یەکێتی دەبێ تەرکیزی لەسەر سەرۆکایەتیی حکومەت بێت، نەک سەرۆکایەتیی هەرێم
چاویار ـــ ڕێبوار کەریم وەلی لە نووسینێکدا بە ناوی “یەکێتی راست دەکات؟” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە؛ یەکێتی لەم قۆناغەدا، ئەگەر کەمێک لە سیاسەتی تاڵەبانیی باوک تێگەیشتبن، دەتوانن مانۆڕی...
چاویار ـــ ڕێبوار کەریم وەلی لە نووسینێکدا بە ناوی “یەکێتی راست دەکات؟” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە؛ یەکێتی لەم قۆناغەدا، ئەگەر کەمێک لە سیاسەتی تاڵەبانیی باوک تێگەیشتبن، دەتوانن مانۆڕی گەورە و کاریگەریان هەبێ.
ناوبراو لەم نووسینەدا کە لە درێژەدا هاتووە؛ “داوا کردنی یەکێک لە دوو پۆستە سیادییەکان، هەڵەیەکی ستراتیژییە، بە پێچەوانەوە یەکێتی ئەگەر راست دەکات دەبێ تەرکیزی لەسەر یەک پۆست بێت کە ئەویش سەرۆکایەتیی حکومەتە نەک سەرۆکایەتیی هەرێم.”
وتارەکە؛
گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوفڵی خواردووە.
سەبەب؟
پارتی دەڵێ یەکێتی داوای پەنجا بە پەنجا دەکات و دەیەوێ یەکێتی ملکەچی هەشتا بە بیستەکەی ئەو بێت!
ئەوەی خۆم بۆخۆم و، ئەوەی تۆش دەخۆم…
تاڵەبانیی باوک دووجار، جارێکیان لە 2007 کە دەبوایە حکومەت بۆ دوو ساڵ رادەستی یەکێتی بکرێ گوتی کاندیدی ئێمە بۆ ئەو پۆستە هەر نێچیرڤان بارزانییە و، جارێکی دیکەش کاتێک دکتۆر بەرهەم وەک سەرۆکی حکومەت لە ئەمریکا بوو، خەبەریان پێدا کە مام جەلال حکومەتی تەسلیمی نێچیرڤان بارزانی کردۆتەوە.
مام جەلال دەیزانی چۆن بە کەمترین جوڵە، گەورەترین بەرژەوەندی بۆ حزبەکەی دروست بکات، ئەوێ رۆژێ نیچیرڤان بارزانی زیاتر لە خۆیان پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەوان بوو.
یەکێتی لەم قۆناغەدا، ئەگەر کەمێک لە سیاسەتی تاڵەبانیی باوک تێگەیشتبن، دەتوانن مانۆڕی گەورە و کاریگەریان هەبێ.
داوا کردنی یەکێک لە دوو پۆستە سیادییەکان، هەڵەیەکی ستراتیژییە، بە پێچەوانەوە یەکێتی ئەگەر راست دەکات دەبێ تەرکیزی لەسەر یەک پۆست بێت کە ئەویش سەرۆکایەتیی حکومەتە نەک سەرۆکایەتیی هەرێم.
بۆ؟
یەکەم: یەکێتی دەتوانێ بڵێ ئێمەش پشتیوانی لە مانەوەی نێچیرڤان بارزانی دەکەین بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەو پۆستە لە دانوستانی دابەشکاری دەربێنێت.
دووەم: دەبێ پارتی بخرێتە بەردەم هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و، ئەویش دوو ساڵ بە دوو ساڵ. ئینجا دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیی حکومەتیش بۆ یەکێتی.
ئەوە دەبێتە راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانیی تاکڕەوانەی مەسرور بارزانی و بەرزەفتکردنی سەرکێشییەکانی.
ئەگەرنا پچڕاندنی یەکدوو وەزارەت لە پارتی گەوجاندنی خەڵکە.
No Comment! Be the first one.