چاویارنیوز – ئەندامێکی رەوتی حیکمە باس لەوەدەکات: پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە دوای ساڵی 2003، لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان کوردو پێکهاتەی شیعە بونیاتنرا، بۆیە دەبێت هەموو هێزەکان دەست بەم پەیوەندییە مێژووییەوە بگرن.
د.محەمەد حیسام لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی، دەڵێت: ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە ساڵی 2014ـهوه تائێستا بەردەوامی هەیە، کاتێک حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و هەرێمی بە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنە سیاسی و ئابورییەکان تۆمەتبارکرد.
باس لەوەشدەکات: ساڵی 2014، هەرێمی کوردستان “ئابووری سەربەخۆ”ـی ڕاگەیاند و لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی عێراق موچەی موچەخۆرانی بە لێبڕینەوە دابەش دەکرد، بەڵام دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە مانگی 3ـى ساڵی 2023، هەرێم بە ناچاری گەڕایەوە بۆ گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵ عێراق.
دەڵێت: لە ئێستادا حکومەتی عێراق لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە “گەمارۆی ئابووری خستنەسەر هەرێم” تۆمەتبار دەکرێت، لەکاتێکدا بەرپرسانی عێراقیش هەرێم بە ڕادەست نەکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ تاوانبار دەکەن.
ئاماژە بەوەشدەکات: دەبێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ڕێگەی تەکنیکی و دوور لە گوتاری سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن چارەسەر بکرێن، ڕاستە هەندێک هێزی سیاسی دەیەوێت زۆر مەسەلەی گرێدراو بە هەرێم بۆ ئامانجی هەڵبژاردن بەکاربهێنن، ئەمەش لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی هەندێک دروشم، بەڵام ئێمە ئەمە ڕەتدەکەینەوە.
جهخت لهوهشدهكاتهوه “برایانی کورد هاوبهشى سەرەکین و نابێت بەمجۆرە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، دەبێت کێشەکان بەڕێگەی تەکنیکی چارەسەر بکرێن بەجۆرێک ماف و موچەی خەڵکی کوردستان گەرەنتی بکرێت.
No Comment! Be the first one.