چاویارنیوز _ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ڕووداوێکی شۆکهێنەر بوو و پێشێلکردنی هەموو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان بوو”، بەو پێیەی ئیسرائیل سنووری بەزاندووە بۆ سەر وڵاتێکی دەستەخوشکمان و هەڕەشەیەک بوو بۆ سەر ئاسایشی هەموو وڵاتانی ناوچەکە، کە جەخت لەسەر ڕێبازی دەستدرێژیکارانەی حکومەتی تاوانکاری ئیسرائیل دەکاتەوە.
وتیشی: ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بۆ وڵاتانی ئیسلامی” گرنگە و هیچ شتێک نییە ڕێگری لەوە بکات کە وڵاتانی ئیسلامی هاوپەیمانییەک لە شێوەی هێزێکی ئەمنی هاوبەشیان بۆ بەرگری هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی چەندین کارتیان هەیە کە دەتوانن وەبەرهێنانیان تێدا بکەن بۆ وەستان دژی دەستدرێژیی ئیسرائیل کە لە قەتەر ناوەستێت و ئامانجی تری هەیە، چونکە حکومەتی ئیسرائیل هەموو شتێکی بە کەم زانیوە و ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لەناوبردنێکی سیستماتیکە.
چاوەڕوان دەکرێت سوودانی لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بگاتە قەتەر بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی نائاسایی دەوحە کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی تێیدا ئامادە دەبن بۆ هەماهەنگیکردنی “وەڵامێکی هاوبەش” بەرامبەر بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر و هەروەها فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی لە سووریا و لوبنان و غەززە و هەوڵەکانی بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژاوا و داگیرکردنی غەززە و ئۆپەراسیۆنەکانی تر کە ڕەنگە عێراقیش بخاتە مەترسییەوە.
عێراق، داوای “هاوپەیمانییەکی سەربازیی ئیسلامی” دژی ئیسرائیل دەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای “هاوپەیمانییەکی سەربازیی ئیسلامی” کرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکان بۆ ڕاگەیاندنی چالاککردنی “ناتۆی عەرەبی” کە میسر نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر پێشنیاری کردبوو و چاوەڕوان دەکرێت لە لووتکەی نائاسایی عەرەبی ئیسلامی لە دەوحە، ڕۆژانی یەکشەممە و سبەی دووشەممە، چالاککردنی، ڕابگەیەنرێت.
	
	    
                
								
No Comment! Be the first one.