لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هاتووە سەبارەت بە بوونی کورتهێنان لە تەمویلی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ.
وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە ڕێکارەکانی تەمویلکردن لەسەر بنەمای ڕێڕەوە یاسایی و داراییە پەیڕەوکراوەکانی دەوڵەتی عێراق ئەنجامدراون؛ بە شێوەیەک بڕە پارەکان بەپێی ڕێنمایی خەرجکردنی (1/12)ی پەسەندکراوی یاسایی خەرجکراون، کە بڕیار دەدات تەمویل بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە خەرج بکرێت کە ناویان تۆمارکراوە و بە کردەیی لەو لیستانەدا هەن کە لای وەزارەت پەسەندکراون.
وەزارەت ڕوونی دەکاتەوە کە هەر بڕە پارەیەکی زیادە یان جیاوازییەکی دارایی کە وەک شایستەی مانگەکانی پێشوو کەوتووەتە ئەستۆ، ناکرێت لە چوارچێوەی میکانیزمی خەرجکردنی ئێستادا سەرف بکرێت، چونکە پێویستی بە داپۆشینی یاسایی و تەرخانکردنی دارایی دیاریکراو هەیە، ئەمەش بە شێوەیەکی ئوسوڵی لە کاتی ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2026 خەرج دەکرێت.
لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵ پابەندە بە خەرجکردنی مووچە بۆ شایستەکانی لە سەرتاسەری وڵاتدا، جەختیش دەکاتەوە کە پابەندبوون بە دەستوور و یاسا پێویستی بە وردی هەیە لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و دوورکەوتنەوە لە زمانی گرژی یان دۆزینەوەی بیانوو؛ چونکە تیمە تایبەتمەندەکان بەپێی پێوەرە پیشەییەکان کار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی گەیشتنی تەمویلە داراییەکان بەبێ دواکەوتن و تەنها لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییە بەردەستەکاندا.
وەزارەتی دارایی
ڕاگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکان
10ی شوباتی 2026
No Comment! Be the first one.