چاویارنیوز _ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم چەند رێنماییەکی بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز بڵاوکردەوەو دەڵێت: دیاریکردنی یەکەم رۆژ و کۆتا رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز، تەنیا لەلایەن لیژنەی باڵای بینینی مانگەوە لەناو وەزارەت دیاریدەکرێت.
راشیگەیاندووە، لەم مانگەدا داوا لەتەواوی مزگەوتەکان دەکەین، پابەندییەکی تەواویان بە ئیمساک و خشتەکانی کاتی بانگدانەوە هەبێت، هاوکات هەر کەناڵێکی راگەیاندن یان لایەنێک زانیاریی نادروست لەبارەی رێکەوتی دەستپێکردن یان کۆتاییهاتنی مانگی رەمەزان بڵاوبکاتەوە، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە دەرەنجامە یاساییەکان.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکەی ئەوقاف، پێویستە وتارەکانی دوای نوێژی عەسر لە 20 خولەک زیاتر نەبێت و تەنیا لەلایەن مامۆستای رەسمیی مزگەوتەکەوە پێشکەش دەکرێن. ئەوقاف 10 شەوی کۆتایی مانگی رەمەزانی دیاریکردووە بۆئەوەی دەرگای مزگەوتەکان بۆ عیبادەت کراوەبن. تەنیا پێشنوێژ و وتارخوێنی رەسمیی مزگەوت بۆی هەیە مەراسیمە ئایینییەکان و نوێژی تەراویح ئەنجام بدات.
ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە پابەندبوون بەو فەتوایانە هەبێت کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای فەتواوە بۆ دیاریکردنی نیسابی زەکات و بڕی سەرفیترە و فیدیە دەردەچن. چێشتخانە، کافتریا، دووکان و بازاڕەکان راسپێردراون کە رەچاوی پیرۆزیی مانگی رەمەزان بکەن و هەستی رۆژووەوانان بپارێزن. هاوکات لە دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتدا، لە ماوەی ئەم مانگەدا هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک پێشکەش ناکرێت.
هەرچی کۆتایی پەیامەکەی ئەوقافە کەناڵەکانی راگەیاندن ئاگاداردەکاتەوە کە تایبەتمەندیی مانگی رەمەزان لەبەرچاو بگرن. بۆ بابەت و بەرنامە ئایینییەکان، تەنیا رێگە بە میوانداریی مامۆستایانی ئایینیی فەرمی و کەسانی پسپۆڕ دەدرێت تا زانیارییەکان بە وردی و دروستی بگاتە هاووڵاتیان. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی مزگەوتەکان و پشکنین چاودێریی جێبەجێکردنی کۆی ئەم 17 ڕێنماییە دەکات کە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان نێردرا
ئەوقاف 17 رێنمایی بڵاوکردەوە
بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم کۆمەڵێک رێنمایی بڵاوکردەوە داواکاریشی لە مزگەوتەکان کردووە پابەندی ئیمساک بن.
No Comment! Be the first one.